الأحد، 7 أغسطس 2011

نەزانی بەهرەیە؟

نەزانی بەهرەیە: پەندێكی ئینگلیزییە، زۆربەی كات لەو حاڵەتانەدا بەكاردێت بۆ تاك كە نایەوێت دەربارەی راستییە تاڵەكەی خۆی بزانێت و بەوشێویە مێشكێكی سافی هەیە، ئەمەش كاتێك راستە كە كاری ئەو كەسە بڵاوكردنەوەی زانیاری نەبێ.

نەزانی بەهرەیە كاتێك تۆ بەتەنیابیت و زانیارییەكانیش تەنیا پەیوەندیان بە تێبینی كەسانیترەوە هەبێ بەرامبەر تۆ، بەڵام ئەگەر تۆ بەتەنیا نەبی، یان زانیارییەكە پەیوەستبێ بە داهاتووی گرووپێكی خەڵكەوە، بۆنموونە نەتەوەیەك و ئەو زانیارییەش بەرپرسیارێتی ئەو كەسانەبێ كە كاریان بڵاوكردنەوەی زانیارییە، ئەوكاتە دەبێتە كێشە، كێشەیەكی جیدیش.
لە دەرئەنجامیشدا نەتەوەیەكی نەزان دروستدەبێ و بەهۆی ئەمەشەوە بیرۆكە و روانگە و بڕیاری هەڵەیان لەلا دروستدەبێ بۆ داهاتووی خۆیان.
ئێمە زۆربەی كات وەك رۆژنامەنووس یان هاووڵاتییەكی ئاسایی، ناڕەزاییەكی رەوامان هەیە، دەربارەی ئەوەی كە دەسەڵاتداران زانیاریمان پێ نادەن، بەڵام راستییە تاڵەكە ئەوەیە كە زۆربەی كاتەكان كە زانیارییەكانیشمان لەپێشە، ئێمە نازانین چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بكەین یان چۆن پشتڕاستیان بكەینەوە یان لێیان تێبگەین.
زۆربەی كاتەكان، بەرپرسان دەڵێن كاتێك چاوپێكەوتن سازدەكەن لەگەڵ رۆژنامەنووسێكی خۆماڵیدا، زۆر بیری لێدەكەنەوە پێش ئەوەی چاوپێكەوتنەكە ئەنجامبدەن. گلەیی سەرەكی ئەوان ئەوەیە كە رۆژنامەنووسان بەتەواوی لە مەسەلەكان ناگەن یان ‌حاڵی نابن و بەوهۆیەشەوە بە هەڵە راپۆرتی لەبارەوە دەكەن.
ئەمەش زۆر روون و ئاشكرابوو كاتێك هەفتەی رابردوو هەندێك لە میدیاكانمان راپۆرتێكیان بڵاوكردەوە كە گوایە حكومەتی بەریتانی پشتیوانی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی دەكات. ئەمەش لەدوای ئەوە هات كە كوردێكی دڵسۆز (هەرێم كەریم) لە ماڵپەڕێكی حكومی بەریتانی، هەڵمەتێكی دەستپێكرد كە داوای لە حكومەتی بەریتانی كردووە پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی بكات. ئەمە هەنگاوێكی زیرەكانەیە لەلایەن ئەو كوردەوە كە مەرجی ماڵپەڕەكەی خوێندبووەوە و توانی درزێكی كوردی لەو سیستەمەدا بكاتەوە.
بەڵام میدیای ئێمە یەكسەر بڕیاریدا كە حكومەتی بەریتانی پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی دەكات! ئەوان تەنیا پێویستبوو سەردانی ماڵپەڕە فەرمییەكە بكەن و بچنە نێو هەڵمەتەكە و نووسینەكانی لاپەڕەی سەرەكی نێو ماڵپەڕەكە بخوێننەوە:
"هەڵمەتی ئەلیكترۆنی چییە؟ هەڵمەتی ئەلیكترۆنی رێگەیەكی ئاسانە بۆ تۆ كە كاریگەریت لەسەر سیاسەتەكانی حكومەت هەبێ لە بەریتانیا. دەتوانی هەڵمەتێكی ئەلیكترۆنی دروستبكەی دەربارەی هەر شتێك كە حكومەت لێی بەرپرسیارە و ئەگەر توانیت نزیكەی 100 هەزار ئیمزا كۆبكەیەوە، ئەوا رێگەپێدراوە كە لەنێو هۆڵی پەرلەمانی بەریتانی گفتوكۆی لەسەر بكرێت".
ئەم هەنگاوە ئاسانە كە پراكتیزەیەكی ستانداردییە بۆ هەر رۆژنامەنووسێك لە جیهاندا، لەلایەن زۆربەی رۆژنامەنووسەكانی خۆمانەوە لەبیركرا. ئەمەش ئاماژەیەكە بەوەی كەموكورتییەكی مەترسیدار هەیە لەسەر ئاستی رۆژنامەنووس و میدیاكەمانەوە،كە ئەویش نەبوونی زانیاری گشتی و ئاگاییە لەلایەن رۆژنامەنووسەكە و هەروەها دەستنەگەیشتن بە جیهانی دەرەوە.
هەر كاتێك ئێمە لە ئەنستیتۆی رۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی IWPR كۆرسێكی راهێنان دەكەینەوە، زۆربەی كاتەكان بەم ئاگادارییە دەستپێدەكەم: ئەگەر پێتوایە ئەم كۆرسەی ئێمە دەتكاتە رۆژنامەنووس، ئەوا كاتی خۆت بەفیڕۆ مەدە، بۆ ئەوەی ببیتە رۆژنامەنووس دەبێ ئەم تایبەتمەندییانەی خوارەوەت تێدابێ: 1-وریایی: دەبێ هەست بە هەواڵی خراپ و باش بكەی و بزانی راستە یان چەوت. 2- بوونی زانیاری گشتی كە شتێك لەبارەی هەموو شتێكەوە بزانیت. ئەم دوو پێشمەرجە وات لێدەكات كە بزانی ئەو زانیاریەی تۆ هەتە راستە یان چەوت یان شیاوی ئەوەیە بیبەخشیتە خەڵك یان نا. ئەوكات كەسێك دەتوانێ بەشداری كۆرسی رۆژنامەنووسی بكات یاخود وەك رۆژنامەنووس كار بكات.
بەداخەوە، راپۆرتەكەی هەفتەی رابردوو، لەهەردوو مەرجەكە، دەرنەچوو. بەپێی واقعیەتی ئێستاكە، بەهیچ شێوەیەك حكومەتی بەریتانی پشتیوانی دەوڵەتێكی كوردی ناكات بۆ كورد، هەڵمەتێكیش دەست پێ ناكات بۆ پشتگیریكردنی. پێویستبوو ئەو رۆژنامەنووسانەی راپۆرتەكەیان نووسی، زیاتر ئاگاداربوونایە.
ئەگەر تەماشای بارودۆخی هەرێمەكەمان بكەی، دەبینین كە زانین و ئاگادارییەكی زۆرزیاترمان پێویستە، تاوەكو رێگری لە دووبارەبوونەوەی رووداوی وابكەین. یەكێك لە ئاستەنگە گەورەكانی بەردەمیشمان زمانە بەتایبەتیش نەوە نوێیەكەمان كە ئەمڕۆكە رۆژنامەنووسن و سبەینێ دەبنە درووستكەری رای گشتی لە كۆمەڵگەكەماندا كە ناتوانن لەسەر بنەمای نەزانی بەهرەیە، بژین یان كار بكەن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق