الأحد، 14 أغسطس 2011

وانەیەك لە لەندەنەوە

كاتێك لە تەلەڤزیۆنەوە تەماشای رووداوە ئاژاوەگێڕی و تاڵانكارییەكەی لەندەنمان دەكرد، یەكەم پرسیارمان ئەوەبوو كە پۆلیس لەكوێیە؟ ئیتر چۆن رێزیان لێدەگیرێت یان حیسابیان بۆ دەكرێت، ئەگەر ئەوان تەنیا تەماشا‌كەربن و هیچ نەكەن لەكاتێكدا پایتەخت دەسوتێنرێت و تاڵان دەكرێت.

كوردێكی دانیشتووی لەندەن دەیگوت "پێویستە ئەوان لە ئێمەوە فێرببن". یەكێكی دیكە گوتی: "پێویستە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا داوای یارمەتی لە كورد بكات و ئەوانیش هێزی تایبەتیان بۆ بنێرن و لە ماوەی چەند كاژێرێكدا بارودۆخەكە هێور دەبێتەوە".
بەڵام ئێستا بارودۆخەكە جیاوازە و پۆلیسی بەریتانی وانەیان بە زۆر لا دا‌. وانەكەش ئەوەیە كە كاتێك سیستەمت هەبێت بەدەگمەن هەڵە روودەدات.
كاتێك رووداوەكان دەستیان پێكرد، زۆر كەس داوای دەكرد كە دەسەڵاتداران و پۆلیس بەشێوەیەكی تووند هەڵسوكەوت بكەن بۆ راگرتنی ئاژاوەگێڕییەكان و تاڵانكارییەكان.
هەندێكیان داوایاندەكرد ئاو بەكاربێت یان فیشەكی لاستیكی یان بڕیاری قەدەخەكردنی هاتووچۆ بدرێت، یاخود هێز بهێندرێت بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە.
بەڵام وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند كە بەپێچەوانەی وڵاتانی دیكە، نەریتی پۆلیسی بەریتانی ئەوە نییە كە پشت بەو میتۆدانە ببەستێت. كاربەدەستانیش ترسی ئەوەیان هەبوو كە ئەو كارە پەیامی لەدەستدانی كۆنترۆڵی وڵاتەكە بگەیێنێ، وڵاتێك كە هەرگیز نەیویستوە بە سەربازی بكرێ و لە هەمانكاتدا كارێكی وا هێمای بارودۆخێكی مەترسیدار بەرزدەكاتەوە یان مەترسی ئەوە دەبێت كە پۆلیس سنووری خۆی ببەزێنێ‌.
ئێستاكە لەگەڵ دەستپێكی هەڵمەتی دەستگیركردن و دادگاییكردنی ئەوانەی كە تۆمەتباركراون بە بەشداریكردن لە ئاژاوەگێڕییەكان و ئاشكراكردنی ناوەكانیان و بڵاوكردنەوەی وێنەكانیان و لەهەمان كات لێكۆڵینەوەی كوشتنی پۆلیس بۆ گەنجێك بەردەوامە، بارودۆخەكە هێورترە و زیاتر لەژێر كۆنترۆڵدایە.
ئەو پەیامەی كە ئەوان بە جیهانیان گەیاند ئەوەبوو كە پابەندبوون بە پرۆسە زۆر گرنگترە لەكردەوەی تووند یان سنووربەزاندن یاخود رۆڵی تاكەكەس لەكاتی دروستبوونی قەیراندا. سەلماندیان كە پۆلیسی بەریتانی بەرهەمی چەندین ساڵ كاری پرۆفیشناڵییە لە پێگەیاندنی خەڵك و سیستەم. كاتێكیش رووبەڕووی تاقیكردنەوە بووەوە، توانی بەسەریدا زاڵ بێت.
لە هەمانكاتدا گفتوگۆیەكی دیكە هەبوو كە ئایا سیاسەتمەداران ئاژاوەگێڕییەكەیان كۆنترۆڵ كرد یان پۆلیس و رای گشتی ئەوەبوو كە پۆلیس بارودۆخەكەی هێوركردەوە نەك سیاسەتمەدارەكان.
ئەگەر بەراووردی رووداوەكانی خۆمان و بەریتانیا بكەین، دەبینین كە ئەوانەی ئێمە زۆر هێمنتر و رێكوپێكتربوون لەوانەی بەریتانیا، لە هەمانكاتدا زۆر سەربازیتر لەوانەی لەندەن رووبەرووكرانەوە.
ئێستا لە لەندەن، لەگەڵ هەر دەستگیركردنێك و دادگاییكردنێكی نوێ و لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر رۆژێكیش بە بێ كێشە متمانەی خەڵك بە سیستەمەكەیان زیاتر دەبێت.
سەبارەت بە ئێمەش، هێشتا چەندین پرسیاری وەڵامنەدراوە لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئێمە ماون كە پێویستە دەسەڵاتداران و سیاسەتمەداران وەڵامی بدەنەوە. چی روویدا؟ ئاژاوەگێڕی بوو؟ خۆپیشاندان بوو؟ ئایا لێكۆڵینەوە لە كوشتنەكان چی بەسەر هات؟ ئەی ئەو شوێنانەی تێكدران و سووتێندران؟ تاوەكو ئەم پرسیارانە بە وەڵامنەدراوی بمێننەوە، متمانەی خەڵك كەمتر دەبێت لەبارەی توانای دەسەڵاتدارانمان بۆ دانانی سیستەمێك كە بتوانێ رووبەڕوی قەیران ببێتەوە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق