الاثنين، 6 يونيو 2011

میدیا و دەسەڵات و چەپڵەی ناوزڕاندنی یەكتری

هەر چەند مانگ جارێك خەلكی كوردستان و چاودێرانی ناوخۆ و بیانی، گوێیان لە سكانداڵێكی دیكەی میدیایی دەبێ كە نێوبانگی هەرێمەكە و دەسەڵاتەكەی و میدیاكەی وەك یەك لەكەدار دەكات. بەرپرسیارێتی ئەمەش وەك چەپڵە دەگەڕێتەوە بۆ هەردوولا: دەسەڵات و میدیا.
میدیا شارەزای دەسەڵاتە، بەڵام دەسەڵات تائێستا نازانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ میدیا بكات و لە زۆربەی كاتەكاندا رێك ئەوە دەكات كە ئەو رۆژنامەنووسەی بەدوای ناسین و نێوبانگ دەگەڕێت دەیەوێت.
عەزیەتدانی رۆژنامەنووسان لەسەر جادە خەریكە دەبێتە خوی كارمەندانی پۆلیس و ئاسایش. ئەوەش دیاردەیەكی زۆر ترسناكە و ئەگەر زوو رێگەی لێنەگیرێ، زۆر بە زەحمەت دەڕوات و وردە وردە خەلكی ئاسایی دەبنە دووژمنی رۆژنامەنووسان.
لە زۆربەی ئەو راپۆرتانەی كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەینووسن، خراپی مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان بووەتە سیمای هەڵسوكەوتی دەسەڵاتی كوردی. پەنابردنیشیان بۆ دادگا بە حەق و ناحەق زیاتر ئەو وێنەیەی هەرێمی كوردستانی ناشیرین كردووە. رەنگە كەسانێك پرسیاربكەن بۆ نابێ بڕۆین بۆ دادگا، تەنانەت كە تەشهیرمان پێ بكرێ؟ هۆكارەكەش بۆ دوو شتی سەرەكی دەگەڕێتەوە. یەكەم نەبوونی چوارچێوەیەكی یاسایی گونجاو كە لەگەڵ سەردەمی ئێستا بگونجێ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان. بۆیە ئەگەر رۆژنامەنووسێك كە تەنها لەم وڵاتەدا بە رۆژنامەنووس لە قەڵەم دەدرێت، ئەوپەڕی خراپەش بكات و ببرێتە دادگا لەسەر ئەوە، لەوسەر دەبێتە قارەمان و سیمبوولی ئازادی رادەربڕین. بەڵام ئەگەر سیستەمی یاساییمان لەباربووایە بۆ رۆژنامەگەرییەكی تەندروست و ئەمەش بە بوونی ئەوانەی خوارەوە دێتەدی: یاسایەك بۆ زامنكردنی ئازادی رادەربڕین بۆ هەمووان، یاسایەك بۆ زامنكردنی مافی وەرگرتنی زانیاری بۆ هەمووان لەگەڵ دەزگایەك یان كۆمیسیۆنێك كە لە كەسانی شارەزا و سەربەخۆ پێكبێ و تەنها بە پەرلەمانەوە بەسترابێتەوە بۆ رێكخستنی كاری رۆژنامەگەری بۆ رۆژنامەنووسان.
ئەو رووداوانەی چەند ساڵی رابردووش ئەوە دەسەلمێنن كە پێویستە یاسای كاری رۆژنامەگەری و ئەو بڕگانەی كە پەیوەستن بە ناوزڕاندن لە یاسای عێراق چاویان پێدا بخشێنرێتەوە.
بۆ نموونە: پێناسەكردنی ناوزڕاندن و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵی، بە یاسای عێراق یان بە یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان؟
ئاشكرانەكردنی سەرچاوەش بەداخەوە بووەتە هۆكارێكی دیكە بۆ رۆژنامەگەری خراپ لێرە. هەرچەندە لەكاتی ئامادەكردنی یاساكە خۆم یەكێكبووم لەو كەسانەی كە بەرگری زۆرمان لە پاراستنی ئەو مافە دەكرد، بەڵام ئێستا خەریكە ئەو قەناعەتەم لەلا دروستدەبێ كە بڕگەی وا بۆ رۆژنامەگەرییەكی زۆر بەرپرسیارترە لەوەی كە ئێمە هەمانە. ئەو مافە گرنگەی كە دەبێ بۆ كاری لێكۆڵینەوەی رۆژنامەگەری راستەقینە بەكاربێت لە زۆربەی كاتەكاندا بە مەبەستی ناوزڕاندن و هێرش و ئاژاوەنانەوە بەكارهاتووە بۆ پێكاندنی مەرامی سیاسی یان زێدە فرۆشی رۆژنامە و گۆڤار.
ئەم بارە ناتەندروستە یاساییە و نەبوونی دید و تێگەیشتنێكی دروست لەلایەن دەسەڵات و نەبوونی ئیرادەیەكی راستەقینە بۆ چاككردنی باری میدیا، وایانكردووە كە رۆژنامەگەری كوردی ببێتە سەكۆی هێرش و ناوزڕاندن لەلایەك و مەدح و ماستاویش لەلایەكیتر لەپێناو قازانجی ماددی یان سیاسی. زۆر بەدەگمەنیش دەبینین دەزگای راگەیاندن یان رۆژنامەنووس هەبێت كە بنەما پیشەییەكانی خۆی لەدەستنەدابێت و نەكەوتبێتە ژێر باری رۆژنامەگەری “سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرابكات و وتی:…”. 
ئەوەشی لەبیر نەچووبێ كە كاری ئەو خزمەتگوزاری دابینكردنی راستییەكانە بۆ خەڵك نەك ناوزڕاندنی و جنێودان بە دەسەڵات یان بە ئۆپۆزیسیۆن.
ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییەش دەسەڵاتێكی زۆر گەورە دەداتە راگەیاندن بەتایبەتی ئەگەر رەچاوكردنی بنەما پیشەییەكانی بەلاوە گرنگ نەبێ . لەبەرئەوەی لێپرسینەوەی یاسایی كێشەی سیاسی و میدیایی زۆرە، لێپرسینەوەی پیشەییش هەر نییە و رۆژنامەنووس ئەمڕۆ خۆی و خوای خۆی ئیشدەكات.
لە وڵاتانی پێشكەوتوو، كە خۆمان بەوان دەشوبهێنین، قسەی ناڕاست بۆ بەرپرسێك دروست بكەی، حەیات دەچێ و زۆر ئەگەری ئەوە هەیە ئیشەكەت لەدەستبچێ و ئەگەر سەرنووسەر نەبی، سەرنووسەرەكەت دەستی لەكار بكێشێتەوە. لە وڵاتی ئێمەدا دەبییە قارەمان.
خۆئەگەر بەرپرسێك یان كەسێكی دیكە قسە بە رۆژنامەنووسێك بڵێت یان دەعوای یاسایی لەسەر تۆمار بكات، حەقیشت بێ، دونیات لێ هەڵدەستێ و رۆژنامەكە دەبێتە سەكۆی هێرش لەسەر تۆ و ناشتوانی فریای وەڵامدانەوەی بكەوی.
بۆیە تاوەكو دەسەڵات چوارچێوەیەكی یاسایی و پیشەیی گونجاو نەهێنێتەدی، دەتوانی هەموو شتێك بە دەسەڵات بكەی، هەرچەند باش بێت، بەڵام بۆت نییە قسە لەسەر رۆژنامەنووسان بكەی، هەرچەند خراپ بن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق