الاثنين، 30 مايو 2011

كورد و گونجان لەگەڵ ئەمڕۆدا

هاتنی سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا جۆن مێجەر و قسەكانی كە لای سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران كردی وەبیرهێنانەوەیەك بوو بۆ بەراوردكردنی باری خراپی جارانمان لەگەڵ باری باشی ئێستامان، ئەگەر تەنها لەڕوانگەی وەزعی خۆمانەوە ئەو بەراووردكردنە بكەین.
ڕاپۆرتەكەی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ لەسەر باری رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین ئەوەشمان بیردەخاتەوە كە چیتر كورد ناتوانێ باری ئەمڕۆی بە دوێنێ لەچوارچێوەی كوردستاندا بەراورد بكات.
ئەم جۆرە بەراوردكردنە بۆ جاران دەبوو ، كاتێك كە هەرێمەكە دابڕاوبوو لە دەرەوە و بەراوردكردن لەگەڵ دەرەوە تەنها بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبوو كە كوردستان لە زۆر رووەوە كە پەیوەندی بە ئازادی تاك و رادەربڕین و چەند بەهایەكی دیكەوە هەبوو، لەوان باشتر بوو.
 بۆ راگرتنی باری تایبەتی كوردستان بە درێژایی مێژووی دوای راپەڕین، سەركردایەتی كوردی توانی وەزعی خۆی لەنێو زۆر فاكتەری هەرێمی و نێودەوڵەتی رابگرێ.
لە زۆربەی كاتە هەستیارەكاندا، سەركردایەتی كوردی (بەسەركردانەشەوە كە ئێستا لە ئۆپۆزیسیۆنن) توانیویەتی بە مانۆڕی سیاسی لەگەڵ یاریكەری دەرودراوسێ و نێودەوڵەتی خۆی لە گۆڕانكاری گەورە و مەترسیدار بپارێزێ و لەگەڵ هەر هەلێك یان پێشهاتێكی تازە توانیویانە تاوەكو رادەیەكی زۆر خۆیان بگونجێنن.
لە جێبەجێكردنی ئەو كارەش، سەركردایەتی كورد زیانی مەعنەوی زۆری پێگەیشتووە و زۆرجار تۆمەتباركراوە بە لەدەستدانی بنەما سەرەكییەكانی كوردایەتی و وڵاتپارێزی لە دەرئەنجامی پەیوەندی و دەستتێكەڵكردن لەگەڵ ئەنقەرە و تاران و بەغدا، ئینجا ئەگەر ئەو پەیوەندییانە لەسەر حسابی یەكتری بووبێ یان لەسەر حیسابی كوردی پارچەكانی دیكە بووبێ.
بەپێچەوانەی شۆرش و جوڵانەوەكانی دیكەی كورد لە رابردوودا كە زۆربەی كات دابڕاوبوون لە دونیا و لە دەوروپشتیان و نەیاندەتوانی دەستیان بە یاریكەرە سەرەكییەكان بگات، كورد لە سەردەمی پاش جەنگی سارد توانی ببێتە هاوپەیمانی زلهێزەكانی دونیا، لە كاتێكدا پەیوەندی لەگەڵ دەرودراوسێ بەشێوەیەكی گشتی خراپ نەبوو لە قۆناغی جیا جیای مێژووی پاش 1991 ی هەرێمی كوردستان تاوەكو رووخاندنی رژێمی سەددام و هاتنە كایەی عێراقێكی نوێ.
لەم قۆناغە نوێیەدا، عێراق بەكوردستانەوە بەسەر دونیا و ستانداردێكی دیكەی حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا كرایەوە : دیموكراسی و حوكـمڕانی باش كە زۆر بەها لەخۆ دەگرن. جاران دەكرا كە باسی ئەوانە بكرێ و بە پراكتیك پەیڕەونەكرێن لە عێراق و كوردستانیش و دەشكرا بە بەكارهێنانی سیاسەت، كاربەدەستان خۆیان لەوجۆرە لێپرسینەوانە بدزنەوە.
بەڵام ئەمڕۆ هەلێكی نوێ لەئارادایە، لەوەدەچێ سەركردایەتی سیاسی كوردی لەوە تێگەیشتبێ كە دەبێ گۆڕانكاری لەشێوەی حوكمڕانی وڵات بكرێ و بەجیدی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ناعەدالەتی وەربگیرێن، تاوەكو بتوانن خۆیان و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەم سەردەمەشدا بگونجێنن.
ئاشكرایە كە سەردەمی ئێستا رۆژانە لە گۆڕیندایە و تابتوانرێت كوردستان و سیستەمە سیاسییەكەی لەگەڵ سەردەمی ئەمڕۆ بگونجێ، سەركردایەتی كورد و لەپێش هەموویانەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتی كردنی كوردستان بە بەشێك لەم سەردەمەی دەكەوێتە ئەستۆ.
چاوەڕوانیش دەكرێ كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان رابەرایەتی ئەم كارە بكات، چونكە تەنها كەسە كە دەسەڵات و هێزی ئەوەی هەیە كە گۆڕانكاری بنەڕەتی لەشێوەی بەڕێوەبردنی وڵاتدا بكات - كەس لە كاربەدەستانی سەرەكی دیكەی كوردستان ئەو هێزەیان نییە كە ئەو هەیەتی.
چاوەڕوانی ئەوەش دەكرێ كە ئەو هەڵمەتی چاكسازیەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڵێنیداوە بیكات، كەسانی گەورەی تێدا بگیرێ، بڕیار و هەنگاوی گەورە بنرێ تاوەكو سیستەمێكی متمانەپێكراو بێتەدی كە پێكهاتەكەی حوكـمڕانی باش دروستبكات و دژ بە گەندەڵی بێت.
یەكێك لەو بڕیارە یان هەنگاوە سەرەكیانەی كە ناچار دەبێ بیكات، دابینكردنی شەفافیەتە لە كاری حوكمڕانی و ئەمەش تەنها لەچوارچێوەیەكی یاساییدا بەدیدێت.
لەسەردەمی ئەمڕۆدا، شەفافیەت یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی حوكمڕانی باش و تەنها بە بوونی ئیرادەیەكی راستەقینە بۆ دابینكردنی ئەو جۆرە حوكمڕانییە، هەرێمی كوردستان دەبێتە بەشێك لە سیستەمی ئەمڕۆی دونیا كە كەسانی وەك جۆن مێجەر و دۆستی دیكە و رێكخراوی وەك هیومان رایتس وۆچ چاوەڕوانی دەكەن لە كورد و سەركردایەتییەكەی.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق