الاثنين، 23 مايو 2011

دیسانەوە فەیسبووكستان!

كەم رۆژ تێدەپەڕن بەبێ بیستنی وشەی فەیسبووك، تویتەر یان یوتیوب و لەهەمان كاتیش گوێ لە شارەزایان بگرین كە بۆچی ئەو شۆڕشانە لە هەرێمەكە روودەدەن و ئایا ئەوەی لە وڵاتێك روودەدات هەمان شت دووبارە دەبێتەوە یان نا.
بۆتێگەیشتنێكی باشتری سەردەمی ئەمڕۆ كە رۆژانە لە گۆڕانكاریدایە و لەگەڵ خۆی زۆر بەها و پەیوەندی دەگۆڕێت، رەنگە باشتر ئەوەبێت كە سەیری سیماكانی ئەم سەردەمە بكەین.
هەفتەی رابردوو پرۆفیسۆرێكی زانكۆی هارڤەرد، لۆرینس لیسیگ، باسێكی گرنگی لەسەر ئەم سەردەمە تازەیە پێشكەشكرد. باسی لە دوو نەوە كرد، نەوەیەك تەمەنی لە ٣٠ كەمترە و ئەویتریش لە ٥٠ زیاتر. نەوەی تازە لە زۆربەی وڵاتان لە یەكدەچن. هەمووشیان بەشێكن لە فەیسبووكستان و تویتەرستان.
نەوەی كۆنیش حوكمی نەوەی بچووك (یان گەورە) دەكات و هیچ (یان زۆر كەم) دەربارەی نازانێت. ئەوەی جێی سەرنجە لێرە، بەپێچەوانەی نەوەی نوێ، نەوەی كۆن لە وڵات بۆ وڵات دەگۆڕێت. جیاوازیەكەشیان ئەوەیە كە هەندێكیان دەزانن كە نازانن نەوەی فەیسبووك چییە و ئەوەش سەرەتایەكی باشە. بەڵام كارەسات لەوانەیە كە نازانن ئەوان هیچ دەربارەی نەوەی نوێ نازانن.
سیمایەكی دیكەی سەردەمی ئێستا ئەوەیە كە یەكسانی هەل بۆ هەمووان یەكە. هەموو كەسێك پاسوورد و یوسەرنەیمی هەیە و هەروەها رێگایەك بۆ پەیوەندی بە ئینتەرنێت باشبێت یان خراپ، خاو یان خێرا. سیماكەی دیكەی ئەم سەردەمە ئەوەیە كە نەوەی كۆن داكۆكی لە شێوازە كۆنەكان دەكات و بەرگری لە دابینكردنی شتی تازە دەكات.
مەبەستیش لێرە پەیوەندی دەسەڵات لەگەڵ میللەتە و بەڕێوەبردنی كار و حوكمڕانی تاكو ئێستا لە زۆر وڵاتان كە ئێستا بەرەو نەمان دەڕۆن پەیوەندیی یەك لایەن بووە، لە كاربەدەست بۆ هاووڵاتی، لە بێژەرەوە بۆ گوێگر، لە سەرنووسەرەوە بو خوێنەر. لە هەمانكاتدا، پانتاییەكی كەم بۆ خەڵك هەبوو كە قسەی خۆی بكات. ئەمەش وای كردبوو كە پەیوەندی وەرگرتن زاڵ بوو. ئەمڕۆ ئەوە گۆڕاوە و پەیوەندیەكە بووەتە پەیوەندی وەرگرتن و بەشداریكردن. ئەم پەیوەندیە تازەیە وایكرد كە دەستنیشانكردنی داهێنان و هاندانیشی زۆر زیاتر بێت.
فاكتەرێكی دیكە كە وایكرد داهێنان بڵاو ببێتەو و كاری لەوە باشتر بكرێت، بەشكردنی بەرهەمەكانە (شێرینگ).
تەنانەت بەچەند چركەیەك یان كلیكێك دەكرێت بابەتێكی فەیسبووك، تویتەر یان یوتیوب بۆ ملیۆنەها كەس بنێردرێت. لەزۆربەی بەشداریەكانیش، خاوەنی بابەتەكە چاوەڕوانی داهاتی لێ دەكات. لێرەدا داهات تەنها بە مانای ماددی نییە، بەڵكو كاریگەری ئەو بابەتە بەداهات لەقەڵەم دەدرێت. هەر ئەم سێكوچكەیەی بەشداریكردن، بەشكردن و داهاتە كە وا دەكات ژیان لەو جیهانە تازەیە بەڕێوە بچێت.
بەپیادەكردنی ئەم تیۆرییە لەسەر وڵاتی دیموكراتی راستەقینە كە لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی راستەقینەی ویستی خەڵك دامەزراون، دەبینین كە ئەم سیستەمە وڵاتەكە هەنگاوێك لە بنەماكانی نزیكتر دەكات. لەجیاتی ئەوەی كە هاووڵاتی چوار ساڵ جارێك دەنگ بدات، دەتوانێت رۆژانە كار لەسەر گۆڕینی ژیان و كاری حكومەت بكات. لە هەمان كاتدا دەتوانێت هەموو كەسێكیش ئاگاداربكات و ئەوانیش هانبدات بۆ بەشداریكردن بە تایبەتی لەكاتێكدا كە بەشداریكردنەكە داهاتی هەبێت. بۆنموونە، لە زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوا تۆڕی كۆمەڵایەتی هەیە بۆ خەڵك كە كەموكوڕی و پێشێلكاری بگرێت و ئاگاداری دەسەڵات بكاتەوە لێی. مامەڵەكردنیش لەگەڵ داواكارییەكان وا لە هاووڵاتی دەكەن كە ببێتە بەشدارێكی كارا لە بەڕێوەبردنی وڵات.
لەو وڵاتانەی لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوە دەبرێن كە نازانن نەوەی نوێ چییە و ناشزانن كە نازانن، فەیسبووك و تویتەر و یوتیوب وایانكرد كە بەشداریكردنی هاووڵاتیان زیاد بێت و وردە وردە رێك بخرێت و كە خەڵك بۆی دەركەوت داواكارییەكان هیچ داهاتێكیان نییە، یاخود هیچ سوودی نییە. خەڵكەكە رژانە سەر شەقام و داواكارییەكان بوون بە یەك وشە: “ارحل” واتە: بڕۆ!

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق