الثلاثاء، 17 مايو 2011

ناوبژیكەر..تەماشاكەر یان نوێنەر؟

جارێكی دیكە لەگەڵ قووڵبوونی كێشەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی بەغدا، باسی كورد و رۆڵی لە عێراقدا دێتە پێشەوە. بەڵام لە راستیدا گرنگی كورد لە بەغدا رۆژ بەڕۆژ كەمتر دەبێ و ناتوانێ ئەو رۆڵەی كە لێی چاوەڕواندەكرێ وەك جاران ببینێ.

هۆكارەكانی ئەمەش مانەوەی كوردە وەك تەماشاكەر لە سیاسەتی عێراق یاخود مانەوەیان لەدەرەوەی هاوكێشەكە و گرتنی سوچی قەناعەت لە كوردستان. هۆكارێكی دیكەی كەمبوونەوەی سەنگی كورد لە بەغدا كێشەكانی ناوخۆی كوردستانە كە كاریگەری گەورەی دروستكردووە لەسەر نێوبانگی كورد لە بەغدا و دەرەوە و ئەو نێوبانگەی كە كورد جاران هەیبو وەك دیوێكی بریقەدار لە عێراقی نوێ دا، وەك جاران نەماوە.
ئەگەر لە بەغداوە سەیری پێگەی كورد بكەین و ئەو تیمەی كە بە سەرۆكایەتی سەرۆك كۆمار لەوێیە و لەگەڵ تیمی ئۆپۆزیسیۆنیش، دەبینین كە كورد نەیتوانیوە پێناسەیەكی تایبەت بۆخۆی دروست بكات لە هاوكێشە سیاسییە ئاڵۆزەكەی عێراق دا. ئەو بەرپرسانەی كە پۆستی حكومیان هەیە ناچارن لە زۆر حالەت دا وەك عێراقی هەڵسوكەوت بكەن و زۆربەی ئەندام پەرلەمانەكانی كورد ئەندامی ئەو پارتە سیاسیانەن كە بەرپرسە حكومییەكانی بەغدا باڵادەستن تێیاندا و ناچارن لە سیاسەتی پارتەكانیان دەرنەچن، هەربۆیە كێشە لەگەڵ هاوپەیمانی كوردستانی بەدەگمەن بە قورسی چارەسەر دەكرێ. 
زۆربەی ئەو لایانانەی كێشەیان لەگەڵ كورد هەیە دەڵێن كە دەتوانن لەگەل كاك مەسعود و مام جەلال باسی بكەن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە. 
لەهەمانكاتدا هەردوو سەركردە كاری دیكەیان پێ سپێردراوە یان بۆ دروستبووە كە رەنگە نەتوانن وەك جاران بە بەردەوامی باس لە كێشەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بكەن. یەكێكیان سەرۆك كۆماری هەموو عێراقە و ئەویتریشیان بە دیفاكتۆ بووەتە ناوبژیوان لەنێوانیان. تیمی ئۆپۆزیسیۆنیش زیاتر خەریكی شكاتكردنە لە دەسەڵاتی كوردی بەهۆی نالەباری وەزعی كوردستان.
جگە لەنەبوونی ئاسۆیەكی روون بۆ جەسپاندنی پێگەیەكی بەهێز بۆ كورد لە بەغدا، وەك هاوبەشێكی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵات، لەوە ناچێ كە وەك نوێنەرێكی هەرێمی كوردستانیش بتوانێ كارەكانی جێبەجێ بكات. ئەمەش بەهۆی نەبوونی نوێنەرایەتییەكی بەهێز یان سیستەمێكی تۆكمە یان تیمێكی تەكنۆكرات لە بەغدا بۆ بەدواداچوونی بەردەوامی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە چوارچێوەی دەستووردا.
بۆیە لایەنی كوردی بووەتە ناوبژیوانێك و تەنها لە كاتی قەیرانی نێو لایەنە سیاسییەكان ناوی دێت و توانای زۆر لە جاران كەمترە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی وەك ١٤٠ و پێشمەرگە و داهاتی هەرێمی كوردستان ئەوانیتر.
ئەمڕۆ كورد زیاتر تەماشاكارە لە بەغدا و ناوبژیوانە لە هەرێمی كوردستان. لەوەناچێ سەرۆك كۆمار ئەو پێگە بەهێزە یاسایی و سیاسییەی جارانی مابێت بەهۆی باری ناوخۆی سلێمانی و هاتنە كایەی بارێكی دەستووری نوێ كە دەسەڵاتەكانی جارانی نەهێشتووە. بۆیە لایەنە ناكۆكەكان روو لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ ناوبژیكردن و ئەویش زۆربەی كات كارەكە بە كەسانی دیكە یان نوێنەرەكانی دەسپێرێت لەبەغدا. لایەنە ناكۆكەكان كە دێنە هەولێر قسەی هێمن دەكەن، كێشەكان ئەوكاتە دەستپێدەكەنەوە كە دەگەڕێنەوە بەغدا. بوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر و نەڕۆیشتنی بۆ بەغدا زیاتر رۆڵی كورد دەكاتە رۆڵی تەماشاكەر نەك یاریكەر لە هاوكێشە ئاڵۆزەكەی عێراق دا. 
بۆیە بەم بارودۆخەی ئێستا، لایەنی كوردی نە توانای ئەوەی هەیە كە ببێتە ناوبژیكەرێكی كاریگەر یان بەشدارێكی تەواوی پرۆسەی سیاسی عێراق، نە توانای ئەوەشی دەبێ كە بتوانێ كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بە یەكجاری و بەشێوەیەكی سیستماتیك چارەسەربكات.
زوو یان درەنگ كورد دووچاری بڕیاردانی ئەوە دەبێ كە ئایا پەیوەندی هەولێر لەگەڵ بەغدا چۆن دەبێ بەڕێوەببرێ ، ئایا كورد هەر تەماشاكەرە بێ دەسەڵاتەكەی ئێستایە یان یاریكەرێكی گرنگی بەغدایە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق