الثلاثاء، 3 مايو 2011

یاد و كێشەی رۆژنامەگەری ئێمە

ئەم هەفتەیە، هەفتەی میدیا بوو بەهەموو پێوەرێك. لە كوردستان، یادی 113 ساڵەی رۆژنامەگەری بەشێوەیەكی پەرتەوازە و شەرمنانە كرایەوە، لە رواندز لە یادكرنەوەكەدا نەقیبی سەندیكا باسی لە شەرمكردنەوەی خۆی دەكرد كە رۆژنامەنووسە یان نەقیبی رۆژنامەنووسانە، لەبەر هەندێ كردەوەی رۆژنامەنووسان. لە شوێنەكانی دیكە،
دەزگا راگەیاندناكانی دیكە هەریەكەیان بەشێوازی خۆی یادی كردەوە، یەكێك ستراتیژی شەڕی میدیای خۆی رادەگەیاند ، ئەوەیتر باسی لەو پێشێلكاریانە دەكرد كە بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەكرێن.
هەر پێش چەند رۆژێك ژمارەیەك رۆژنامەوان یاداشتێكیان پێشكەشی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد بۆ داكۆكیكردن لێیان و چاككردنی باری كاری رۆژنامەگەری لە كوردستان، جگە لەوەش زۆربەی هاوپیشەكانم نەیانتوانیوە بە ئازادانە كامیرا هەڵگرن چ لە هەولێر و چ لە سلێمانی. لەوە دەچێ كاری رۆژنامەگەران تەنانەت پرۆفیشنالەكانیشیان بواری كاركردنی گونجاویان نەبێ لە كوردستان و خەریكە وەك عێراقی لێدێ، كە ئێستاش لەبەغدا ناتوانی بە ئازادی لە زۆر شوێن كامیرا بەدەستەوە بگری. بەهۆی بێ ئاگایی و نەزانی چەك و كار بەدەستەكانی ئەو شارە یان پیاوە ئاسایشەكانی شارەكە.
لە هەمانكاتدا لە بەغدا و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ چەند رۆژنامەنووس و چەند ئەندامێكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق، پەرلەمانی عێراق تاوتۆێی رەشنووسی یاسای بەرگریكردن لە رۆژنامەگەریمان كرد. كە یاسایەكی زۆر كێشە ئامێزە. ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بەڕوونی لە دوو كامپ بوون. ئەوانەی كە پرۆفیشناڵن و كاری رۆژنامەگەری رۆژانە دەكەن بۆ دەزگای پرۆفیشناڵ دژی یاساكە بوون و ئەوانەی كە ئەندامی سەندیكا بوون و لە هیچ شوێنێك كاری راستەقینەی رۆژنامەگەری ناكەن و چاوەڕوانی ئیمتیازەكانی بە ئەندامبوونی سەندیكا دەكەن، لەگەڵی بوون.
ئەگەر سەیری رەوشی رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان بكەین، دەردەكەوێ لەگەڵ بوونی یاسای كاری رۆژنامەگەری و بوونی مافی پاراستنیشیان تێدا، بۆمان رووندەبێتەوە كە پاراستنی كاری رۆژنامەگەری و رۆژنامەنووسان بە یاسای تایبەت ناكرێ، بەڵكو بەبوونی هۆشیاریەكی گشتی بۆ پیشەی رۆژنامەگەری و رۆڵی رۆژنامەوانان لە كۆمەڵگەدا دابیندەبێ، لەلایەن دەزگاكانی ئاسایش و كارمەندەكانیان، تاوەكو رووداوی وەك رووداوەكەی بەردەم كونسولخانەی ئێران لەهەولێر یان رێگرتن لە رۆژنامەوانان و بەتایبەتی ئەو رێگرییەی لە كامێراوانان دەكرێ لە سلێمانی، دووبارە نەكرێتەوە. هەربۆیە بڵاوكرنەوەی ئەو تێگەیشتنە لەنێو بەرپرسانی ئاسایشی وڵات گرنگە و، لە جیهانی ئەمڕۆدا تەنها رێگە چارە بۆ دوورخستنەوەی رەخنە و گلەیی لەخۆت شەفافیەتە و تەنها رێگە چارەش بۆ بەدیهێنانی شەفافیەتی راستەقینە رێگەپێدانی تەواوە بە میدیا و تێگەیشتنی هەمووانە لە رۆڵی تەواوی میدیا لە گەورەوە بۆ بچووك.
وێنەكانی سووریا باشترین بەڵگەن بۆ ئەمە. حكومەتی سووریا بە باوەڕی خۆی وادەزانێ رێگەی نەداوە بە میدیا كە رووماڵی رووداوەكانی سووریا بكات! كەچی باسی سووریا و رووداوەكانی لە هەموو شاشەكانی دونیا ( شاشەی كۆمپیوتەر و تەلەفۆن و تەلەڤزیۆن) رۆژانە لە پێش چاوی جیهانن.
لایەنی دووەم پێشخستن یان چاككردنی باری رۆژنامەگەرییە لە وڵات، ئەویش بەوەی بە زووترین كات یاسای مافی وەرگرتنی زانیاری دابنرێ بۆ هەمووكەسێك نەك تەنها بۆ رۆژنامەنووسان.
(وابزانم جاری دەیەمە ئەمە لێرەدا باسدەكەم!).
یاسای لەم جۆرە چەند ئامانجێك دەپێكێ:
یەكەم: كوردستان دەتوانێ پێش بەغدا بكەوێ لە دابینكردنی ئەو مافە یاساییە بۆ هاووڵاتیان.
دووەم: كاری رۆژنامەگەری لەكوردستان ناچار دەكات بەرەو پرۆفێشناڵ بوون بڕوات. ئەوەی ئەمڕۆ هەیە لەنێو رۆژناماگەری ئێمەدا رەخنەی تووندە، بەڵام ئەوەی لەوە زیاتر پێویستە ئەمڕۆ راپۆرتی ورد و راستە كە زانیاری بدات دەربارەی بەڕێوەبردنی وڵات و بە شێوەیەك كە بتوانێ كاریگەری تەواوی هەبێ لەسەر بردنی حوكمرانی وڵات بەرەو ئاراستەیەكی باشتر.
تەنها دابینكردنی زانیاری و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری دەكرێ رۆژنامەگەریمان لەو قەیرانەی ئەمڕۆ دەربێنێ. لەبیرمان نەچێ كە زانیاری نەبوو، رەخنەی تووند ، تەنانەت جنێویش جێگەی پڕ دەكاتەوە لە هەندێك كاتدا.
ئەمڕۆ دەسەڵات میدیا تۆمەتبار دەكات بە ناپرۆفێشناڵ بوون، میدیاش بەرگری لە خۆی دەكات . ئوباڵی چاككردنی ئەم دۆخە خراپەی میدیاكەمان دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵات.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق