الاثنين، 25 أبريل 2011

زۆرینەی هەولێر و شەراكەتی بەغدا

ئەگەر یەكێك بەدوای هۆكارەكانی هەلومەرجی ئەمڕۆی عێراقدا بگەڕێ تووشی سەرسووڕمانێكی سەیر دەبێ. لە بەغدا، خەریكە وشەی سەرنەكەوتن ببێتە پێناسەی كاری حكومی و سیاسی كە زۆربەی چاودێران هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ حكومەتی شەراكەتی نیشتمانی و پێش ئەوەش بۆ حكومەتی یەكێتی نیشتمانی (الوحدە الوطنیە).
زۆر رووی لێكچوون هەیە لەنێوان ئەم دوو حوكمەتەدا لەنەبوونی توانا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان وڵات بەرەو پێشەوە بردنیان .
سیمای سەرەكی هەردوو سەردەمیش (شەراكەتی نیشتمانی و یەكێتی نیشتمانی) ئەوەیە كە هەموو شەریكەكان ئۆباڵی پێشنەكەوتنی دۆخەكە دەخەنە ئەستۆی یەكتر، لەكاتێكدا كە پێشكەوتنی سیاسی وڵات و دابینكردنی خزمەتگوزاری و نەهێشتنی گەندەڵی ئیفلیجن.
تائێستا بەرپرس و وەزیرە ئەمنییەكان و جێگرانی سەرۆك كۆمار دانەنراون، پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران تەواو نەبووە، هەنگاوی جیدی نەنراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و زۆر كێشەی دیكە، لەبەرئەوەی هەموو ئەوانە پەیوەستن بە رێككەوتنی هەموو لایەنە شەریكەكان لەسەر هەموو وردەكاریەك.
لەوەش دەچێ كە ئەم پرۆسە چەقبەستووە بەردەوامبێ و زوو زوو بەڵگەی تازە دەبینین بۆ سەرنەكەوتنی ئەم پێكهاتەیە لە بەڕێوەبردنی كاروباری عێراق و ساڵانی رابردووش باشترین بەڵگەن بۆ ئەوە.
رەنگە دەرئەنجامی لۆژیكی ئەمەش ئەوە بگەیێنێ كە حكومەتی زۆرینە باشترە لە حكومەتی شەراكەتی نیشتمانی بۆ پێشخستنی عێراق.
بەڵام بە سەیركردنی بارودۆخی كوردستان، دەبینین كە هۆكارەكانی شكست لەو جۆرە حكومەتەشدا هەن. نەبوونی رێككەوتن لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لەسەر مەسەلە چارەنووسسازەكان وەك چەند یاسایەكی سەرەكی و دەستووری هەرێمی كوردستان وهەروەها سەرنەكەوتنی دەسەڵات لە نەهێشتنی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزاری، بوونەتە هۆكاری باروودۆخی ئەمڕۆی سلێمانی. ئەمەش سەرەڕای بوونی حكومەتێكی زۆرینەی نا هاوسەنگ لە نێوان پارتی (كە زۆرینەی دەنگەكانی لە هەولێر ودهۆك) هێناوە و یەكێتی (كە دووەمی پلەبەندی دەنگەكانی بەدەست هێنا لە سلێمانی پاش گۆڕان).
پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سلێمانیش بەڵگەیەكی دیكەن بۆ نەتوانینی حكومەتی زۆرینە بۆ مامەڵەكردنی راست لەگەڵ كێشەكان، بەتایبەتی كە شەریكێكی بچووك بەتەنها حوكمی تەواوی ئەو ناچەیە دەكات كە زۆرینەی دەنگەكانی لێ نەهێناوە و لەوەش زیاتر كە كاندیدی ئەو شەریكە سەرۆكایەتی حوكمەتە هاوبەشەكە دەكات.
ئەمەش لێكدابڕانێكی گەورەی درووستكردووە لەنێوان دەسەڵات و خەڵك، بەتایبەتی لە سلێمانی و دەرگای لەسەرپشت بۆ لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن كردووەتەوە (كە بەیەكەوە زۆرینەی دەنگەكانی سلێمانیان هەیە) كە موبادەرە لەدەست ئەوان بێت، سەرەڕای بەكارهێنانی هێزی چەكدار بۆ نەهێشتنی خۆپیشاندانەكان.
بە تۆزێك وردبوونەوە لە نموونەی حكومەتی زۆرینەی كوردی سەرنەكەوتوو، بۆمان دەردەكەوێ كە سەرەتاكانی ئەم مۆدێلە لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی “شەراكەت” لەنێوان یەكێتی و پارتی دروستبوو كاتێك كە هێزی هەردووكیان یەكسان بوون. بەڵام ئەمڕۆ و بە دانپێدانانی (دوور لە میدیایی) زۆر لە سەركردەكانی پارتی “شەریكی بچووك (یەكێتی) بووەتە بار بەسەر پارتییەوە”. ئەمەش رەنگە بگۆڕێت ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو جیاواز بوون لەوەی ساڵی رابردوو.
ئەمڕۆ، لێكۆلەری حاڵی حوكم لە عێراق تووشی سەرسوڕمان دەبێت: نە شەراكەتی بەغدا و نە زۆرینەی هەولێر پێدەچن كە بتوانن دۆخەكە بەرەو پێشەوە ببەن. هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە كە هەردوو مۆدێل لە ترس و بەشبەشانێ سەریان هەڵداوە: شیعە لە رابردوو دەترسێ، سوننە لە داهاتوو و كوردیش لەهەردووكیان.
ئەمەش هەموو جارێك دەمانهێنێتەوە بۆ بەشبەشانێ (المحا‍صصە) لەویشەوە بۆ تەوافوق و بۆ (الوحدە الوطنیە) و بۆ (الشراكە).
دەتوانین هەموو لاپەڕەكانی (رووداو) پڕكەین لە شرۆڤەكردنی سەرنەكەوتنی مۆدێلی زۆرینە یان شەراكەت لە حوكمڕانی عێراقدا. بەڵام هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە حكومەتێكی تێكنۆكرات نییە وڵاتەكە بەڕێوە ببات، دوور لە بەسیاسەتكردن و بەشبەشانێ ، حكومەتی واش نایێتە دی بەبێ بوونی داوودەزگای راستەقینە كە بتوانێ كەسانی لێهاتوو پێبگەیێنێ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بەشێوەیەكی سەردەمیانە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق