الأحد، 17 أبريل 2011

بۆنەیەكی لەبیر كراو

14ی نیسان رۆژێكی ئاسایی بوو لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراق و كوردستان. هەروەها لە هەرێمی كوردستانیش، رۆژێكی ئاسایی بوو. رۆژی بۆنەیەكی دیكەی بۆنەكانی وەرزی بەهاری كورد بوو.

ئەگەر تۆ وەك خوێنەر نەزانی ئەو رۆژە یادكردنەوەی چییە و بۆ نابێت وەك رۆژێكی ئاسایی دیكەی ئەم هەرێمە بێت، ئەوا هەڵەیەكی گەورە لە میدیای كوردی یاخود لە مەكینە میدیاییە زلەكەی پارتە سیاسییەكان هەیە.
نەتوانینی كردنی رۆژی ئەنفال بە رۆژێكی عێراقی، هەرێمی یان نێودەوڵەتی بۆ یادكردنەوەی ئەنجامدانی جینۆساید لە دژی كورد، ئەو پێویستییە زەقدەكاتەوە كە هەڵمەتكردن و هۆشیاركردنەوەی پارتەكان بۆ خەڵك لەسەر مەسەلە كوردییەكان، هێشتا زۆری ماوە كامڵ بێت.
لەجیاتی ئەوەی میدیای ناوچەكانی دیكەی عێراق بێننە كوردستان بەمەبەستی گواستنەوەی ئەو یادكردنەوەیە و بەرنامەیەكی تایبەت بەو رۆژە پێشكەش بكەن، دەزگا راگەیاندنەكانی خۆمان، چالاكییەكانی خۆمانیان بۆ خۆمان گواستەوە. هەروەك مەراسیمەكانی دیكەی وەرزی بەهار.
لە بەغدا، تەلەڤزیۆنەكان، رۆژنامەكان و رادیۆكان هەموویان رۆژێكی ئاساییان بەسەر برد. لەكاتێكدا دەكرا هەموو كاتی رێكلامكردنی ئەو رۆژە بۆ ئەوە تەرخان بكرێت بۆ ئەوەی هەموو كەس لە مانای رۆژی 14ی نیسان ئاگادار بكەینەوە و لە خەڵك بگەیێنین كە رۆژی ئەنفال سیمبوولی جینۆسایدكردنی كوردە بەناوی ئیسلامەتی و عەرەب و عێراقەوە و هەرسێكیان پێویستە لەوە بگەن كە لەو رۆژەدا چی روویداوە.
نەك بۆ قووڵكردنەوەی هەستی تۆڵەسەندنەوەو رق و كینە‌ بهێڵدرێتەوە، بەڵكو رێگری بكەن لەوەی ئەو كردەوەیە دووبارە ببێتەوە، ئەمەش ئەركی كوردە ئەنجامیبدات.
رەنگە خوێنەرێكی كورد تووشی سەرسوڕمانبێت ئەگەر بزانێ تائێستاش بەشێكی زۆر لە عەرەبەكانی عێراق نازانن ئەنفال چییە. سەرەڕای ئەو چالاكیانەی كە بەڕێوەدەچن، لەگەلیشی دادگاییكردنی كەسانی پایەبەرزی رژێمی پێشوو.
بیرەوەری خەڵك پەیوەستە بە رووداوی بینراو. ئەگەر تەماشای مێژووەكەی ئەم چەند ساڵەشمان بكەین. خەڵكێكی زۆر لە كورستان زیاتر لەبارەی رووداوەكەی دوجێلەوە دەزانن، بە بەراورد لەگەڵ ئەو عەرەبانەی كە دەربارەی ئەنفال بەئاگان.
هۆكارەكەش ئەوەیە كە سەددام لەسەر دوجێل لەسێدارە درا و پرۆسەكەش بە ڤیدیۆ گیرابوو و بڵاوكرایەوە.
بەهەمان شێوە خەڵكێكی زۆری دەرەوەی عێراق زیاتر دەربارەی كۆڕەوی 1991 دەزانێت لەچاو ئەنفال، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هێزی وێنە و جوڵە كە زۆر كاریگەرترە و ماوەیەكی زیاتر لەهزر و بیردا دەمێنێتەوە. تەنانەت ئەمەش رەنگە لە بیرەوەری خەڵكدا نەمێنێ ئەگەر كاری لەسەر نەكرێ و بەرەو پێشەوە نەبرێت.
كەیسی ئەنفال یەكێكە لە كەیسە گرنگەكانی مێژووی هاوچەرخی كورد. بەڵام هیچ وێنەیەكی ئەو سەردەمە نییە و هیچ هەواڵێكی ئەوكاتیش نییە، تاوەكو رووداوەكەی پێ بناسێنین.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هیچ دانپێدانانێكی یاسایی نییە كە ئەنفال وەك كەیسێكی جینۆساید پێناسە بكرێت. یاخود هیچ هەڵمەتێك بەڕێوەنەچووە بۆ بەنێودەوڵەتكردنی كەیسەكە و تاوەكو ئەمڕۆش ئەو خەڵكانەی چەكی كیمیاویان بۆ سەددام حوسێن دابین كرد هەر ئازادن.
هیچ بەرنامەیەكی قەرەبووكردنەوە بۆ قوربانییەكان ئەنجامنەدراوە و هیچ رێگەیەكیش نەگیراوەتە بەر بۆ ئاساییكردنەوەی باریان.
هەموو ئەم هەنگاوانە و چەندین هەنگاوی دیكە لە چاوەڕوانی جێبەجێكردنن، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئێمە توانایی جێبەجێكردنی ئەم كارانەمان هەیە؟ وەڵامەكە نەخێرە، لەبەرئەوەی بێ هەڵمەتێكی فراوان كە بۆ هەموو لایەكی روونبكاتەوە ئەنفال چییە، زۆر زەحمەت دەبێ هیچ شتێك بۆ ئەنفال بكرێت.
لەگەڵ تێپەڕبوونی هەموو مەراسیمێكی "ئاسایی" ئەنفال، ئەگەری بوونی ئەنفال بە سیمبوولێكی جینۆساید، كەمتر دەبێتەوە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق