الاثنين، 11 أبريل 2011

دیسانەوە ئەمریكا

سەردانەكەی ئەم دواییەی رۆبەرت گەیتسی وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ لای سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەروەها پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان بارزانی و جۆ بایدن، جارێكی دیكە پەیوەندییەكانی كورد لەگەڵ ئەمریكا دێنێتەوە ئارا.
ئەیلوولی رابردوو، لەم گۆشەیەمدا نووسیم كە كارێكی گران نییە ببیتە هاوپەیمان لەگەڵ ئەمریكا، بەڵام رەنگە زەحمەتتر بێ كە ببیتە هاوپەیمانێك و شەریكێكی راستەقینە. هەروەها ئاماژەم بەوەشدا كە بەرز راگراتنی بنەماكانی حوكمڕانییەكی باش و مافەكانی مرۆڤ و شەفافییەت، كاریگەری لەسەر پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكادا دەبێ.
تائێستا، پەیوەندییەكانی ئەمریكا و كورد بەشێوەیەك بووە كەبۆ چارەسەركردنی كێشەكانە. هاوپەیمانە گەورەكەش هەمیشە سوودمەندتربووە لەچاو هاوپەیمانە بچووكەكە.
ئەمەش بۆ هەتا هەتایە بەردەوام نابێ، لەبەرئەوەی ئەمریكا گۆڕاوە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو گۆڕان دەڕوات و عێراقیش بەرە بەرە خۆی هەڵدەستێنێتەوە و زوو بێت یان درەنگ كوردیش پێویستە خۆیان بجووڵێنن و خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانە و بناخەیەكی پتەوی هەبێ بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا.
لەم حاڵەتەی ئێستادا، كورد هاوكاری ئەمریكای پێویستە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە مەسەلەكانی كەركووك، نەوت، پێشمەرگە و سەرژمێری. لەبەرامبەریشدا ئەمریكا كوردی پێویستە بۆ چارەسەركردنی سیاسەتە ئاڵۆزەكەی بەغدا و هەروەها پشتیوانیكردنی ئەمریكا بۆ مانەوەی سوپاكەی لە عێراق.
ئەم خولانەوە بێ كۆتاییەش هەر بەردەوام دەبێ تاوەكو ئەوكاتەی ئەمریكا لە عێراق دەردەچێت. پێویستە كورد ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن كە ئەو پەیوەندییە چۆن دەبێ كاتێك ئەمریكا بە یەكجاری لە عێراق دەكشێتەوە؟
تائێستا كەس نازانێ ئەمە چۆن دەبێت، بەڵام بێگومان پەیوەندییەكە بە سرووشتێكی جیاوازی لەوەی ئێستا دەبێ. تاكە شت كە زۆر روون و ئاشكرایە لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە كە ئەوكات ئەمریكا ئەوەندە پێویستی بە كورد نابێ وەك ئەمڕۆ.
هەربۆیە پەیوەندییەكە بەشێوەیەكی گشتی جیاواز دەبێ. ئەوەش پابەندە بە كوردەوە كە شێوازی پە‌یوەندییەكە دیاری بكەن و خۆیان باشتر ئامادەبكەن بۆ قۆناغە نوێیەكە، كە زۆربەی دەربارەی سەقامگیرییەكی تەندروستە نەك تەنیا چارەسەركاری كێشەكانی ئەمریكا بێت.
بۆ ئەم كارەش، پێویستە كورد لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی كار بكەن تاوەكو ببنە فاكتەرێكی گرنگ بۆ راگرتنی سەقامگیری ناوچەكە.
لەسەر ئاستی هەرێمی، پێویستە كورد پەیوەندییەكی ئاساییان لەگەڵ دراوسێیەكانیان هەبێت، هەتا لەگەڵ ئێرانیش. تائێستاش هەوڵیانداوە كە وابكەن و تاڕادەیەكیش سەركەوتوو بوون و سەردانەكەی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆك وەزیرانی توركیاش بۆ هەولێر نموونەیەكی باشی ئەو راستییەیە‌.
لەسەر ئاستی عێراقی، پێویستە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا پتەوتربن و دەبێ مەسەلە گرنگەكانیش چارەسەر بكرێن وەك شەریكێك لە عێراقی نوێدا. بەهۆی سرووشتی گرووپە‌ سیاسییە جیاجیاكانی عێراق و دەستتێوەردانی دراوسێیەكان، ئەمریكا چەند دووربێ لە چارەسەركردنی كێشەكان، رێككەوتنەكان پتەوتر و بەردەوام دەبن ، كاتێك ئەمریكا عێراق بەجێدەهێڵێ.
لەسەر ئاستی ناوخۆیش، پێویستە ماڵی كورد رێكبخرێتەوە. هەتا ئەم خۆپیشاندانە درێژە بكێشن و گرژی نێوان پارتە سیاسییەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام بێ، شەرعیەتی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان زەرەرمەند دەبێ و ئەوەندەش ناتوانێ كێشە دەرەكییەكانی چارەسەر بكات.
سەركردایەتی كورد، بەتایبەتی سەرۆك بارزانی، دەبێ دەستپێشخەرییەكی جیدی ئەنجامبدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی ئەوەی خۆپیشاندانەكان بەردەوامبن و هەرێمی كوردستانی وا لێكردووە كە هەروەك وڵاتانی دیكەی ناوچەكەبێ كە رژێمەكانیان لە گۆڕیندان.
ئەم هەنگاوانەش دیاریدەكەن كە ئایا پەیوەندی داهاتووی ئەمریكا لەگەڵ كورد وەك ئەو پەیوەندییانە دەبێ كە لەگەڵ وڵاتە دیموكراتەكانی ئەوروپا هەیەتی، یاخود وەك ئەو پەیوەندییانە دەبێ كە لەگەڵ وڵاتانی وەك میسری كۆن و سعودییە هەیەتی.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق