الأربعاء، 6 أبريل 2011

رۆژنامەنووس ئەمڕۆ کێیە؟

گفتوگۆیەكی گەرم لەبەغدا لەئارادایە، ئەو گفتوگۆیەش لەنێوان شیعە و سوننە نییە، لەنێوان كورد و عەرەبیش نییە. لەسەر ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان نییە و لەسەر دابە‌شكردنی داهاتیش نییە. بەڵكو لەنێوان دوو نەوەدایە و لەسەر داهاتووی میدیایە لە عێراق.

ئەم گفتوگۆیەش دوو بەرەی دورستكردووە: یەكێكیان ئاوڕ‌ لە رابردوو دەداتەوە، ئەویدیكەش تەماشای داهاتوو دەكات.
ئەمەش روون و ئاشكرابوو كاتێك هەفتەی رابردوو، پێویستی دانانی (یاسای بەرگریكردن لە رۆژنامەنووسان) لە ئەنجوومەنی كەلتووری خاتوو سەفیە سوهەیل لە بەغدا باسكرا. زۆربەی ئەو كەسانەی كە پەیوەندییان بەو یاسایەوە هەبوو لەو شوێنە كۆببوونەوە و گفتوگۆكەش وێنەی ئەو ئەركانەبوو كە رووبەڕووی عێراقی نوێ دەبنەوە.
بێ ئەوەی بچێنە نێو وردەكاری كەموكوڕییە یاسایی و دەستوورییەكانی ئەم پڕۆژەیە، گرفتی سەرەكی فەلسەفەكەیەتی.
گفتوگۆی سەرەكی دەربارەی ئەو پرسیارە كە كێ رۆژنامەنووسە؟ رۆڵی رۆژنامەنووس چییە؟ پێویستە كێ بەرگری لێبكرێت؟ بۆچی یاسایەكی تایبەت هەبێ كە دەوڵەت ناچاربكات بۆ دابینكردنی یارمەتی و دەرماڵە بۆ ئەندامانی نادیارترین پیشە كە رۆژانە پێناسەكەی دەگۆڕێت.
یەكێك لە ئەركە قورسەكانی سەردەمی دیجیتاڵ‌ ئەوەیە كە رۆژنامەنووس پێناسە بكەی. كارە‌ كلاسیكییەكەی رۆژنامەنووس بەرەو نەمان دەڕوات و شێوازێكی نوێی رۆژنامەوانی لەسەرهەڵداندایە.
شێوزاێك كە ئەو "رۆژنامەنووسان"ەی نازانن چۆن هەواڵ و راپۆرت بنووسن یان مایكرۆفۆنی رادیۆ و كامێرای تەلەڤزیۆن بەكاربێنن و ئەندامی هیچ سەندیكایەكیش نین، لەڕاستیدا ئەوان هەر ناشیانەوێ بە رۆژنامەنووس بانگ بكرێن، بەڵام لەهەمانكاتدا ئەوان جەماوەرێكی زۆریان هەیە، ئەوانە هەموو ئەوانەن كە لە فەیسبووكستان و تویتەرستان وێنە، دەنگ، رەنگ و زانیاری ناوچەكەی دەرووروبەریان بڵاودەكەنەوە.
زۆرینەی ئەو وێنە دەگمەنانەو راپۆرتانەی بڵاوكرانەوە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە مۆبایل و كامێرای بچووك گیراون و لە ماڵپەڕەكانی فەیسبووك، یوتوب و تویتەر بڵاوكراونەتەوە.
ئەم شێوازەش رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو زیادبوون دەڕوات و ئامێرەكانیشیان بەردەوام دەگۆڕێن.
لە عێراقدا ژمارەی بەكارهێنەرانی فەیسبووك زیاتر لە 600 هەزار كەسە. هیچ میدیایەكی دیكە ئەم ژمارەیەی نییە.
لەدەرئەنجامیشدا، گفتوگۆ سەبارەت بەداهاتووی میدیا لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكان دەربارەی ژیانە لە دوای رۆژنامە، رادیۆ و تەلەڤزیۆنی كلاسیكییە، نەك دەربارەی كە رۆژنامەنووس كێیە.
لەبەر ئەو راستییە "تاڵە" بۆ هاوپیشەكانم، ئەمڕۆ هیچ گرنگ نییە كە كێ رۆژنامەنووسە. ئەوەی ئەمڕۆكە زۆر گرنگە ئەوەیە كە ئەو زانیاریانە چین كە بڵاودەكرێنەوە؟ چۆن پێشكەش دەكرێن؟ ئایا زانیارییەكە دروستە یان نا؟ بەڵام ئەو پرسیارەی كە كێ بڵاویاندەكاتەوە لەسەردەمی ئێستادا، كەوتووەتە دواوە.
لەبەرئەوە،‌ ستراتیژییەكی دیكە پێویستە بۆ بەدیهێنانی ژینگەیەكی میدیایی لەبارتر بۆ وڵات تاوەكو ئامادە بێ بۆ داهاتوو و بەرەنگارییەكەی بەرامبەر بەو بوومەلەرزانەی كە ناوچەكەی هەژاندووە بە هێزبكرێت.
ئەمەش بە كار لەسەر مافی بەدەستهێنانی زانیاری بەدیدێت و ئەگەر لەسەرەتادا ئەوە بكرێتە یاسا و پاشان بزانرێ كە ئایا كەس دووچاری هیچ مەترسییەك دەبێتەوە كاتێك كە زانیاری بەدەست دەهێنێ، ئەوسا كار لەسەر پاراستنی وەرگری زانیاری دەكرێت.
ئەگەر رەشنووسەكەی ئێستا پەسەند بكرێت، ئەوا میدیامان دەكاتە دوو بەرە هەروەكو میسری كۆن.
میدیایەك كە لەلایەن حكومەتەوە هاوكاری دارایی دەكرێت و هەروەكو ئەو میدیایەی كە وێنەی موبارەكی دەستكاری كرد و خستیە پێش ئۆباماوە لەسەر فەرشە سوورەكەی كۆشكی سپی و لە لاپەڕەی یەكەمی خۆیدا بڵاویكردەوە.
ئەمە لەكاتێكدا روویدەدا كە فەیسبووك لەمیسر بەرنەدەكەوت و شێواز نوێیەكەی میدیا سەریهەڵدابوو كە دواتر بووە هۆی گۆڕینی رژێمەكە.
گفتوگۆكەی ئەمڕۆ لەنێوان ئەوانەدایە كە دەڕواننە داهاتوو، لەگەڵ ئەوانەی ئاوڕ لە رابردوو دەدەنەوە. ئەگەر ئێمە ئەوە قبوڵ نەكەین كە تاكە مەبەست بۆ ئاوڕدانەوە لە رابردوو بنیاتنانی داهاتووە، هەمان بوومەلەرزەی میسر لێرە دووبارە دەبێتەوە.
لەبەرئەوەی لە وڵاتی ئێمە: ئەمڕۆ بەردەوامبوونی رابردوو نییە، ئەمڕۆ دەستپێكی داهاتووە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق