الاثنين، 28 مارس 2011

سەركردەكان یان داوودەزگاكان؟

دوا شەڕی میدیایی لەنێوان پارتی و كۆمەڵ، زەنگێكی تازەیە كە ناسكی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دەسەلمێنێ. هەروەها چەندین پرسیاری جیدیش دێنێتە ئاراوە سەبارەت بە توانای سیستەمەكە و پتەوی پرۆسە سیاسییەكەی كە هەندێ فاكتەر هەیە دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم كەشوهەوایە.
لاوازی داوودەزگا حكومییەكان و بە شەخسیكردنی سیاسەت هۆكاری سەرەكین و رۆڵێكی گەورەیان بینیووە لە ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكەی ئێستا.
كاتێك خۆپیشاندانەكان دەستیانپێكرد، حكومەت و هەندێك لایەن پشتگوێیان خستن و بە ئاژاوەگێڕ ناویانبردن.
كاتێكیش سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەڕایەوە بۆ كوردستان و لە فڕۆكەخانە رایگەیاند كە پشتگیری لە مافەكانی خەڵك دەكات بۆ خۆپیشاندان، هەموو شتەكان گۆڕان و حكومەتیش دەستیكرد بە مامەڵەكردن لەگەڵ داواكارییەكانی خۆپیشاندەران.
تائێستا، توخمی بەشەخسیكردن دێتەپێشەوە لەكاتی پێشنیازی ریفۆرمكردن و داواكاری پێشكەشكردن و وەڵامدانەوەی. هێشتا سەركردە زۆر گرنگترە لە پرۆسە و داوودەزگا. سەرچاوەیەكی نزیك لە خۆپیشاندەرانەوە پێیڕاگەیاندم كە كاتێك سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی داواكارییەكانیانی دایەوە “ئەگەر ئەو بە هەموو داواكارییەكانیشمان رازیبێ و قبوڵی بكات و جێبەجێی بكات، ئێمە قبوڵمان نەدەكرد”. كاتێكیش لێمپرسی هۆكارەكەی چییە؟ وتی “ئەگەر كاك مەسعود بەڵێنی بدایە كە ئەو نیوەی ئەوەی سەرۆكی حكومەت پێی رازیبووە، جێبەجێدەكات، ئەوا بەشێوەیەكی دیكە وەرماندەگرت. دەزانین كێ داواكارییەكانمانی پێ جێبەجێدەكرێت”. بەشەخسیكردنی پرۆسەی سیاسی بەدەرنییە لە بڕیاردان بەڵكو دەچێتە قاڵبی بەشەخسیكردنی پەیوەندییەكانی نێوان شەریكە سیاسییەكان و هاوپەیمانەكان.
ئەو دەماقالییەی نێوان میدیای پارتی و كۆمەڵ لەسەر رەخنەگرتن لە سەركردەكانیان، بەشێكی دیكەیە لە بەشەخسیكردنی سیاسەت. ئەوەی جێگەی سەرنجە كە ئەوان لەسەر كێشەی ساڵی 2011، باس لە كارە خراپەكانی رابردووی یەكتری دەكەن كە سەردەمێكە پێش هەموو رێككەوتنە سیاسییەكانی نێوانیان!
ئاگری ئەم كێشەیە و كێشەی دیكەش میدیا پارتیزانییەكەی هەردوولا خۆشیدەكات، چونكە ئەم جۆرە میدیایە لەسەر ناكۆكی وەك ئەمەی ئێستا دەژیت.
هۆكارێكی دیكە كە بووەتە هۆی ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكە ئەو رۆژنامەنووس و نووسەرانەن كە چاوەڕێی سەركردەكەیان دەكەن تاوەكو بزانن میزاجی چۆنە و حەزی لێیە چی بخوێنێتەوە، ئەوجا شت دەنووسن، تەنانەت ئەگەر بەپێچەوانەی بیروباوەڕی نووسەرەكەش بێت. ئەو شتانەی لەنێو میدیاكاندا بینیومانە ئەوە دەسەلمێنن.
لەم كاتەدا، ئەگەر رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، یاخود رووبەڕووبوونەوەی سەركردەكان، هێور نەكرێتەوە، كاریگەری خراپی بۆ سەر هەموو لایەنەكان دەبێ و رەنگە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە هەموو شتێك.
سەرەڕای داواكارییە رەواكانی خۆپیشاندەران، پێدەچێ سیاسەتی وڵات هێشتا هەر بە شەخسی بەڕێوەبچێ. بە مانایەكی دیكە، ئەم رووبەڕووبوونەوەی ئێستا لەلایەن سەركردەكانەوە دروستبووە و هەر لەلایەن ئەوانیشەوە دادەمركێتەوە.
واقیعی هەرێمەكە ئەوەیە كە سەركردەكان زۆر بەهێزترن لە داوودەزگاكان. هەتا ئەو سەركردانەش كۆنەبنەوە و رێكنەكەون لەسەر رێگە چارەیەك بۆ دەرچوون لەم قەیرانە، هەریەك لە هەرێمەكە و پرۆسە سیاسییەكەی و داواكارییە رەواكانی خۆپیشاندەران بەرەو چارەنووسی نادیار دەڕۆن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق