الاثنين، 7 مارس 2011

تۆپەكە لە گۆڕەپانی سەرۆكە

بێگوێدانە بۆچوونە جیاوازەكان بەرامبەر بە خۆپیشاندانەكان، عێراق و كوردستان بەرەو قەیرانێكی مەترسیدار ملدەنێن. ئێمە خەریكە دەكرێینە دوو بەشەوە.
زۆرینەیەك كە دەیەوێ كۆتایی بە گەندەڵی بێنێ و خزمەتگوزاری گشتی باشتری بۆ دابین بكرێت، لەبەرامبەریشدا كەمینەیەك كە دەیانەوێ ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوامبێ.
ئەگەر تەماشای نەخشەی سیاسی خۆپیشاندانەكان بكەی، بۆت ئاشكرا دەبێ كە خۆپیشاندەران باڵادەستن و دەسەڵاتیش بەرگریكارە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە دەسەڵات هەندێك جار شێوازی تووند بەكارد‌ێنێ بۆ سەركوتكردنیان. ئەم گێژاوەش كۆتایی نایەت تاوەكو گۆڕانكاری راستەقینە لەشێوازی كاركردنمان نەكرێت. بۆ ئەوەی ئەمەش ببێ، پێویستە شێوەی كاركردنی دەسەڵات هەڵتەكێنرێت. كەموكورتییەكی جیدی هەیە لە سیستەمە ئیداری و سیاسییەكەی ئێستا كە كاری بنبڕكردنی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكی شیاو ئەوەندەی دیكە زەحمەتر كردووە.
چەندین فاكتەریش بۆ ئەمە هەیە: نەبوونی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو، نەبوونی بیرۆكەی گونجاو بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، نەبوونی بیرۆكەی گونجاو بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەكی رێكوپێك، نەبوونی روانگەیەك بۆ داهاتووی داوودەزگای حكومی و لەسەروو هەمووشیانەوە، نەبوونی ویستێكی سیاسی بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانە لەسەر ئاستە جیاجیاكان.
لەكاتی قەیراندا، میللەت یان سەركردە وڵات رزگار دەكەن.
میللەت دەتوانێ وڵات بەرەو پێشەوە ببات كاتێك رێگە و ئامانج روون و سادەبن. ئەمەش لەكاتێكدا دەبێ كە ئامانجەكە روون و ئاشكرابێت بۆ هەمووان، وەكو ئامانجی گۆڕینی رژێم لە توونس و میسر.
لەبەرئەوەی لێرە گۆڕینی رژێم داواكاری زۆر لە خۆپیشاندەران نییە، تاكە رێگە بۆ پێشەوەچوون گۆڕینی هەڵسوكەوتی حكومەتە و لەم رووەشەوە رۆڵی سەركردەكان لە بەغدا و هەولێر زۆر گرنگ دەبێ.
ئەگەر تەماشای بەغدا بكەین، مالیكی سەرۆك وەزیران لە شوێنێكی لەبارە و ئەوەندە دەسەڵاتی ئیداری و دەستووری هەیە كە سەركردایەتی هەڵمەتێكی ریفۆرم بكات كە حكومڕانی باش بێنێتەدی و بتوانێ رووبەڕووی ئەوانە ببێتەوە كە ركابەری دەكەن.
باشترین شێوازیش بۆ دەستپێكردنی ئەم كارە ئەوەیە كە لە كەسە نزیكەكانی خۆی و پارتەكەیەوە دەست پێ بكات، تاوەكو پیشانیبدات كە چەند جیدییە لەكارەكانی و تاوەكو بتوانێ بەرەو بەشەكانی دیكەی حكومەت بڕوات.
یادە‌وەریەكانی هەڵمەتی “صولە الفرسان” لەبەسرە هێشتا زیندووە لە بیرەوەری زۆرینەی خەڵكدا و مالیكی دەتوانێ ئەو هەلە بقۆزێتەوە و گۆڕانكاری بكات پێش ئەوەی قەیرانەكە لەدەستدەرچێ.
لەبارەی كوردستانیشەوە، زۆر زەحمەتە حكومەتی هەرێمی ئێستا بتوانێ ئەو گۆڕانكارییە پێویستانە ئەنجامبدات تاوەكو ژینگەیەكی لەبار دروست بكات بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر و نەهێشتنی گەندەڵی.
ئەمەش لەبەر هۆكارێكی زۆر سادە و ئەوەش لەبەرئەوەیە كە سەرۆكی حوكمەتەكە د. بەرهەم ساڵح، ئەو هێزەی نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێكی لەوجۆرە.
لەڕووی هێز و دەسەڵاتەوە، لەسلێمانی و لەنێو یەكێتیدا د.بەرهەم لە پلەی چوارەم و پێنچەمدا دێ لە باشترین هەڵسەنگاندن. لەهەولێریش، ئەو ناتوانێ هیچ شتێك بسەپێنێ، بەبێ رەزامەندی پارتی. ئەمە جگە لەوەی كە بزووتنەوەی گۆڕان بەهیچ شێوەیەك ئەویان قبوڵ نییە.
لەبەرئەوەی بۆ ئەو تاوەكو هەر هەنگاوێكی جیدی بنێ، پێویستی بەڕەزامەندی سێ تا چوار كەس هەیە لەهەر یەك لە دوو پارتەكەی كوردستان.
ئەمەش تۆپەكە بەتەنیا لە گۆڕەپانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا دەهێڵێتەوە. ئەو ئەوەندە دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی هەیە كە بتوانێ پێشڕەوی هەڵمەتێكی ریفۆرم بكات بۆلەنێوبردنی گەندەڵی بەهەموو تووخمەكانییەوە و رێگە خۆش بكات بۆ ژیانێكی باشتر بۆ هاووڵاتیان، تەنانەت ئەگەر ئەمە لە زەرەری ئەو خەڵكەش بێت كە لێیەوە نزیكن، لەڕاستیدا ئەو دەتوانێ لەوانە دەست پێبكات كە لەخۆیەوە نزیكن.
تەنها بە دەستپێشخەری ئەم شێوازە بارودۆخەكە لە بەغدا و كوردستان هێور دەبێتەوە و بوونی ئامانجێكی هاوبەشیش وا لە خەڵكەكە دەكات لە قەیرانەكە دوور بكەونەوە و كار بۆ داهاتوویەكی پڕشنگدار بكەن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق