الاثنين، 28 فبراير 2011

رۆژی تووڕەبوون؟

بەپێچەوانەی شۆڕشەكانی دیكەی ناوچەكە، رۆژی تووڕەبوونی عێراق، بەهۆی ترسی دەسەڵاتداران، شێواوی باری خۆپیشاندەران و نادیاری داواكارییەكان، كورتی هێنا.
ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ لێكدابڕانی بەشەكانی وڵات و نادیاری زیاتر سەبارەت بە داهاتوو و چارەنووسی ئەم خۆپیشاندانانە.
لە شۆڕشەكانی دیكەی ناوچەكە، پرسەكە زۆر سادەتر بوو، خەڵكەكە دوو بەشبوون: كەمینەیەك لەگەڵ رژێمەكان بوون، زۆرینەش دژیان بوون.
لەگەڵ ئەوەش داواكارییەكانیشیان سادەتر بوون: "خەڵك گۆڕینی رژێمی دەوێت" و لەئەنجامیشدا هەواڵەكانی میدیا روونتر بوون، یان ئاسانتر دەربارەیان دەنووسرا و باسی لێدەكرا.
لەگەڵ ئەو هەموو داواكارییە رەوایانەی خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ دەسەڵاتدارانیان كراوە، تەنیا یەك پێناسە بۆ رۆژی تووڕەبوونی عێراق هەیە: ئەویش شێواوی بارودۆخ و تێكەڵی. هەر بەم شێوەیەش رووماڵكردنی میدیاكانی خۆماڵی و نێودەڵەتی سەبارەت بە رۆژی تووڕەبوون شێواو و تێكەڵ بوو!
هەروەها، پارچەبوونی سیاسی، نەتەوەیی و تایفەگەری عێراقییەكان لەڕۆژی تووڕەبووندا زۆر روون و ئاشكرا بوو.
ناكۆكی نێوان شیعە و سوننە جارێكی دیكە سەریهەڵدایەوە: لەنێو شیعەكاندا، لایەنگرانی مەرجەعییە لە ماڵەوە مانەوە، لەهەمانكاتدا عەلمانییەكان هاتنە سەر شەقامەكان، سوننەكانیش زۆربەیان رژانە سەر شەقامەكان.
سەبارەت بە كوردستان، لایەنگرانی گۆڕان پشتگیریان لەخۆپیشاندانەكانی شاری سلێمانی كرد و یەكێتیش بێدەنگ بوو، تەنانەت هەندێك پێیوابوو كە یەكێتی بە خشكەیی پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەكە كردووە بەوەی كە لەو رۆژەدا لەگەڵ گۆڕاندا كۆبوونە‌وە.
لەهەمانكاتدا شاری هەولێر بێدەنگبوو یاخود پارتی بە لایەنگرانی خۆی گوت كە بێنە سەر شەقامەكان بۆ نمایشكردنی هێز یان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری خۆپیشاندان.
زۆرینەی هەڵوێستی دەسەڵات خۆی لەچوارچێوەی ترسدا گیرساندبووەوە. جیاوازی لە هەڵوێستی دەسەڵاتداران لە شوێنە جیاجیاكانی وڵات كاردانەوەی لەسەر خۆپیشاندەران هەبوو.
لەكاتێكدا زۆربەی داواكاریەكان لەچوارچێوەی دابینكردنی خزمەتگوزاری باشتر و بەرزكردنەوەی ئاستی حوكمڕانی و نەهێشتنی گەندەڵی بوون‌. لەگەڵ نەبوونی دروشمی "گۆڕینی رژێم"، وشەكانی گەندەڵی و خزمەتگوزاری لە زۆربەی دروشمەكاندا دووبارە دەبوونەوە، بەڵام لەهەمانكاتدا دروشمەكان زۆر روون و ورد نەبوون.
هۆكاری سەرەكیش ئەوەبوو كە ئەو داواكارییانە باشترە لەمیانەی كۆبوونەوەی دوو شاند یان لایەن باسدەكرێن نەك لەنێو خۆپیشاندانێكی مەیدانی رزگاری.
خوێندنەوەیەكی نزیك بۆ بارودۆخەكەی ئەمڕۆ ئەوە پیشاندەدات كە خۆپیشاندەران و دەسەڵاتداران لە حاڵەتی رووبەڕووبوونەوەدان.
داواكارییەكانیش بەشێوازێك داڕێژراون كە نە حكومەت دەتوانێ ئەو خزمەتگوزاریانە بە شەوێك پێشكەش بكات و نە دەتوانێ گەندەڵی كۆتایی پێ بێنێ و نە خۆپیشاندەرانیش خاڵێكیان هەیە كە بڵێن داواكارییەكانیان جێبەجێكراوە و ئێستا دەتوانن بڕۆنەوە ماڵ.
بارودۆخەكە ئەگەری هەیە ئاڵۆزتر ببێ و لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر رۆژێكیش، لایەنەكان دەكەونە پێگەیەكی بەهێزتر و ئاڵۆزترەوە.
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزاری، داواكاری رەوان و هیچ دەسەڵاتێكیش نییە بتوانێ ئەوانە رەتبكاتەوە، بەڵام خۆپیشاندەران دەبێ لەوە بگەن كە ئەو داواكاریانە پێویستی بە پڕۆسەیەكە بۆ جێبەجێكردنیان.
خۆپیشاندەران پێویستە بەشێوازێك داواكارییەكانیان دەرببڕن كە روونتر بێت و كۆنكرێتی بن. بۆ نموونە ئەوان دەتوانن داوای ئاشكراكردنی هەموو خەرجییەكانی داوودەزگا حكوومییەكان بكەن، یاخود داوا بكەن كە یاسای مافی زانیاری وەرگرتنیان هەبێت لەلایەن دەسەڵاتەوە.
لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا و لەگەڵ نەبوونی داواكاری روونی خۆپیشاندەران، دەسەڵاتداران دەتوانن یەكەم هەنگاو بنێن بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە.
دەبێ دەسەڵاتداران لەوە بگەن كە لەگەڵ زیادكردنی ماوەی دابینكردنی كارەبا، ژمارەی خۆپیشاندەر كەمتردەبێ و لەگەڵ ناردنی هەر بەرپرسێكی گەندەڵ بۆ بەردەم دادگا یاخود دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی، سەدان خۆپیشاندەر دەچنەوە ماڵ.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق