بەپێی ئەو بارودۆخەی ئێستا تێیداین، دەتوانین بڵێین 50 ساڵیتر یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، كەركووك دەبێت.
بۆ ئێمە، ئەمڕۆ كەركووك دڵ و قودسی كوردستانە، بەڵام لەڕاستیدا منداڵێكی نەخۆشی عێراقە و هەموو بنەماڵەكە دەیەوێ هەریەك بە رێگەی خۆی چارەسەری بكات - پێشناچێت كەسیان سەركەوتووبن.
بەتەماشاكردنی هەڵوێستە جیاجیاكان لە كەركووك، پێدەچێ هەڵوێستی كورد لەهەموویان نەگۆڕتر وهەمیشەییتر بێت. بۆچوونی نەتەوەكانی دیكە لە رەتكردنەوەی ناسنامەی كوردستانی كەركووكەوە دەست پێدەكات هەتا سیاسەتی تەعریب و پاكتاوكردنی رەگەزی.
بەردەوامیش سەركردایەتی كورد ئەوە وەبیر جیهان و خەڵكی كوردستان و خۆشیان دەهێننەوە كە مەسەلەی كەركووك هەمیشە مەسەلەی چارەنووسساز بووە لەگفتوگۆ و پەیوەندی و شەڕەكانی بزووتنەوەی كورد لەگەڵ بەغدا.
هەمیشە ناسنامەی كەركووك چارەنووسساز بووە، لەزۆر رووداوی مێژووی كورددا، ئەو مەسەلەیە بووەتە هۆی شكستهێنان و هەڵبەز و دابەزی بزووتنەوەی كوردی.
هۆكاری سەرەكی بۆ ئەمە ئەو بیركردنەوە جەماوەرییە بووە كە ناسنامە و خەڵك و داهاتووی كەركووك مایەی سازشكردن نەبوون. ئەم هەڵوێستە نەگۆڕە پێویست بوو لە رۆژانی شۆڕش و رژێمی سەددام و ئابڵوقەی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەمڕۆ هیچ لەو سێ شتە نەماون.
ئەگەر تەماشای هەڵوێستی ئەمڕۆی كورد بكەین بە سەركردایەتی و پارتە سیاسییەكان وخەڵكەكەیەوە، هیچیان لەجێبەجێكردنی ماددەی 140 كەمتر قبووڵ ناكەن، پێش ئەوەش كەس هیچی كەمتر لە جێبەجێكردنی ماددەی 58 قبووڵ نەدەكرد.
سەرەڕای راستییە مێژووییەكانی دوور و نزیكی ئەو شارە، ئەمڕۆ هەندێ راستی لەو شارەدا هەن كە لەلایەن رژێمی پێشووەوە دانراون و لەلایەن حكومەتی عێراقە نوێیەكەوە دەپارێزرێن. ئەم راستییە تازانەش ناتوانرێ هەروا بە ئاسانی لاببرێن - ئەگەر بكرێ و لاببرێن.
هەڵوێستی تووند لەكاتی گفتوگۆدا شتێكی باشە، بەڵام كاتێك تەماشای دەووروبەرت بكەی و ببینی هەڵوێستەكەت كەمترین پشتگیری هەیە و هەڵوێستێكی پراكتیكی نییە، جا گرنگ نییە ئەو هەڵوێستە راستە یان هەڵە، یان داواكاری زۆرە یان كەم، دەستوورییە یان نا، پێویستە تۆ بە هەڵوێستەكەدا بچیتەوە.
كاتێك تەماشای هەڵوێستی غەیرە كورد دەكەی لەبارەی كەركووكەوە، ئەوا دەبینین كە هەموویان لەیەك بەرەن و كوردیش لە بەرامبەریان.
دراوسێكان و یاریزانەكانیتری ئیقلیمی هەوڵدەدەن بۆ رێگەگرتن لە هەموو جۆرە كۆنتڕۆڵكردنێكی كەركووك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
هیچ كام لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا، یان هەر ئەندامێكی دیكەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پشتیوانی پراكتیكی خۆیان بەرامبەر بە جێبەجێكردنی ماددەی 140 و لكاندنی كەركووك بە هەرێمی كوردستانەوە دەرنەبڕیووە. زۆربەی راپۆرت و پێشنیازە نهێنی و ئاشكراكانیشیان ئەمە پشتڕاستدەكەنەوە و هەتا هەندێكیشیان كورد تۆمەتبار دەكەن بەوەی كورد نەیتوانییوە كۆنتڕۆڵی كەركووك بكات.
بەپێی قسەی فەرماندەیەكی سەربازی ئەمریكی ئەوكات لە كەركووك " لەساڵی 2003 كوردەكان هەلێكیان بۆ رەخسا بۆ راستكردنەوەی ئەم مەسەلەیە (تەعریب و جینۆسئاید)، بەڵام ئەوان زیاتر سەرقاڵبوون بە ناكۆكییە نێوخۆییەكانی پارتی و یەكێتی و ركابەرایەتی و تاڵانكردن".
هەموو ئەم شتانە روودەدەن، لەكاتێكدا سەركردایەتی كوردیش لەبەغدا گیریخواردووە لەسەر چارەنووسی ئەم مەسەلەیە لەگەڵ مەسەلەكانی دیكە. راستییەكە ئەوەیە كە جێبەجێكردنی ماددەی 140 ئەوەندە ئاسان نابێت، ئەگەر مەحاڵ نەبێت.
لەگەڵ تێپەڕبوونی هەموو رۆژێك، چارەسەركردنی ئەو مەسەلەیە بەپێی داواكارییەكانی كورد زەحممەتر دەبێت و هۆكارەكەش ئاشكرایە: لەگەڵ رۆیشتنی هەموو رۆژێك سەوداگەرییەكەی هەرێمی كوردستان گرانتر دەبێت.
وەكو بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕانە، یان وەكو گرووپێكی پەراوێزكراو یان وەك رووبەڕووبوونەوەی لەدژی رژێمی سەددام، زۆر ئاسان بوو بڵێی یان كەركووك و خانەقین یان تاماوین دەجەنگین. خەڵكەكەش پشتگیری لەم هەڵوێستە دەكرد. ئەمڕۆكە زۆر زەحمەتە ئەوە دووبارە بكەیەوە، لەبەرئەوەی ئەوە هەڵوێستێكی پراكتیكی نییە، بەڵام ئەمە لە قسەكانماندا رەنگنادەنەوە، هێشتا "یان تاماوین دەجەنگین" ە.
سەركردەكانیشمان دەتوانن ئەو هاوكێشەیە بگۆڕن. كاتێك پلانی یەكەم سەركەوتوو نەبێ، كارێكی باشە ئەگەر بیر لە پلانی دووەم بكەیتەوە، بیدۆزیتەوە و پەیڕەوی بكەی وخەڵكیشی لەبارەوە ئاگادار بكەی.
ئەگینا، كاتێك خەڵكەكە دووچاری راستییە تاڵەكە دەبن بەوەی زۆر زەحمەتە كەركووك بەدەستبێننەوە بەوشێوەیەی بەڵێنیان پێدراوە، سەركردەكان یەكەم كەس دەبن كە رووبەڕووی چەندین تۆمەتباری و بەرپرسیارێتی بكرێنەوە، بەوەی كە بەڵێنی یەكەمیان بەجێنەهێنانەوە.
خاڵێكی مشتومڕهەڵگر لە دیموكراسییە نوێیەكاندا ئەوەیە كە ئەویش "شەرعیەتی مێژوویی" سەركردەكانە. بەڵام ئەمە بۆ بارودۆخێكی لەم شێوەیە بەسوودە.
لە فەلەستین، مەحموود عەباس ناتوانێ هەمان كردار و قسەبكات كە وەختی خۆی یاسر عەرەفات دەیكرد. بەهەمان شێوە، سەركردەكانی ئەمڕۆی كوردستان ناتوانن هەمان كردەوە و قسەی شێخ مەحموود و مەلا مستەفا بكەنەوە. سەركردەكانی داهاتووش ناتوانن هەمان كردەوە و قسەكانی مام جەلال و كاك مەسعود بكەنەوە دەربارەی كەركووك.
بە كورتی و كوردی، سەركردە مێژووییەكانی ئەمڕۆ دەتوانن زەمینە بۆ پلانی دووەمی كەركووك دابنێن و تازووتر ئەو پلانە هەبێت، ئەوا ئاسانتر چارەسەری كەركووك دەدۆزرێتەوە و رێگە دەگیرێت لەوەی كە ببێتە سەرچاوەی ناسەقامگیری بۆ كوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق