الاثنين، 3 يناير 2011

سیاسەتێكی ئیفلیج … ئاسایشێكی نادیار

دوای چەندین حكوومەت و لەدوای چەندین بەرەنگاربوونە‌وە زەحمەتیی ئاسایش بەرەوڕووی وڵاتەكە بووەتەوە، دواخستنی دیاریكردنی وەزیرەكانی تایبەت بە ئاسایشی عێراق، نیشانەیەكی زەقی سیاسەتە ئیفلیجەكەی وڵاتە.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە مەسەلەی ئاسایش گرنگترین ئەركە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، كەچی هەتا ئێستاش پڕ كێشەترین دۆسیەیە بۆ حكوومەت.
پێدەچێت سیاسەتی عێراق، پێویستییەكانی وڵاتەكەی سەرەوژێر كردبێتەوە. سەقەتییەكی بنچینەیی عێراقی نوێ ئاشكرا بوو كاتێك وەزارەتەكانی تایبەت بە ئاسایش خرانە قۆناغی كۆتایی راگەیاندنی حكومەتەوە. وڵاتێك كە رووبەڕووی ئەو هەموو ئاستەنگە ئەمنییە بووەتەوە، پێویست بوو ناوی وەزارەتەكانی ئاسایشی لەسەرەتاوە ئاشكرا بكردایە و ئەوانی دیكە لە كۆتاییدا بەتایبەتی لەبەرئەوەی كە وڵاتەكە كاتێكی دیاریكراوی هەیە بۆ جێبەجێكردنی كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی لە مانگی ئاداری داهاتوو.
راستییە تاڵەكەش ئەوەیە كە لەبارودۆخە سیاسییەكەی ئێستاماندا، ئەو ئاسایشە شلۆقە خەسڵەتێكی بەردەوامی عێراق دەبێت، لەبەرئەوەی بەپێی ئەو بارودۆخەی ئەمڕۆ، هەموو توخمێكی خراپبوونی باری ئاسایش و تەنانەت بەرپابوونی شەڕی نێوخۆ هەمووی لەئارادان، توخمەكانی وەك نەساغی پڕۆسەی سیاسی، بێ متمانەیی لەنێو خەڵك، نادڵنیایی لە دەوڵەت و هەروەها كۆمەڵگایەكی چەكدار و پڕ لەتوندوتیژی.
هۆكاری سەرەكی لە دەستنیشاننەكردنی پۆستی ئەو وەزارەتانە، نەبوونی متمانەیە لەنێوان بلۆكەكان، لەبەرئەمەش سیستەمی كۆتا بۆ وەزارەتەكانی تایبەت بە ئاسایش بەكارهێنراوە.
هەروەكو زۆربەی بوارەكانی دیكەی بنیاتنانی دەوڵەت، ئاسایش كاتێك بەدەست دێت كە لە سیاسەت دوور بخرێتەوە.
بۆ ئەوەی سەقامگیریش لە عێراق بچەسپێت، چەند شتێك دەبێ ئەنجام بدرێت. یەكەم: بوونی سەركردایەتییەكی بەهێز كە خەڵكەكە هانبدات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و لەلایەكی دیكەشەوە ترسێك لەنێو ئەوانەش دروست بكات كە دەیانەوێت باری ئاسایش تێكبدەن. هەتا ئێستاش عێراق نەیتوانیوە سەركردەیەك دروست بكات كە بتوانێت بەناوی هەموو عێراقییەكانەوە قسە بكات و هیچ ئاماژەیەكیش نییە كە بڵێی عێراق سەركردەیەكی لەو جۆرەی دەبێت لە داهاتوویەكی نزیكدا.
ئەمەش كاتێك روودەدات كە پڕۆسەیەكی سیاسی هەبێت نوێنەرایەتی ویستی خەڵك بكات و هەستێكی خاوەندارێتی بە خەڵكەكە ببەخشێ، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی وەفادارێتی لەنێو خەڵكەكە بۆ دەوڵەت و دروستبوونی كلتووری سەروەریی یاسا و ناسنامەیەكی هاوبەش لەنێو هەموو هاووڵاتیان.
كەشوهەوایەكی لەم چەشنەش رێگە خۆشدەكات بۆ دروستبوونی كۆمەڵگایەكی ئاشتیخواز و دوور لە چەكداری و سەرەتایەك دەبێت بۆ گەڕانەوەی چەكەكان بۆ نێو دەستی دەوڵەت كە ئەمەش مەرجێكی گرنگە بۆ گۆڕانكاری راستەقینە لە باری ئاسایشدا.
خاڵێكی وەچەرخانی لەمجۆرەش كاتێك بەدەست دێت كە عێراقییەكان و ئەوانەی چەكیان هەیە دڵنیا دەبن لەوەی دەوڵەتەكە دەیانپارێزێت و داهاتێكی لەباریشی هەیە كە پەنا نەباتە بەر چەكەكەی بۆ دابینكردنی ژیانی رۆژانەی و متمانەی بە عێراقییەكانی دیكەش هەبێت كە لە زۆربەی كاتەكاندا سەر بەهەمان تایفە و نەتەوە نین.
لەگەڵ ئەوەی ئەم خاڵانە ئێستاكە زۆر زەحمەت دیارە، بەڵام دەبێ هەوڵێكی جیدی بدرێت بۆ دروستكردنی ئەو كەشوهەوایە. ئەوە ئەركی حكوومەتە كە رێگە نەدات جارێكی دیكە ئەو بۆشاییە لە پۆستی ئاسایشی حكومی دروست ببێتەوە. حوكمڕانی باش گارانتی ژیانی باش دەداتە عێراقییەكان. ئاشتبوونەوەی نیشتمانی راستەقینەش‌ لەلایەك و دروستكردنی كلتووری لێبووردەیی لەلایەكی دیكەوە، متمانە لەنێو عێراقییەكان دروست دەكات.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق