الثلاثاء، 26 أكتوبر 2010

لە ئاسایش.. ئازادی و سەروەری یاسادا

سێ گرووپی بەرژەوەندی لە وڵاتی ئێمە هەن. هەمووشیان ركابەرایەتی یەكدی دەكەن لەسەر گۆڕەپانی سیاسی یاخوود دیموكراسیدا و هەریەكەشیان نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەك دەكات و ململانێی‌ ئەوانی دی دەكات بۆ بەرزڕاگرتنی كۆڵەكەیەكی كۆمەڵگای دیموكراسی‌ تەندروست.
لەراستیدا، ئەوانە سێ كامپی جیاواز پێكدێنن، كامپی ئاسایش، كامپی ئازادی و كامپی سەروەریی یاسا.
حكوومەت و كۆمەڵگا لەسەر ئەم بنەمایانە دیاریكراون و بەسەر ئەم سێ گرووپەدا دابەش بوون. ئەو خەڵكانەی لەكامپی ئاسایشن، زۆربەی كات لەوبڕوایەدان كە پێویستە ئاسایش و سەقامگیری شوێنەكە ئامانجی سەرەكی بێت و دواتر ئازادی و سەروەری یاسا دێن.
هەروەها ئەوانەشی لەكامپی ئازادیدان، پێیانوایە كە پێویستە ئازادی لەپلەی یەكەم بێت و پاشانیش ئاسایش و سەروەریی یاسا و هەمان شتیش بۆ ئەوانەی لەكامپی سەروەریی یاسادان.
واقیعی ژیان وایە كە هەریەك لە گرووپی ئاسایش و ئازادی و سەروەری یاسا زۆر گرنگن بۆ سیستەمێكی تەندورستی دیموكراسی.
چەسپاندنی سەقامگیریی و ئاسایش و بەقوربانیكردنی ئازادی و سەروەریی یاسا، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ رابردوو.
بەو شێوەیەش رژێمێكی توندی دڕندەی ناوخۆ، لاوازمان بۆ دەمێنێتەوە كە ناتوانێت بڕیارێكی گونجاو بدات و بەئاسانیی دەڕووخێنرێت و بەغدای پێش 2003-یش نموونەیەكی زەقی ئەو شێوازەیە.
گارانتیدانی ئازادی، بێ ئاسایشێكی راستەقینە و سەروەریی یاسا، بەمانای دروستبوونی گەڕەلاوژە دێت كە دەبێتە هۆی دروستبوونی شوێنێكی كراوە هەموو كەس تیایدا دەتوانێ قسە بەخەڵكی دیكە بڵێت و ناوبزڕێنێت، بێ ئەوەی ترسی ئەوەی هەبێت كە دووچاری سزای یاسایی دەبێتەوە. لەگەڵ نەبوونی ئاسایشدا، ئازادی و ژیانی خەڵك لەژێر مەترسیدا دەبێت.
چەسپاندنی سەروەریی یاساش، بێ ئاسایش و ئازادی، هیچ مانایەك نابەخشێت. بەغدای دوای 2003-یش باشترین نموونەیە بۆ ئەمە.
زۆربەی كاتیش هەموو گرووپەكان لەگەڵ یەكدی ناكۆكن.
دروستبوونی ناكۆكیش لەنێو ئەم گرووپانەدا شتێكی ئاساییە، بەڵام پێویستە ئەو گرووپانە دایالۆگ لەگەڵ یەكدی بكەن، نەك ناكۆكی.
بەڵام لەگەڵ نەبوونی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەنێوان ئەم سێ گرووپە، درز لەپێكهاتەی دەوڵەتەكە پەیدادەبێ و ئەمەش رێگە بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ خۆش دەكات كە بەپەرۆشن بۆ بینینی شكستهێنانمان.
دەبێ پەیوەندییەكانی نێوان ئەم گرووپانە بەشێوەیەكی هەستیارانە و ژیرانە رێكبخرێن. سەركردەكانی كۆمەڵگاكەشمان دەبێ كار بكەن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پەیوەندییە، لەبەرئەوەی دەبێ ئەوان لەناوەندی ئەم سێ گرووپە بن و هەر ئەوانیشن كە میللەت بەرپرسیاری كردوون لەهەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش، ئازادی و سەروەریی یاسا.
لەدیموكراسیدا، هیچ گرووپێك نابێت سەركەوتوو بێت، دەبێ هەموو پێكەوە كار بكەن بۆ دابینكردنی كەشوهەوایەكی پڕ لەئاسایش، ئازادی و سەروەریی یاسا بۆ تاكەكان.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق