چەقین و تاقیكردنەوە و هەڵەكردن سیمای سیاسەتی ئەمڕۆی عێراقن. ئەمەش بەشێكی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ واقیعە نوێیەكەی سیاسەتی وڵاتەكە. لەگەڵ ئەوەی ئەمە لەنێو دەستووردا ئاماژەی پێنەكراوە، بەڵام عێراقی نوێ لەلایەن شیعە، سوننە و كوردەوە حوكم بكرێت.
ئەگەر بۆ هەر پۆستێك كاندید بكرێن، ئەوا پێكهاتەی زۆرینەی بلۆكەكان پڕاوپڕ لەگەڵ ئەم هاوكێشەدایە و ئەوەی هەندێك جیاواز بێت لەنێویاندا، بلۆكی عێراقییەیە.
جیاوازی سەرەكی عێراقییە، زلی و پێكهاتەكەیەتی. راستە كە گەورەیە، بەڵام زلییەكەی زیاتر لە قەڵەوی دەچێت. زۆربەی كاتەكان كە بڕیارێك دەدرێ، لە كاتێكی درەنگ دێن، لەبەرئەوەی چەندین گرووپ لەنێویدا هەن. لەبنەڕەتدا ئەم لیستە، لیستێكی سوننەیە و سەرەكەی شیعەیە، عەللاوی كەمینەیە لەنێو بلۆكەكەدا.
كێشە ئەم بلۆكە دەستپێدەكات كە عەللاوی دەستنیشانبكرێت بۆ سەرۆك وەزیران، ئەوكاتە پۆستەكانی سەرۆك كۆمار وسەرۆكی پەرلەمان دەبێ لەلایەن گرووپ و بلۆكەكانی دیكەوە پڕ بكرێنەوە، ئەمەش بۆ شیعە و كورد دەبێت.
كێشەی گرووپەكانی ناو عێراقییە ئەوەیە كە ئەگەر ئەوان پشتیوانی عەللاوی بكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەوا پۆستی وەزارەتە گرنگەكان لە دەستدەدەن، كە پێیانوایە پێویستە بدرێتە سوننەی عەرەب.
ئەگەر عەللاویش سەركەوتوو نەبوو لەپێكهێنانی حكوومەت، ئەوا پۆستی سەرۆك وەزیران دەدرێتە لیستی دووەم كە ئەویش مالیكییە. كێشەی ئێرەی عێراقییەش ئەوەیە كە لەگەڵ لەدەستدانی پۆستی سەرۆك وەزیران، دوو پۆستەكەی دیكەش لەدەستدەدەن.
لەئەنجامیشدا، هەروەكو چەند گرووپێكی نێو عێراقییە دەیانووت " ئەوا شیعە و كورد كۆنتڕۆڵی عێراق دەكەن".
ئەم مەسەلانەش بڕیاردانی عێراقییە خاو دەكەنەوە و لە هەندێ حاڵەتیشدا بڕیارەكان دەكەنە ناواقیعی و لەئاكامیشدا چەندین هەلی گرنگی لەدەستدا بۆ بوونی بە یاریكەرێكی سەرەكی گۆڕەپانی سیاسەت.
لەسەرەتادا، ئەوان بەشكردنی دەسەڵاتیان لەگەڵ مالیكیدا رەتكردەوە، كە چاوەڕێدەكرا بۆ هەردوولایان سوودبەخش بێت و پۆستی سەرۆك كۆماریان وەردەگرت لەگەڵ دەسەڵاتێكی زۆرتریش.
لەگەڵ ئەوەی لەم دواییەدا ئەوان پشتیوانی خۆیان بۆ كاندیدكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاند، بەڵام بڕیارەكەیان زۆر درەنگ هات. ئەگەر ئەوان هەر لەسەرەتاوە پشتیوانیان بكردایە، ئەوا ئێستاكە هەلێكی زیاتریان دەبوو لە مانەوەیان لەنێو حكوومەتدا.
لەلایەكەی دیكەوە ئیئتیلافی نیشتمانی عێراقیش پڕ لە كێشەیە. هاوپەیمانەكانیان بەردەوام لە گۆڕیندان، بەتایبەتی كە دێنە سەر بڕیاری دیاریكردنی كاندیدەكانیان. كاندیدكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵمەتێكی سیاسی بەهێزی لەگەڵدا ئەنجامنەدرا بۆ پشتیوانیكردنی و لەجیاتی ئەوە ئەوانیش بوونە قوربانی هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق و ئەوانیش ئەویان وەكو كاندیدكراوێكی شیعە دەویست.
لەئاكامیشدا، ئەویشیان لەدەستدا و گەڕانەوە بۆ مالیكی، كە وادیارە بلۆكەكەیان لەچاو بلۆكەكانی دیكەدا یەكگرتووتر و پتەوترن. شوێنی ئەویش لەنێو بلۆكەكەیدا، وەكو هیچ سەرۆك بلۆكێكی دیكە نییە. ئەو تاكە سەرۆكی بلۆكە كە سەرۆكایەتییەكەی بێ ركابەرە.
بەپێی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ رۆژنامەی (كریستیان ساینس مۆنیتۆر)ی ئەمریكی، بایدن پێشنیازی كردووە كە تاڵەبانی ببێتە گەورە نوێنەرێكی تایبەت بۆ عێراق و عەللاوی ببێتە سەرۆك كۆمار و مالیكیش لەپۆستی سەرۆك وەزیراندا بمێنێتەوە.
ئەمەش ئاشكرای دەكات كە تەنانەت ئەمریكاش چیدیكە تاقەتی وردەكاری سیاسەتی عێراق نەماوە و ئێستاكە بێ باكی ئەمریكا بۆ ئەم پڕۆسەیە گەیشتووەتە ئەو خاڵەی كە پێشنیازی نەگونجاو پێشكەش دەكات و مۆدێلە پێشنیازكراوەكەی بایدنیش نموونەیەكی زەقە بۆ سەلماندنی ئەوە.
ئەم سەوداگەرییەش بەزەرەری كورد دێت، تاكە هاوپەیمانی ئەمریكییەكان، كە ئەوانیش پێدەچێت ئەو ڤایرۆسی چەقبوون و تاقیكردنەوە و بەهەڵەچوونیان گرتبێت.
ئەوان هیچ بڕیارێكیان نەدا و گۆڕەپانەكەیان بۆ ئەوانیدیكە بەجێهێشت و پێش ئەوەی ببنە ئەكتەرێكی ناگرنگ بەشەرمەوە ئاماژەیان بەپشتیوانیكردنی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كرد.
رەنگە ئەم چەقین و تاقیكردنەوە و هەڵەكردنە و هەروەها ئاڵوگۆڕكردنی هاوپەیمان و ركابەران بەردەوام بێت، ئەگەر هیچ هەستێكی راستەقینەی بەرپرسیارێتی و ویست ودیدی نوێ نەخرێتە نێو سیاسیەتی عێراقەوە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق