دیسانەوە كورد خۆیان لەو بارودۆخەدا دۆزیەوە كە بوونەتەوە پارسەنگی دەسەڵات لەعێراقدا، بەڵام ئەمجارەیان سەوداگەرییەكە زۆر هەستیارترە. ئیفلیجبوونی پرۆسەی سیاسی عێراق، ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردووە، بەوەی كە تاكە وڵاتە لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن، زۆرترین كات بێ حكوومەت بووە. لەگەڵ ئەوەی كە زۆربەی لایەنەكان، دەستی خۆیان ئاشكرا كردووە و لایەنگری لایەنێكیان كردووە و ئێستا نۆرەی كوردە بۆ ئەوەی بڕیار بدات كە كێ سەركردایەتی عێراق بكات.
بەڵام هەواڵی دڵخۆشكەر بۆ سەركردایەتی كورد ئەوەیە كە ئەمجارەیان دەستنیشانكردنی سەرۆكایەتی وەزیران روونە. لە دوای چەندین مانگ لە بڕیارنەدان، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، توانی ركابەرییەكە بەرێتەوە و متمانەی ئیتیلافی نیشتمانی شیعی و كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەست خۆیەوە بێنێ . دوو مانگ لەمەوپێش، وتارێكم دەربارەی یاریزان و تەماشاكاران نووسی و، كورد و بلۆكە بچووكەكانی دیكەم هاندا كە بڕیاری خۆیان بدەن لە سەر سەرۆك وەزیرانی داهاتوو. پێدەچێت سەدرییەكان و ئەوانیدیكەش بڕیاری خۆیان دابێت بەوەی مالیكیان كاندید كرد، لەخۆشبەختی بۆ كوردیش، پێدەچێ بارودۆخەكە ئەوەندە نەگۆڕابێت.
بەدڵنیاییەوە، تائێستا سیاسەتی عێراق هەر بە ناڕێكوپێكی و ئیفلیچی ماوەتەوە. وڵاتەكە ناتوانێ بە هیچ لایەكدا بڕوات، ئەمەش بەهۆی سیاسەتی وڵاتەكەوەیە. بەڵام كوردەكان نابێ ئەو سیاسەتە ئاڵۆزە كاریان تێبكات و بڕیاری ئەمڕۆیان زۆر ئاسانە: مالیكی یان عەللاوی.
ئەو ناكۆكییە درێژخایەنە لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران دەردێكی دیاری ئیفلیجبونی سیاسەتی بەغدایە هەروەها روون و ئاشكرایە كە ئەو ناكۆكیەی لەنێوان لیستەكاندایە لە سەر سیاسەتەكانیان نییە بەڵكو لە سەر بەرژەوەندی بلۆكەكانە نەك بەرژەوەندی خەڵك. شكاندنی ژمارەی پێوانەیی جیهانی و هەستنەكردن بەپەلەكردن بۆ پێكهێنانی حكوومەت و سازشكردن، چەند نموونەیەكی زەقن بۆ ئەوە.
كورد لەچاو بلۆكەكانی دیكە جیاوازن، لەبەرئەوەی ئەوان تێكەڵاوی سیاسەتە دژوار و سەختەكەی بەغدا نەبوون.
رەنگە گوشاری دەرەكی بخرێتە سەر كورد بۆ ئەوەی پشتیوانی لەو حكوومەتە تایفەگەرییە نەكات بەسەرۆكایەتی پارتە بەهێزە شیعەكان، بەڵام واقیعەكە ئەوەیە كە ئەوانیدیكەش ئەوەندە لە مالیكی باشتر نین.
لە قۆناغی سەرەتایی گفتوگۆكاندا، حكوومەتێكی نیشتمانی یەكگرتوو رەنگە وەڵام بووایە، بەڵام ئەمڕۆ ئەوە وەڵام نییە. ئەو پەیوەندییە خراپەی لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا دروستبووە بووەتە هۆی تێكدانی هەر متمانەیەك كە لەنێوان دوو لیستە سەرەكییەكە هەبوو بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی یەكگرتوو.
وەكو یەكێك لەگرووپە بێلایەنەكانی شەڕە ئاڵۆزە سیاسیەكەی بەغدا، كورد ئەمڕۆ هەلێكیان لەبەردەمدایە بۆ دروستكردنی بارودۆخێكی نوێ بۆ خۆیان و بۆ پرۆسە سیاسییەكەش. مالیكی هەر بەكاندیدكراوی بەهێز مایەوە و هەروەها عەللاویش.
لەگەڵ ئەوەی ئەوان یەك هاوپەیمانین، سیاسەتەكانیان لەڕووی پلەبەندی، ئامانجەكانیان و بەرژەوەندی و بابەتەكانیان زیاتر پێگەیشتوو و، روونترن. هۆكاری سەرەكی ئەوەش ئەوەیە كە ئەوان هەموویان سەر بەیەك هەرێمن. داواكاری و ئامانجەكانیان دوێنی دروست نەبوون، بەڵكو لەدوای چەندین ساڵ خەبات پێیگەیشتوون.
زۆربەی چاودێران پێیانوایە كە تۆپەكە ئێستا لەنێو یاریگای كورددایە، بەڵام نابێ ئەمە وەكو ئەركێك تەماشا بكرێ، بەڵكو دەبێ وەكو هەلێك لەقەڵەم بدرێ.
كورد ناتوانێ یاریەكی سیاسی بكات، بێ ئەوەی بیرۆكەیەكی روونیان نەبێت لەبارەی داواكارییەكانیان. پێویستە لیستی 19 داواكارییەكانیان ببێتە بناغەی گقتوگۆكانی كورد لەگەڵ مالیكی یاخوود عەللاوی.
پێویستە لە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش وەكو سەركردایەتی، روانگە و بەهێزی كاندیدكراوەكان حسابیان بۆ بكرێت.
بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بلۆكەكان، پێویستە كوردەكان بیر لە ركابەرایەتی و یەكگرتوویی و بەردەوامی بلۆكەكان بكەنەوە و هەروەها پەیوەندییە مێژووییەكانیان - یاخود دژایەتیكردنیان - بەرامبەر بەكورد و داواكارییەكانیان حسابیان بۆ بكرێت.
لەو یاریە سیاسیە درێژخایەنەدا، هەتا ئێستا كورد تەماشاكار بوون و ئێستا لە هێڵی كۆتایی نزیك بوونەتەوە، ئێستا كاتی یاریكردنی كوردە بۆ تۆماركردنی گۆڵی سەركەوتن.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق