الخميس، 23 سبتمبر 2010

عێراقی نوێ و مافی مرۆڤ

هەڵوێستە جیاواز و دژ بەیەكەكانی بەرپرس و چالاكوانانی عێراق لەبارەی راپۆرتی ئەم دواییەی رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشنال لەسەر بارودۆخی زیندانەكانی عێراق و دەستگیركراوەكان، ئاماژەیەكی ئاشكرایە كە مافەكانی مرۆڤ لە عێراقی نوێ هێشتا بەشێوەیەكی گشتی قسەی سەر زارەكییە لەلایەن زۆر كەسەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی بەرپرسانی حكوومی و حیزبی دووپاتیانكردووەتەوە كە دەیانەوێ رێز لە بەهاكانی مافی مرۆڤ بگرن.
هەفتەی رابردوو ئەمنستی ئینتەرناشنال راپۆرتێكی بڵاوكردەوە كە دەڵێ بەهەزاران دەستگیركراو بێ ئەوەی بدرێنە دادگا، زیندانیكراون و لەوێدا دووچاری ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە.
ئەو پێشێلكارییە زۆرانەی لەو راپۆرتەدا ئاماژەیان پێكراوە، نیشانەی ئەوەن كە تێگەیشتن و زانین و هۆشیاری لەبارەی مافەكانی مرۆڤ زۆر كەمن و پێویستە زۆر بكرێن، چونكە پێدەچێت هێشتا وشەی مافی مرۆڤ پێناسەیەكی نادیاربێ بۆ زۆربەی عێراقییەكان، بەتایبەتیش ئەوانەی كە لەبواری ئاسایش ئیش دەكەن.
بەڵام بەرپرسانی عێراقی زۆر بەپەلەبوون بۆ دەربڕینی هەڵوێستە جیاجیاكانیان. هەڵوێستە جیاجیاكانی نێوان دادوەری، وەزارەتی داد، بەرپرسانی ئاسایش، سیاسەتمەداران و گرووپەكانی مافی مرۆڤ ئاماژەیەكی ئاشكرابوون بۆ ئەوەی كە سیستەمێكی ئەوتۆ نییە كە یارمەتی چاودێری پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ بدات. ئەمەش لە رێگەی بڵاوكردنەوەی ئامار و راستی و زانیاری بەردەوام دەبێت بۆ هاووڵاتیان و رای گشتی.
میكانیزمێكی لەوشێوەیە پێناسەی مافەكانی مرۆڤ تێكەڵاوی كولتووری ئاسایش دەكات و بەرز راگرتنی بەهاكانی مافی مرۆڤ بۆ رێگەیەكی باشتر دەبات.
خاڵی سەرەكی لە مشتومڕەكان دەربارەی راپۆرتەكە، ژمارەی دەستگیراوەكان بوو. نەدەبووایە شتێكی لەوجۆرە رووبدات. دەكرا حكوومەتی عێراقی تۆماری هەموو كەسێكی هەبێت كە دەستگیركراوە و رێكخراوەكانی وەك ئەمنستی و رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ ئازاد بكات لە بینینیان . هەروەكو لایەنەكانی دیكەی حكومڕانی، شەفافیەت گرەنتییەكی سەرەكییە بۆ حوكمڕانی باش تەنانەت لەو بوارەشدا .
نەبوونی پەیوەندی و روونكردنەوە بەتایبەتی بۆ رێكخراوە نێودەوڵەتییە ناسراوەكان زیانبەخشن. نابێت عێراقییەكان ئەوە لەبیر بكەن كە ئەوانە هەمان رێكخراو بوون كە تاوانەكانی رژێمی پێشووی عێراقیان دژی میللەتی عێراق ئاشكرا دەكرد. حكومەتی ئێستای عێراق نوێنەری ئەو میللەتە چەوسێندراوەیە.
دەبێ حكوومەتی عێراقی بە وردی توێژینەوە لەسەر راپۆرتەكە بكات و تۆمەتەكان و ئەوانەی رابردووش بەجیدی وەربگرێت و هەنگاوی كۆنكرێتی و پراكتیكی بهاوێژێت تاوەكو هەوڵبدات راپۆرتی داهاتوو لەوەی ئێستا باشتر بێت.
ئەمەش بەوە ناكرێ كە تەنیا ژمارە و سەرچاوەكانیان رەتبكرێنەوە. ئەمە كاتێك بەدەستدێت كە بەجیدی مامەڵە لەگەڵ ئەو رێكخراوانە بكەن و بەشێوەیەكی پۆزەتیڤانەش وەڵامی پێشنیازەكانیان بدەنەوە و ئەوەش پیشانبدریت كە هەنگاوی پتەونراوە بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلكارییەكان.
زۆر لە خەڵك دەڵێن كە بارودۆخی مافەكانی مرۆڤ ئەوەندە باش نەبووە كاتێك هێزەكانی ئەمریكاش لە عێراق بوون، بەڵام هەر هیچ نەبێت كە ئەوان وەكو چاودێر دەبینران بۆ دڵنیابوون لەوەی كاری گونجاو دەكرێت.
لە دوای راپۆرتەكەی ئەمنستی لیوا بۆب ئۆوینی وتەبێژی سوپای ئەمریكا لە بەغدا رایگەیاند كە زیندانەكانی عێراق "بەبەردەوامی سەردانیكراون و بەستانداردی جیهانی و بنەما یاساییەكان بەڕێوەبراون و چاودێری زیندانییەكان كراوە".
هەروەها قسەكانی فلیپ كڕۆڵی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی راپۆرتەكەوە، دڵی ئەو عێراقییانەی خۆشكرد، كە مەترسی ئەوەیان هەیە رەنگە بارودۆخی مافەكانی مرۆڤ بەرەو خراپ بڕوات. ناوبراو رایگەیاند كە رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ مەسەلەیەكی گرنگە لە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتن و بەغدا و لەوبارەیەوە گوتی" مافەكانی مرۆڤ پێكهاتەیەكی گرنگە لە كارەكانی ئەمریكا بۆ بنیاتنانی سیستەمی حكوومەتی عێراقی".
نیشانە سەرەتاییەكانی كاریگەری كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق خەریكە دەردەكەون، ئەمە یەكەمیان بوو. پێویستە ئەمریكاش هەوڵی چارەسەكردنی ئەم كێشانە بدات، رەنگە بە یارمەتیدانی حكوومەتی عێراقی و هەندێجاریش بەگوشار خستنەسەر ئەو بەهایانەی كە خوێنی ئەمریكی و عێراقی لەپێناویدا رژاون بەرز رادەگیرێن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق