الأربعاء، 15 سبتمبر 2010

پەیوەندی كوردستان و ئەمریكا

سەردانی جۆزێف بایدن بۆ هەولێر دانپێدانانێكی گرنگ بوو بە پێگەی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی لە عێراق و‌ پڕۆسە سیاسییەكەی. هەروەها دڵنەواییەكیش بو‌و كە پەیوەندی ئەمریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان ساخ و سەلامەتە، بەڵام چ جۆرە پەیوەندییەك؟

تائێستا ئاستی پەیوەندییەكە هەمەجۆربووە بەگوێرەی قەبارە و قووڵی كێشەكانەوە. لە بانگهێشتی سەركردەوە بۆ واشنتن بۆ بینینی سەرۆكی ئەمریكا دەست پێدەكات، بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی، یاخود كۆبوونەوە لەبەغدا كاتێك سەرۆكی ئەمریكا دێت.
شێوازەكانی دیكەی پەیوەندییەكە بۆ لایەنەكانی دیكە جێ‌هێڵراوە، زۆربەی كاتەكانیش جێگری سەرۆك، وەزیری دەرەوە یاخود وەزیری بەرگرییە. ئەم پەیوەندییەشیان هەمەجۆرن و لەپەیوەندیی تەلەفۆنییەوە دەست پێدەكەن بۆ هاتنیان بۆ كوردستان.
هەتا ئێستا پەیوەندی نێوان ئەمریكا و كورد بەرز و نزمی هەبووە و بەپێی ئەو كێشانە بووە كە كورد لە ‌بەغدا، یان لە كەركووك یاخود لەگەڵ توركیا هەیەتی.
زۆربەی كات‌ كورد سوور بووە لەسەر مەسەلەیەك و پاشان ئەمریكا هاتووەتە ناوەوە و بەسەردانێك، بانگهێشتێك یان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی، هەڵوێستی كورد نەرم بووەتەوە‌.
ئێستا هەندێك كورد مشتومڕ لەسەر ئەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان مایەی خۆی دەست ناكەوێت لەو پەیوەندییە. تەنانەت هەندێ كورد پێیانوایە كە ئەمریكا زیاتر پێویستی بە هەرێمی كوردستانە، لەوەی كوردستان پێویستی بە ئەمریكا بێت، بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان تاكە خاڵی سەركەوتنی هاتنی ئەمریكایە بۆ عێراق.
رەنگە ئەمە بۆچوونێكی بەربڵاونەبێت لەنێو كورد بەگشتی و زۆربەیان هێشتا دەیانەوێ لەو بڕوایەدابن كە ئەمریكا هاوپەیمانێكی گرنگی هەرێمی كوردستانە. بەڵام رەنگە ئەمە بگۆڕێت.
زۆربەی كات پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای بەخشین و وەرگرتنن. كورد دەڵێن كە سەرەڕای ئەوەی ئەوان هەڵوێستیان بەرامبەر هەموو داواكاریەكانی ئەمریكا هەبووە كاتێك دووچاری كێشە دەبن، كەچی "ئەمریكا ئەوەندە پەرۆش نییە، كاتێك ئێمە داوای یارمەتی لێدەكەین بۆ یەكێك لەمەسەلەكان".
مەسەلەی ماددەی 140، دابەشكردنی داهات، پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا و بۆردوومانكردنی سنوورەكان، ئەمانە هەمووی ئەو كێشانەن كە كورد لەو بڕوایەدان ئەمریكا دەتوانێ رۆڵێكی گەورەی هەبێت لەچارەسەركردنیاندا.
هەتا ئێستا بەڕووكەش، پەیوەندی سیاسی ئەمریكا لەگەڵ كوردستان لەكاتی قەیران و كێشەكاندا هاتوون داوایان كردووە كە كورد سازش لەسەر داواكارییەكانیان بكەن.
لەكاتێكدا روون و ئاشكرایە كە پەیوەندی كورد لەگەڵ ئەمریكا كارێكی ستراتیژییە و نابێ لێی دوور بكەونەوە، بەڵام دەتوانن بەشێوەیەكی باشتر كاری لەگەڵ بكەن. چونكە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ سیستەمەكەیە نەك لەگەڵ ئیدارەی ئەوكاتە.
شانازیكردنی ئەمریكا بەدەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری پەیوەندی بەئاسایش وسەقامگیرییەوەیە. بەڵام هێشتا هەر بە تۆزێك شەرمەوە‌ باسی دیموكراسی، ئیدارەكردنی باش، شەفافیەت، نەهێشتنی گەندەڵی، ئازادی رادەربڕین و مافەكانی مرۆڤ دەكەن و كەسانی زۆریش هەن كە دژی هەرێمی كوردستانن و دەنگیان گەرمە كە باسی ئەوخاڵانە دەكرێت.
لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان چەند هەنگاوێك بەرەو بەدیموكراسیبوون چووەتە پێشەوە‌، بەڵام هێشتا زۆر هەنگاوی دیكە ماون لەو بوارەدا‌. زەحمەت نییە‌ هاوپەیمانی ئەمریكا بیت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ببیتە هاوپەیمانێكی راستەقینە.
بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵێ، بەرز راگرتنی شەفافیەت و ئیدارەكردنێكی باش و بەرز راگرتنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین، ژێرخانێكی پتەو دروست دەكات لەپەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و كورد. ئەمانە هەمووی چەند هەنگاوێكن كە سەركردایەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ بیانگرێتە بەر.
هەروەها رێگاش خۆشدەكەن بۆ پەیوەندی لەگەڵ زۆر لایەنی دیكە‌.
با ئەوەش لەبیر نەكەین، هەندێ كورد هەرێمەكەیان بە وڵاتانی دراوسێ بەراورد دەكەن و بەوشێوەیەش لەهەرێمێكی باش دەچێت، بەڵام ئەمە هەڵەیە، هیچ وڵاتێك لەو ناوچەیە نموویەكی باش نییە بۆ دیموكراسی، مافەكانی مرۆڤ و ئیدارەكردنێكی باش. باشترە هەرێمی كوردستان بەراوردبكرێت بە مۆدێلی دیموكراسی وڵاتانی ئەوروپا.
پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و كورد لەقۆناخ و دووڕیانێكی گرنگدان‌. دەكرێت ئەو پەیوەندییە وەكو پەیوەندی ئەمریكا لەگەڵ میسر و سعودیە ‌یاخود هەر هاوپەیمانێكی دەستكردی ئەو ناوچەیەی لێبكرێت، دەشكرێت ئەوپەیوەندییە وەك پەیوەندی ئەمریكا و وڵاتە دیموكراسییەكانی ئەوروپای لێبكرێت. ئەوەشیان پەیوەستە بە كورد و ئەمریكاوە كە پەیوەندییەكان بەرەو كوێ دەبەن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق