لەكاتێكدا خەریكە دیمەنەكە بۆ بلۆكە سیاسییەكان رووندەبێتەوە و، لە هەمانكاتیشدا گوشاری یاسایی لەلایەن دادگای فیدرالییەوە لەئارادایە بۆ كۆكردنەوەی پەرلەمان و لەگەڵ ئەو زنجیرە كۆبوونەوەی سەركردەكان كە لە هەولێر سازدەكرێن لەم هەفتەیەدا، كورد دووچاری گێژاوێكی نوێ بوونەتەوە.
بەشێوەیەكی گشتی، كورد هەوڵیانداوە كە پەیوەندییەكی هاوسەنگیان لەگەڵ هەموو لایەنەكان هەبێت لەبەغدا، ئەمەش لەدەرئەنجامی سروشتی كارەكەی سەرۆك كۆمار و بەهۆی پێگە سیاسییەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە عێراقی نوێ دا.
بەڵام كاتی بڕیاردان لەبارەی سەرۆك وەزیرانی نوێووە نزیكبووەتەوە و لەگەڵیشی گوشاری زیاتری هێناوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریكا و دراوسێكانەوە، بۆ ئەوەی حكوومەتێكی هاوپەیمانی پێكبێ كە شیعە وسوننە و كوردی تێدابێت.
گوشار لەسەر كوردیش بەپیی ئەو كاندیدە دەبێت كە هەڵیدەبژێرن و بۆ خستنی لایەنەكانی دیكە بۆ نێو حكوومەتەكە.
كاتێك كورد بڕیاری خۆیان لەسەر سەرۆك وەزیراندا، كە ئەمەش بێگومان لەسەر بنەمای 19 داواكارییەكانیان دەبێت، قۆناخێكی نوێی سیاسیەت دەست پێدەكات.
گێژاوەكەی كورد ئەوەیە كە ئەگەر حكوومەت لەگەڵ یەكێك لەدوو بلۆكە سەرەكییەكان پێكبێنن، ئەوا كورد دەبێتە هاوبەشی سەرەكی، ئەوە ئەگەر گوێنەدەنە گوشاری دەرەكی و تۆمەتباركردنیان بە دوورخستنەوەی لایەنەكانی دیكە.
بەڵام ئەگەر دەیانەوێت بایەخ بەگوشارەكان بدەن، ئەوا دەبێ كار بۆ حكوومەتێكی هاوبەش یان نیشتمانی یەكگرتوو بكەن و بەمەش كورد دەبێتە هاوبەشێكی لاوەكی و بچووكی حكوومەتی داهاتوو.
ئەمەش لە پۆستە وەزاری و حكوومییەكان و لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد دەردەكەوێت . ماددەی 140 و یاسای نەوت و غاز و دابەشكردنی داهات و دەسەڵات گرنگترین گرێی پەیوەندی بەغدا و هەولێرن.
دانووستاندنەكانی ئەم هەفتەیە، پێداچوونەوەیەكن بۆ ئامادەیی هەر كاندیدكراوێك بۆ جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە و چاوپێداخشاندنێكیشە بۆخاڵی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤی بلۆكی كاندیدكراوەكان.
بەپێی ئەزموونی حكووومەتەكانی رابردوو و داواكارییەكانی كورد، هەمیشە لەسەرەتاوە مشتومڕیان لەبارەوە كردووە ، بەڵام جێبەجێكردنیان دووچاری چەندین ئاستەنگ بووە.
هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە كە گقتوگۆكان لەبارەی پرنسیبی گشتین نەك لەبارەی وردەكاری تەكنیكی . بۆ رێگەگرتن لە دووبارە بوونەوەی ئەمە و بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی رەوشی كورد، بێگوێدانە قەبارەی لە حكوومەتی داهاتوودا ، كورد دەتوانێ لەسەر دوو پرۆسەی جیاواز ئیش بكات بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
لەسەرەتادا داوا لەوانە بكات، كە گوشاری دەخەنە سەر بۆ كۆكردنەوەی هەموو لایەنەكان، كە گەرەنتی بدەن بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی و پەراوێزنەكردنی ئەگەر حكوومەتەكە فراوان بێت.
لە دانووستاندنەكانیشدا، دەشێ كورد پشتیوانیكردنی هەر كاندیدكراوێكی پۆستی سەرۆك وەزیران مەرجدار بكات بەوەی كە میكانیزمێكی دیاریكراوی هەبێت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كوردستان. ئەمەش دەتوانرێ لە قۆناغی پێكهێنانی كابینە نوێیەكەی حكوومەت دەستنیشان بكرێ.
بۆ ئەم مەبەستە، دەكرێ تیمێكی پسپۆڕ پێكبێ بۆ كاركردن لەبەغدا بەمەبەستی دانانی میكانیزم بۆ چارەسەركردنی مەسەلە جیاجیاكان كە هێشتا بە هەڵواسراوی لەنێوان بەغدا و هەولێر ماونەتەوە و دەتوانرێ ئەمەش لەنێو بەرنامەی حكوومەتدا دیاری بكرێت.
ئەمڕۆ، هەموو چاوەكان لەسەر هەولێرن بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لە سیاسەتە ئیفلیجەكەی عێراق، بەڵام گێڕانی ئەم رۆڵە نابێت لەسەر حیسابی داوكارییە سەرەكییەكانی كورد بێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق