الخميس، 4 نوفمبر 2010

دەستپێشخەرییەكی بە مردوویی لەدایكبوو

دەستپێشخەریەكەی شای سعوودیە بۆ كۆبوونەوەی لیستە عێراقییەكان لەریاز لە دوای حەج، كۆمەڵێك پرسیار دێنێتە ئاراوە و چەندین زەنگی مەترسیداریش لێدەدات لەبارەی داهاتووی عێراق. هەروەها وەبیرهێنانەوەیەكە بۆ ئەو مەترسییە‌ راستەقینانەی كە لە بەردەم عێراقی نوێ دان.
رۆژی شەممە، 30ی تشرینی یەكەمی 2010، لەوكاتەی لیستە جیاجیاكانی عێراق لە خۆئامادەكردندا بوون بۆ كۆبوونەوە لە هەولێر و بەغدا بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ قەیرانی پێكهێنانی حكوومەت، شا عەبدوڵڵای سعوودیە بانگهێشتی سەرۆك تاڵەبانی و سەركردەكانی دیكەی عێراقی كرد كە لە دوای جەژنی قوربان لە ریاز كۆببنەوە.
جێگەی سەرنج و سەرسوڕمان‌ ئەوەیە كە وڵاتێك كە قەت هەڵبژاردنی بەخۆیەوە نەبینیووە و رێگە بەبوونی هیچ شیعەیەك نادات، یاخود هیچ كەمینەیەكی نییە یان دانی پێدانانێت، هەوڵدەدات كێشەكانی ئەزموونێكی دیموكراسی نوێ چارەسەر بكات كە دانیشتووەكەی زۆرینەی شیعەیە‌ و ژمارەیەكی زۆری كورد و توركمان و كلد و ئاشووری تێدایە.
شێوازی پێشكەشكردنی پێشنیازەكە، دەیسەلمێنێ كە سعوودییەكان هیچ زانیارییەكیان لەبارەی عێراقی نوێ ‌نییە و بەهیچ شێوەیەكیش مەبەستیان چارەسەركردنی كێشەكانی وڵاتەكە نییە.
پێشنیازەكە بەناو ئاماژە بە سەرۆك تاڵەبانی دەكات لەگەڵ "سەرجەم پارتەكانی دیكە كە بەشداریان لە هەڵبژاردندا كردووە"، هەر بەوشێوەیەی كە كێشەكە لەنێوان سەرۆك تاڵەبانی و پارتەكانی دیكەدابێ، یاخود كێشەكە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بێت یان لەنێوان كورد و عەرەبدابێ. بەڵام راستییەكە ئەوەیە كە ناكۆكییەكە لە نێوان عەرەبەكاندایە. رۆژێك لە نێوان شیعەكاندایە، رۆژێكی دیكە لە نێوان سوننەكاندایە و رۆژێكی دیكەش لەنێوان شیعە و سوننەدایە.
بەوەی لە پێگەیەكی بێ لایەندان، كورد خەریكی رێگە خۆشكردن بوون بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكە. زۆر لە عێراقییەكان پێیانوایە كە ئەم پێشنیازەی سعودیە هەوڵێك بوو بۆ رێگەگرتن لەو هەوڵە و هەروەها بۆ فراوانكردنی بۆشاییەكەی نێوان كورد و عەرەبی عێراق بوو لەلایەك و لەلایەكەی دیكەش بۆ قووڵكردنی ناكۆكییەكانی نێوان شیعە و سوننە بوو‌. سروشتی سیاسی سعوودیە نایكاتە لایەنێكی گونجاو‌ بۆ نێوبژیوانیكردن لە عێراق، یاخود تێگەیشتن لە وردەكاری شوێنەكە.
هەڵوێستی هەمیشەیی ئەوان، هەڵوێستێكی دژە شیعەیە. لەوەتەی نوری مالیكی، كە شیعەیە، بووەتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، تەنیا یەك جاریش بۆ سعوودیە بانگهێشت نەكراوە، باشە چۆن سعوودیە دەتوانێ بەیەك شەو ببێتە نابژیوانی شیعە و سوننەكان؟ كاردانەوەی عێراقییەكان بەرامبەر بەو بانگهێشتە ئەو هەستانەی سەلماند. شیعە و كورد رەتیانكردەوە و سوننەكانیش پێشوازیان لێكرد.
ناوە ناوە عێراقییەكان گوێبیستی قسەی ناشرینن كە لەلایەن وتاربێژانی سعوودییەوە بەرامبەر بەسومبوولەكانی شیعە دەكرێن، وەكو ئایەتەوڵڵا عەلی سیستانی و بیروباوەڕی شیعە لەنێو مزگەوتەكانی سعوودیە و لەسەر كەناڵە ئاسمانییەكانەوە كە لەلایەن سعوودیەوە پشتیوانی دەكرێت. زۆرینەی عێراقییەكان پێیانوایە كۆتایی هێنان بەم كردەوانە هەڵوێستێكی باشترە پێش ئەوەی یارمەتیدەربن لەپێكهێنانی حكوومەت.
بەپێچەوانەی ئەوەی رایدەگەیێنن كە دەستپێشخەرییەكەیان بۆ هەموو عێراقییەكانە بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەت. باشتربوو سعوودییەكان راشكاوانەتر بوونایە و راستگۆتر بوونایە، بەوەی نیگەرانی خۆیان دەربڕیبووایە دەربارەی پێگەی عەرەبی سوننە. هەروەها ئەوان دەیانتوانی كراوەتر بوونایە لەدەربڕینی نیگەرانییەكانیان دەربارەی كاریگەری و دەستتێوەردانی ئێران لە عێراق.
سەرەڕای ئەوەی دەستپێشخەرییەكە دەتوانرا باشتر ئامادە بكرایە، بەڵام ئێستاكە پێدەچێت كە ئەوان هەلی چوونی لیستی عێراقیەیان بۆ نێو حكوومەتی داهاتوو كەمتر كردەوە. ئەوان بوونە هۆی نزیكبوونەوەی شیعە و كورد و فراوانكردنی رۆڵی ئێران لە عێراق.
ئەگەر سبەینێ مەحموود ئەحمەدینەژاد كە لەرابردوودا سەردانی عێراقی نوێی كردووە، دەستپێشخەرییەكی وەك ئەوەی شا عەبدوڵڵا، كە هێشتا باڵیۆزیشی لەعێراق نییە، راگەیاند، بێگومان ژمارەیەكی زۆرتری عێراقی، بە سوننەكانیشەوە ، بەشداری لە كۆبوونەوەكەی تاران دەكەن لەوەی بەشداری لەكۆبوونەوەی ریاز بكەن، بەڵام ئەو بەئاشكرا شتی واناكات، لەبەرئەوەی پێدەچێت ئەو شارەزایی دەربارەی عێراقی نوێ زیاتربێت لە سعوودیەكان.
حەوت مانگی رابردوو ئەوەی سەلماندووە كە هەر دەستتێوەردانێك لە پێكهێنانی حكوومەتدا، تەنیا بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.
كاتێك عێراقییەكان روویان كردە سندوقی دەنگدان بۆ دیاریكردنی حكوومەتی نوێ، ئەوان ئەو كارەیان كرد بەو تێگەیشتنەی كە تەنیا عێراقییەكان بۆیان هەیە حكوومەتی نوێ پێكبێنن و تاكە شوێنیش كە ئەو حكوومەتەی لێ پێكبێت عێراقە. بلۆكە سیاسییەكانیش بەرپرسیارن لەوەی كە ئەم كارە ئەنجام بدرێت.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق