الاثنين، 13 ديسمبر 2010

وەبیرهێنانەوەیەك!

جارێكی دیكە، خەڵكی كوردستان بۆیان ئاشكرابوو كە نە میدیا و نە ئەو كەسانەی كردیانە هەڵڵا لە بەرامبەر لێدوانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مسعود بارزانی دەربارەی مافی چارەی خۆ‌نووسین، پێدەچێ تێگەیشتبن یاخود بیانەوێ تێبگەن لە "عێراقی نوێ".
وەك وەبیرهێنانەوەیەك، عێراق پێكهاتەیەكی ئارەزوومەندانەیە بۆ خەڵكەكەی و لە پێشەكی دەستوورەكەیدا هاتووە:
"ئێمەی گەلی عێراق بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە بە تەواوی ویستی خۆمان بە ئازادانە و ئارەزوومەندانە بڕیاری یەكگرتنی ئارەزوومەندانەمان داوەو دەرس وەردەگرین لە رابردوومان بۆ داهاتوومان و، لە بەها باڵاكانی پەیامە ئاسمانییەكان و دۆزینەوە نوێیەكانی زانست و شارستانیەتی مرۆڤەوە ئەم دەستوورەمان دانا".
بۆ هەر كەسێك كە پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، هەتا بە باشی لەم واقیعە تێنەگەن، ئەوا ئەوان هەرگیز ناتوانن بڕیاری راست دەربارەی عێراق بدەن و هەر بە سەرلێشێواوی دەمێننەوە و نازانن كە مەترسی راستەقینە لەكوێوە سەرهەڵدەدات. ئەمەش هەموو خەڵكی عێراقی نوێ‌ دەگرێتەوە، لەگەڵ دراوسێ و هاوپەیمانەكانیشی.
ئەو هات و هاوارەی لەمەڕ لێدوانەكەی بارزانییەوە كرا، كاتێك وتارەكەی لەكۆنگرەی پارتیدا پێشكەشكرد، ئەوە دەسەلمێنێ كە هێشتا واقیعە نوێیەكە لەلایەن هەندێك كەسەوە قبوڵ نەكراوە.
بارزانی تەنیا هەڵوێستە كۆنەكەی كوردی دووپاتكردەوە سەبارەت بەمافی چارەی خۆنووسین .
ئەوەی مایەی پێكەنینە ئەوەیە كە ئەوانەی بەتووندی دژی مافی چارەی خۆنووسینن، هەروەها دژی قەدەخەكردنی مەشرووب و بڕیاریتری لەجۆرەن لە بەغدای پایتەخت لەبەرئەوەی بڕوایان بە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی هەیە!
لەكاتێكدا تووندڕەوە ئایینییەكان لەهەوڵداندان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بەرەو سەردەمی بەردین، "چالاكڤانانی مافی مرۆڤ" نیگەرانن بەرامبەر بەوەی كورد داوای مافی چارەی خۆنووسینی كردووە.
لەجیاتی ئەوەی نیگەرانبن بەرامبەر بە داهاتووی عێراق، پاسەوانانی یەكێتی عێراق پێویستە نیگەرانتر بن بەرامبەر بەو سیستەمە‌ ئایینیەی كە خەریكە سەرهەڵدەدات. پێویستە ئەوان نیگەران بن بەرامبەر بەكردەوەكانی ئەو تووندڕەوانە كە هەوڵدەدەن عێراق بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆری و تووندڕەوی.
عێراقی نوێ خەریكە پارچە پارچە دەكرێت، بەڵام ئەمجارەیان كورد نییە، بەڵكو ئیسلامییە تووندڕەوەكانن كە خەریكی پارچەكردنی كۆمەڵگەن بەپێی ئایین و تایفە.
لە هەر وڵاتێكیتر‌بووایە‌، پشتگیری لەو كەسە دەكرا كە دەڵێت نەتەوەكەی مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و بەپراكتیكیش ئەو مافە خراوەتە كردارەوە بەوەی وەك بەشێك لە وڵاتەكە ماونەتەوە. بەتایبەتی كە ئەوەندە لەمێژ نییە پارتە جیاجیاكانی كۆكردەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق.
بەڵام لێرەدا پێویستە كورد ئەو پرسیارە لەخۆی بكات كە بۆچی ئەم لێدوانە ئەو گەردەلوولەی دروستكرد؟
ئایا‌ كاتەكەی خراپ بوو؟ بەتایبەتی پاش دەستپێشخەرییەكی زۆر عێراقییانە!
ئایا ئەمە نیشانەی بێ توانایی كوردە بەوەی بتوانن كەیسی خۆیان روونبكەنەوە و هەڵوێستی خۆیان بۆ جیهانی دەرەوە ئاشكرا بكەن؟
ئایا ئەوان پێویستیان بە هەڵمەتێكی میدیایی تووند نییە‌ بۆ روونكردنەوەی ئەوەی كە كورد كێیە؟
یان پێویستە ئەوان چاو بە بەپەیوەندییەكانیان لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان بخشێننەوە؟
هەر وەڵامێك هەبێت بۆ ئەو پرسیارانەی سەرەوە، واقیعەكە بۆ جارێكی دیكە ئەوەیە كە كورد تۆمەتباركراوە بەوەی كە دەیەوێ لە عێراق جیاببێتەوە.
پێویستە كورد ئەم هەلە بقۆزێتەوە و كەیسی خۆی بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بكات بەوەی كە دەیەوێت بەشێك بێت لەجیهانی ئازاد و مۆدێرن و پێویستیشە بەشەكانی دیكەی عێراقیش هەمان ئاواتیان هەبێت.
بەهاكانی یەكسانی، مافی مرۆڤ و ئازادی عێراقیان بەیەكگرتوویی هێشتووەتەوەو ئەمانەش هەمووی لەدەستووردا هاتوون.
كەمكردنەوەی ئەو بەهایانە دەبێتە هۆی پارچەبوونی عێراق، نەك كورد.
‌دوا رستەی پێشەكی دەستوور دەڵێت‌:
"پابەندبوون بەم دەستورە، یەكێتی ئازادانەی گەل و خاك و سەروەری عێراق دەپارێزێت".

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق