الثلاثاء، 7 ديسمبر 2010

ئەمریكا و بۆشایی عێراق

رۆڵی ئەمریكا لە عێراق بەرە بەرە لاوازتر دەبێت و ئەمەش لەبەر ویكیلیكس نییە.
هەوڵەكانی ئەمدوایەیان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەوەندە بایەخ بە وردەكارییە سیاسییەكانی عێراق نادەن و زیاتر گرنگی بەوە دەدەن كە نەجاتیانبێت لەو ئەركانەی كە لەبەردەستیاندایە.
ئەوان چاویان زیاتر لە كشانەوەیە‌ نەك لەوەی گرنگی بە داهاتووی ناوچەكە بدەن. لەبەرئەوەی ئەمە یەكەم خولی دەسەڵاتدارێتی ئۆبامایە،لە ئێستاوە‌ بیر لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەكات و كار بۆ كۆكردنەوەی ژمارە و دەستكەوت دەكات بۆ بەكارهێنان لە كامپەینەكەی.
هاوكارێكم كە پسپۆڕە لە سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت لە دوو ساڵی داهاتوودا چاوەڕێی هیچ شتێك لە ئۆباما مەكەن. ئەو هەوڵدەدات كە ساڵی داهاتووی پڕبێت لە دەستكەوت، تاوەكو بۆ هەڵمەتەكەی بەكاریبێنێ.
ئەگەر ئەمەش رووبدات، ئەوا بایەخ و سەنگی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكە كەمتر دەبێتەوە و لایەنانی دیكەی وەك ئێران وسعوودیە و توركیا دێنە پێشەوە.
بەردەوامبوونی بێباكی ئەمریكا لە عێراق ، بێگومان دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە پێگە و پرەستیژی خۆی لە ناوچەكە.ئێستا كەس لە ئەمریكا ناترسێ، لەڕاستیدا زۆر ئاسانترە كە هێرش بكەیە سەر ئەمریكا لەچاو ئەوەی هێرش بكەیە سەر وڵاتێكی دراوسێ.
ئەگەر هێرش بكەیە سەر ئەمریكا، بەدواتدا دێن تاوەكو بزانن چیتدەوێت. ئەگەر هێرش بكەیە سەر ئەوانیدیكە، ئەوانیش بەدواتدادێن، بەڵام بۆ ئەوەی كە دڵنیابن‌ كە جارێكی دیكە ئەو كارە ناكەیەوە. ئەگەر هاوڕێی ئەمریكا بیت، داوات لێدەكەن كە سازش بكەی، ئەگەر دوژمنیان بیت، خەڵاتدەكرێی. هەوڵەكانیان بۆ دانی سەرۆكایەتی كۆمار بە ئەوانیتر نمونەیەكی زەقی ئەوەبوون.
هەندێك لە ئەمریكا پێیانوایە كە ئەگەر بكشێنەوە، ئەوا زیاتر كاریگەریان دەبێت، بەڵام ئەمە هەڵەیە. ئەو بۆشایەی كە ئەمریكا لەپاش خۆی بەجێیدێڵێت، دەبێ لەلایەن دەوڵەتێكی بەهێز پڕ بكرێتەوە كە بتوانێت رووبەڕووی چەندین مەترسی و ئەرك ببێتەوە و ئەوەندە پتەوبێت كە بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
بە وردبوونەوە لە چەندین رووداوی جیاجیای ساڵی رابردوو و ئەو ئەركانەی ساڵی داهاتوو لەبەردەمدایە، بێگومان ئەو دەوڵەتە چالاكە، عێراق نییە.
بەهەموو پێوەرێك، عێراق ئامادەنابێت تا ئەوكاتەی هێزەكانی ئەمریكی دەكشێنەوە، تاوەكو رووبەڕووی یەكەم تەحەددای دەرەكی ببێتەوە و دراوسێكانیش دەستتێوەردانیان زیاتر دەبێت.
كشانەوەی ئەمریكا خاڵی دەستپێكی شكستی راستەقینە دەبێت و عێراقیش دەكەوێتە دەست دوژمنی ڕاستەقینەو هاوپەیمانی ساختەی ئەمریكا.
لێرەدا گرنگە كە ئاماژە بەوە بدرێ كە هەردووكیان لەهەوڵداندان بۆ ئەوەی وێنەی ئەمریكا لەنێو میدیاكانیان بەخراپی بمێنێتەوەو ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئیسلامی تووندڕەو لە ناوچەكەدا.
بۆ ئەوەی ئەمریكا بكشێتەوە، پێویستە دەوڵەتێكی بەهێز لەپاش خۆی بەجێبێڵێت و پڕۆسەیەكی سیاسی هەبێت كە توانای بەرگریكردن و وەستانی لەسەر پێی خۆی هەبێت.
ئەوەی لەسەر شەقامەكانی بەغدا و شاشەی تەلەڤزیۆنەكانمان دەیبینین، بەهیچ شێوەیەك ئاماژە بەوە نادات كە عێراق توانای ئەوەی تێدایە. پێكهاتەی سیاسی حكومەتی عێراق، ئەركی ئاسایشیانەی داهاتوو و لاوازی داوودەزگاكانی دەوڵەت هەموومان بەڵگەی ئەوەن.
راستە نزیككردنەوەی ئەوانی دژی یەكترین و هێنانی هەموویان بۆ نێو ژوورێك سەرەتایەكی باشە بۆ پرۆسەی ئاشتبوونەوە‌، بەڵام نەك بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتێك یان بۆ پێكهێنانی حكومەتێك. بۆ نمونە ئەنجوومەنی سیاسەتە ستراتیژییەكان تەنیا لاپەڕەیەكی بیرۆكراتی سیاسەت زیاد دەكات بۆ پرۆسەی بڕیاردان.
ئەركی سەرەكی بۆ هەموومان (عێراقی و ئەمریكی) ئەوەیە كە سیاسەت جیابكەینەوە لە بەڕێوەبردنی كاروباری دەوڵەت‌.
ئەمەش كاتێك دەكرێت كە كەرتی خزمەتگوزاری گشتی عێراقی پتەوبكرێت و كار بكرێت بۆ بەرز راگرتنی حوكمڕانییەكی باش، شەفافیەت، دژە گەندەڵی، میدیایەكی بەهێز و پرۆفێشناڵ و ئاشتبوونەوەیەكی نیشتمانی راستەقینە.
بەكورتی، زۆربەی عێراقییەكان هێشتا پێویستیان بەیارمەتی ئەمریكایە بۆ دەركردنی سیاسەت لە كاروباری دەوڵەت و داوودەزگاكانی. تائەوە روونەدات، عێراق ئامادەنابێت‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە لەپاش ئەمریكا.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق