هەفتەی رابردوو، كۆرسێكی رۆژنامەوانیم بە ستافی كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی تازە كرد كە پێیانڕاگەیاندم دەیانەوێ بەهای رۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵ بەرز رابگرن.
خاڵێكی سەرەكی كە ئێمە جەختمان لەسەر كردەوە گرنگی هەواڵ بوو، كە چۆن ئەوە توخمی بنەڕەتی رۆژنامەگەرییەكی سەركەوتوو پێكدێنێ و دەبێتە هۆی زیادكردنی بینەران. بۆ ئەو كەسانی كە رۆژنامەنووس نین، گرنگی هەواڵ ئەوەیە كە زانیاری و هەواڵ پێشكەش بكەی، بەمەبەستی دابینكردنی ئەو زانیاریانەی لە هەواڵەكەدا هەن بەپێی ژمارەی ئەو كەسانەی كەبایەخی پێدەدەن.
لەدوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆكردن، تاقیكردنەوەمان لەسەر هەواڵەكانی هەمان رۆژی چەند كەناڵێكی جیا جیا كرد كە هەموویان سەر بە پارتە سیاسییەكان بوون. تاقیكردنەوەكان لاوازی و ئیفلیجی میدیای پارتە سیاسییەكانی سەلماند.
لە بەشێكی تاقیكردنەوەكەدا، داوام لە رۆژنامەنووسەكان كرد كە هەواڵەكان بەپێی ژمارەی ئەو كەسانەی كە بایەخی پێدەدەن ریز بكەن و بەپێی ئەوەبێت كە تاچەند هەواڵەكە كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵكەكە هەیە. دەرئەنجامی ریزبەندییەكەش ئەوەبوو كە هەواڵەكان سەرەوخوار كرانەوە! هەواڵەكانی داخستنی بەنزینخانەكان و رووداوی تەقینەوە لە تەلەعفەر و جەلەولا لەسەرەتادا هاتن و لەهەمانكاتدا هەواڵی چاوپێكەوتن و دیداری سەركردەكان كەوتنە كۆتایی!
لە راهێنانێكی دیكەدا و لەدوای تەماشاكردنی هەواڵەكانی دوو كەناڵی جیاواز، ئێمە بە تەواوی پێشبینیمان كرد كە هەواڵەكانی كەناڵی سێیەم چۆن دەبن و هەروەها زۆر ئاسان بوو كە پێشبینیبكەین چی لە كەناڵەكانی دیكەش پیشاندەدرێ بەپێی لایەنگری پارتە سیاسییەكە بۆ ئەو كەناڵە.
ئەگەر تەماشایەكی خێرای ئەو بابەتانە بكەین كە میدیاكان كاری لەسەر دەكەن ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە میدیای ئێرە كلكی سیاسەتە. میدیای لایەنگری حكومەت ستایشی دەكات و میدیای دژە حكوومەتیش رەخنەی لێدەگرێت. لەهەموو كۆمەڵگایەكیش ژمارەی ئەوانەی گرنگی بە سیاسەت دەدەن زۆر كەمترە لەوانەی كە بەلایانەوە گرنگ نییە. كوردستانیش یەكێكە لەو كۆمەڵگەیانە.
میدیاكانمان زانیاری بۆ سیاسەتمەداران و ئەوانەی گرنگی بەسیاسەت دەدەن دابیندەكەن و سەركەوتوونین لەوەی كە زانیاری بەخەڵك ببەخشن كە بۆ ژیانی رۆژانەیان پێویستیانە. زۆربەی رۆژنامەنووسە بیانییە هاوڕێكانم، سەرنجی ئەوەیانداوە كە میدیاكانمان هێشتا ئەو گۆڕانكارییەیان بەخۆوە نەبینیووە بەوەی لە دەزگای پڕوپاگەندەی سیاسی سەردەمی شۆڕشەوە ببنە ئاوێنەیەكی راستەقینەی كۆمەڵگەیەك كە هەوڵدەدات خۆی بنیات بنێ.
لەم قۆناغەدا و لەكاتێكدا رووبەڕووی چەندین ئەرك دەبینەوە، پێویستە میدیا ئەو ئامێرە بێت كە خۆمانی تێدا ببینینەوە، دەبێ ئەو پێوەرەبێت كە پێشكەوتنی خۆمانی پێ بزانین، بەڵام هەتا ئێستا نایزانین. هێشتا پێویستیمان بەخوێندنەوەی چەندین رۆژنامە و تەماشاكردنی چەندین كەناڵی تەلەڤزیۆنە بۆ ئەوەی بزانین چی لەم وڵاتەدا روودەدات.
هێشتا یەك سەرچاوەمان نییە بۆ دابینكردنی هەواڵی رۆژانە كە بڕوای پێ بكەین و پشتی پێ ببەستین. ئەمەش بەشێكی زۆری دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە میدیای ئێمە یان لەلایەن پارتی سیاسی وسیاسەتمەداری دەوڵەمەندەوە پشتیوانی دەكرێت كە زیاتر گرنگی بە ستایشكردنی خۆیان و كاری رۆژانەی سەركردەكانیان دەدات، یاخود لەلایەن كەرتی تایبەتەوە پشتیوانی دەكرێت كە زۆربەی كاتەكان دژی ئەو پارتە سیاسیانەیە و ئەو بابەتانە بڵاودەكاتەوە كە ئەوان بڵاویناكەنەوە.
دەرئەنجامەكەش ئەوەیە كە كەسیان وێنەیەكی تەواو پیشان نادەن و لەزۆر رووشەوە هەردووكیان بەیەك شێوە كار دەكەن، بەڵام نێوەڕۆكەكەیان جیاوازە.
ئەو گرێكوێرەیەش ناكرێتەوە هەتا یەكێك لەو دووانە جوڵەیەك نەكەن.
یان دەوڵەمەندێك وكو بەرهەمهێنەرلە میدیا دەتوانێت ئەمە بگۆڕێت ئەگەر بیەوێت ببێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ دابینكردنی زانیاری بۆ هاووڵاتیان. وەبەرهێنانێكی لەمجۆرە داهاتی خۆی دەبێت چونكە دابینكردنی زانیاری باوەڕپێكراو تەماشاكار ولەگەڵ خۆیدا ریكلام رادەكێشێت. ئەگەر ئەمەش رووبدات، میدیای پارتەكان دوادەكەون و زۆر درەنگیش دەتوانن بیگرنەوە.
رێگاكەی دیكەش ئەوەیە كە پارتەكان سیاسیەتی ئێستای میدیایاندا بگۆڕن. ئەمەش كاتێك روودەدات كە پێویستی خەڵك بۆ زانیاری بخەنە سەرووی پێویستی پارتەكان بەوەی بە هاووڵاتیان بڵێن سەركردەكانیان خەریكی چین، ئەمەش كاتێك دەكرێت كە پڕوپاگەندە لە هەواڵ جیابكرێتەوە، بۆ نمونە وەك سەرەتایەك بەشی هەواڵی هەموو كەناڵێكی راگەیاندن جیاوازبێت لەوانیدیكە. پێویستیشە لەلایەن رۆژنامەنووسانی پیشەگەرەوە بەڕێوەببرێت. ئەوانەی كە مەرج نییە ئەندامی پارتەكان بن و هەروەها پێویستی هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەروو هەموو شتێكەوە دانێن.
بەكورتی، بۆشاییەكی یەكجار گەورەی هەواڵ و زانیاری لەكۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، هەركەسێك لەسەرەتادا بێت، قازانجكارە. ئەگەر وەبەرهێنەربێت قازانجی باشی دەستدەكەوێت و ئەگەر پارتی سیاسیش بێت دەنگی دەستدەكەوێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق