ئەگەر پزیشكێك، ئەندازیارێك یاخود پارێزەرێك یان كارمەندی هەر بوارێك هەڵە بكات، ئەوا ئەو كەسە لە كارەكەی دوور دەخرێتەوە و مۆڵەتی كارەكەشی لێدەسەنرێتەوە.
بەڵام خۆشبەختن كەسانی میدیا و حوكمڕانی!، پێناچێت ئەوەی سەرەوە ئەوان بگرێتەوە.
تائیستا كەسانی میدیا و حكومەت ترسی لێپرسینەوە و دوورخستنەوەیان نییە و رەنگە لە زۆربەی رووەكانەوە، هەردووكیان زۆر لەیەك بچن.
سیاسەتمەداران دەپرسن كێ رۆژنامەنووسە؟ وەڵامەكەشیان ئامادەیە: "هەر كەسێكە كە جنێو بەداوودەزگاكان دەدات. رۆژنامەنووسەكە تا زیاتر تووند و توانای قسە پێگوتنی بەرپرسی گەورەی هەبێت، رۆژنامەنووسێكی باشترە".
لەبەرامبەریشدا رۆژنامەنووسان دەڵێن: كێ بەرپرسی حكوومییە؟ وەڵامەكەشیان ئەوەیە: "هەموو كەسێك دەتوانێت ببێتە بەرپرسی حكوومی ئەگەر پشتیوانی كەسێكی حیزبی گەورەی هەبێت و، پێوەری باشی و بەهێزی بەرپرسەكەش بە دوورو نزیكی لە سەركردەكەوەیە".
بەڕووكەش ئەو پەیوەندییە وەك پێكهاتەیەكە كە خەڵكی دیكە دەتوانن لەگەڵی بژین، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە زیان لە خەڵك دەدات و بێ رێزیشە بەرامبەر هۆشیاریان.
رووداوەكانی ئەم چەند هەفتەیەی رابردووش، نموونەیەكی زەقی ئەو دیاردەیە بوون.
ئەگەر خەڵاتی خراپترین ئاستی میدیایی هەبووایە، ئەوا میدیای دەسەڵات و دژە دەسەڵات بەیەكەوە هەفتەی رابردوو وەریاندەگرت.
بۆ ئەوانەی نازانن چی بووە، ببینە: لڤین چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەسێكدا بڵاوكردەوە كە گوایە مێژوونووس و مێژووناسە. ئەو كەسە چەندین تۆمەتی خستووەتە پاڵ بزووتنەوەی كوردی و سەركردایەتییەكەی و رایگەیاند كە هەموو تۆمەتەكانی بەپێی بەڵگەنامەی دەزگای هەواڵگری ئێرانی و وڵاتەكانی دیكەیە. لەگەڵ ئەوەش هیچ بەڵگەنامەیەكیش بڵاونەكرابووەوە لە چاوپێكەوتنەكەدا.
پارتی دیموكرانی كوردستانیش دەستبەجێ دەستیكرد بە هەڵمەتێك دژی لڤین كە لەلاپەڕەی رۆژنامەكانیەوە دەستی پێكرد هەتا گەیشتە وتارەكانی مزگەوت. ئەمە بۆ لڤین زۆرباش بوو، بەتایبەت كە ئاشكرابوو مەبەست لە بڵاوكردنەوەی ئەو چاوپێكەوتنە تەنیا بەرزكردنەوەی تیراژی گۆڤارەكە بووە.
میدیایەكی نێودار و پڕۆفیشناڵ كە زۆر بەجیدی ئاگای لەپڕۆفیشناڵی و ناودارێتی خۆی بێت، ئەو تۆمەتانە زۆر بەجیدی وەردەگرێت و یەكەمجاریش بەدواداچوونی ناوخۆیی بۆ دەكات و پاشان دەرئەنجامێكی خۆی بۆ دەردەكەوێت و بۆچوونێك دروست دەكات.
زۆربەی كات بڵاوكراوەیەكی پڕۆفیشناڵ داوای لێبووردن دەكات ئەگەر شتێكی هەڵەی نووسیبێت، یاخود پشتگیری لەهەموو وشەیەك دەكات كە نووسیویانە، ئەگەر بۆیان دەركەوت ئەو شتەی نووسیویانە راستە. هەڵوێستی دەستبەجێی لڤین داكۆكیكردن بوو لە خۆی.
30 خوولەكی پێنەچوو كە هاوكارێكم توانی بۆی ئاشكرا بێت ئەم كابرایەی بەناوی قانعیفەرد نە لە هارڤەرد بووە و نە لە كامبریچ و هیچ ناوێكی ئەویش لە زانكۆكانی ئوسترالیا نییە، هەروەكو خۆی رایگەیاندبوو.
رۆژنامەی خەبات و بڵاوكراوە حیزبییەكانی دیكەش دەستبەجێ بۆچوون و بەیاننامەی دژی لڤینیان بڵاوكردەوە، بێ ئەوەی لە سەرچاوەكان بكۆڵنەوە و بێ ئەوەی گوێبدەنە دەرئەنجامی ئەو نووسینانە. ئەو راگەیاندنەی كە بەئاشكراش هەڕەشەی تێدا بوو، لە رۆژنامە فەرمییەكەی پارتی بڵاوكرایەوە.
هەرێمی كوردستان لەسەر لێواری كارەساتێكی دیكەی ئازادی رادەربڕینە بەهوی ساختەكارێكی ئێستا و مێژوو، لەگەڵ كۆمەڵە كارمەندیكی نەزان و نیەتخراپی نێو میدیا و سیاسەت.
هەر یەكە و ئامانجەكانیان ئاشكرایە. ساختەكارەكە بۆ ئەوەیبوو كە ناوی دەرچێت و زۆرترین جار لە گوگڵ بدۆزرێتەوە و كەسە نیەتخراپ و نەزانە كانیش بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارە لە بڵاوكراوەكانیان بفرۆشن و بەرپرسی حیزبەكانیانی پێ دڵخۆش بكەن.
ئەمەش هەمووی لەزەرەری بەرەوپێشچوونی ئازادی رادەربڕینی هەرێمەكەیە.
لەوە دەچێت كە میدیاكەمان ئاوێنەی سیاسەتەكەمانبێ، رۆژنامەنووسێك گوتی" سیاسەتمەدارەكانمان گەندەڵن، ئێمەش بەهەمان شێوە". بەڵام ئەوە تا سەر نییە.
لەكاتێكدا كە رەنگە ئەمە بۆ سیاسەتمەدارەكان بگۆڕێت، ئەوەش بەهۆی گوشاری هەڵبژاردن، میدیا لەژێر بەرپرسیارێتی زیاتردایە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خۆی.
بەكورتی هیچ كام لە سیاسەت و میدیای ئەم شوێنە كۆنتڕۆڵكراو نییە و ئەمەش وایكردووە كە هەردووكیان بخاتە شوێنێكی زەحمەتەوە بۆ ریككردنی كاری خۆی.
بەڵام پێموایە كە ئەگەر نیازێكی باش هەبێت، نیازێك كە هەوڵبدات كەشوهەوای میدیا بكاتە كەشوهەوایەكی تەندروست، دەبێ هەردوولا پەیڕەوی ئەو خاڵانە بكەن:
بۆ میدیاكاران: ئەگەر گومانت لە سەرچاوەكە هەبوو، بەدواداچوونی دیكەی بۆ بكە، ئەگەر هەر دڵنیا نەبوویت، بەكاریمەهێنە.
بۆ سیاسەتمەداران: ئەگەر سەردێڕەكان هیچ مانایەكیان نەبەخشی و بو زێدەفرۆشی خۆیان بوو، گوێی مەدەرێ، ئەوان دەیانەوێ تۆ هەڵوێست وەربگری. ئەگەر پێویستیشی كرد كاردانەوەت هەبێت، كاردانەوەی راستەوخۆت هەبێت و بۆ بڵاوكراوەكە بنووسە. مەبەست لەمەش راستكردنەوەی نووسینەكەیە و باشتركردنیانە، ئەگەر وەڵامیشیان نەبوو، تۆش پشتگوێیان بخە.
بۆ خەڵك: ئەگەر سەردێڕەكە هیچ مانای نەبەخشی، رۆژنامەكە هەڵبگرە و یەك، دوو دێری یەكەمی بخوێنەوە و ئەگەر بڕوات پێنەكرد، رۆژنامەكە دابنێوە و مەیكڕە و هەتا هەوڵیشبدە وایلیبكەیت نەفرۆشرێت و بەهیچ شێوەیەكیش لەنێو هاوڕێكانت باسی مەكە!
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق