بەردەوام ئەو پرسیارە گرنگانە دەكرێن دەربارەی هۆكارەكانی ئاڵۆزبوونی بارودۆخی وڵاتەكە و پێشنەكەوتنی لەزۆربەی بوارەكاندا.
دوای حەوت ساڵیش، ئەو خزمەتگوزارییە گشتییانەی كە هاووڵاتیان پێویستییانە، هێشتا زۆری ماوە بگاتە ئاستێكی شیاو، بەتایبەتی لە نێوەڕاست و باشووری عێراق.
فڕۆكەخانەی بەغدا نموونەیەكی زەقە بۆ خراپی بواری خزمەتگوزاری گشتی عێراقی نوێ. لە هەر بوارێكی خزمەتگوزاری دیكە، دەتوانی پاساوی تیرۆریزم و باری ئەمنی بەكاربێنی. بەڵام فڕۆكەخانە هێشتا یەكێكە لە ناوچە پڕ پاسەوانەكان و مامەڵەی لەگەڵ فڕۆكەخانەكانی وڵاتانی ناوچەكە هەیە و نەخشەی گەشتەكانیشی تا رادەیەك راستن، كەچی گەیشتن و رۆیشتن بۆ بەغدا لەكاتی خۆیدا كارێكی دەگمەنە.
هەموو بوارەكانی دیكەی خزمەتگوزاری ئەوەندە لەچیرۆكی فڕۆكەخانە باشتر نین.
هەموو بوارەكانی وەك تەندروستی، ئاوی پاك، ئاوەڕۆ و هتد.. ئەمانە هەموویان نیگەرانییەكانی ئەمڕۆی هاووڵاتیانی ئاسایین، بەڵام لەڕاستیدا كەس خەتابار ناكرێت و كەسیش بەرپرسیارێتی ئەو كەمتەرخەمییانە هەڵناگرێت.
ئەمەش تەنیا لەنێوەڕاست و باشوور نییە، بەڵكو لەكوردستانیش بەدیدەكرێت، هەرچەندە بارودۆخەكە لەڕووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەرەو باشی دەڕوات، بەڵام هێشتا لەئاستی پێویستدا نییە.
هێشتا گەندەڵی گەورەترین كێشەیە و بەردەوامە لە خواردنی لەشی دەوڵەت و ئەم دیاردەیەش لە كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراقیش بەدیدەكرێت.
بۆ كورتكردنەوەی چیرۆكەكە، زۆرینەی بوارەكانی خزمەتگوزاری گشتی عێراق ناتەواون و گەندەڵی تێدایە، هەر لەبەرئەوەشە كە زۆرینەی بوارەكانی ژیانی رۆژانە پێشكەوتنی بەخۆوە نەبینیووە.
ئەوانەی لەبواری خزمەتگوزاری گشتیدا كار دەكەن پێناچێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، لەبەرئەوەی زۆربەی كات پۆستەكان لەسەر بنەمای سیاسی،نەتەوەیی، تایفەگەری و پارتیزانی دیاریدەكرێن.
زۆربەی كات بنبڕكردنی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكی باشتر، بە حوكمی یاسا یا بە حوكمی مرۆڤ ئەنجامدەدرێت.
توێژەرانی سیاسی بەم شێوەیە ئەو دوو سیستەمە پێناسە دەكەن: بەڕێوەبردنی هەر سیستەمێك لەلایەن مرۆڤەوە، مانای وایە كە مرۆڤ رێگای ئەو وڵاتە دیاریدەكات و تێیدا زۆربەی كات هاووڵاتیان لەو مرۆڤە دەترسن و هەندێجاریش خۆشیاندەویت.
سیستەمی حوكمی یاسا بەتەواوی پێچەوانەیە. لە سیستەمی حوكمی یاسا زۆربەی كات دەوڵەت چەند رێنماییەك دیاریدەكات و پەیڕەوی دەكەن كە زۆربەی كاتەكان دەستوور خاڵەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دیاریدەكات.
لەگەڵ ئەوەی دەستووری عێراق گەرەنتی بەهێز دەداتە ئەوەی كە یاسا باڵادەست بێت، بەڵام لەڕاستیدا لەزۆربەی بەشەكانی عێراق بەتەواوی كاری پێ ناكرێت.
لەبارەی دەسەڵاتی مرۆڤیشەوە، پێدەچێت عێراق لەدەسەڵاتی مرۆڤێكی بەهێزەوە گواسترابێتەوە بۆ دەسەڵاتی چەندین مرۆڤ لەچەند شوێنێكی جیاوازی وڵاتەكە و وادیاریشە كە كەسیان خەمی ئەوەیان نییە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنچینەیەكی پتەو بنیات بنێن.
بەكورتی لەبەغدا پێدەچێت هیچ سیستەمێكیان نەبێت، بۆیە گەندەڵی زۆرە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریش خراپە.
لە كوردستانیش پێدەچێت بەشێكی هەردوو سیستەمەكە هەبێت، بۆیە خزمەتگوزاری باشترە، بەڵام گەندەڵی قوڵترە.
توێژەرانی سیاسی پێیانوایە كە بوونی سیستەمی حوكمی مرۆڤ جا ئەو دەسەڵاتە تاك بێت یاخود كۆمەڵ، داهاتوویەكی تاریكی دەبێت.
لەگەڵ ئەوەی رەنگە حوكمی مرۆڤ بۆ بارودۆخی عێراق و كورد پێویست بێت، بەڵام ئازادی و خاوەندارێتی بەرگری لێناكرێت لەژێر سیستەمێكی لەوجۆرە و دواجار وڵاتەكە لەژێر دەسەڵاتی زوڵمداری دەچەوسێنرێتەوە.
لەبەرئەوە ئەگەر هەر كەسێك دەیەوێت یارمەتی خەڵكی عێراق بدات و لەو قەیرانەی ئێستا قووتاری بكات و ستانداردی ژیانی خەڵكەكەی پێشبخات، پێویستە چەسپاندنی حوكمی یاسا خاڵی دەستپێكی بێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق