الأحد، 13 فبراير 2011

لەگەڵ رووخانی رژێمەكان، داهاتوو چۆن دەبێت؟

رووخاندنی قارەمانانەی رژێمەكانی میسر و تونس، هانی خەڵكێكی زۆری فەیسبووكستان و تویتەرستان دەدات كە ئەوانیش رژێمەكانیان بگۆڕن (هەفتەی رابردوو باسم لە وڵاتانی نوێی فەیسبووكستان و تویتەرستان كرد).
بەڵام ئەركە راستەقینەكەی ئەو شۆڕشگێڕە نوێیانە لەئێستاوە دەستپێدەكات. قۆناغی گواستنەوەی ئێستا هەلێكیان پێدەبەخشێ كە ئەو شوڕشە بەرەو قۆناغێكی دیكە بەرن، یاخود بگەڕێنەوە دۆخی جاران.

لە ماوەی گواستنەوەی دەسەڵات، خەڵكی ئەو ناوچانەی كە تازە دیموكراسی تێدا سەرهەڵدەدا، پێویستیان بە پێشەوا دەبێ كە روانگەیەكی روونی هەبێت و هەستێكی یەكگرتوو بۆ خەڵك بۆ داهاتوو دروست بكات. پێویستیان بە حكومەتێكی بەهێز دەبێ كە هەندێكجار رێگە لە كاری نایاسایی بگرێت و یەكگرتووش بێ، تاوەكو بتوانێ حكوم بكات.
چەندین خۆپیشاندان جیهانی عەرەبی گرتووەتەوە و زۆربەشیان داوای گۆڕینی رژێمەكانیان دەكەن، وهیوادارم كە بیانگۆڕن، بەڵام ئەم داواكارییە عێراقی نەگرتووەتەوە.
بارودۆخەكەی میسر و تونس زۆر لە رۆژانی ساڵی 2003ی عێراق دەچێ . رژێمەكە گۆڕا، خەڵكەكە سەركردایەتییەكی یەكگرتوویان نەبوو، هەربۆیە ئەوان هەستێكی هاوبەشیان نەبوو بۆ داهاتوو.
ئەمەش بەرەبەرە هەستی خاوەندارێتی وڵاتی‌ لەلای خەڵكەكەدا لەنێوبرد و ئەمەش فاكتەرێكی گرنگ بوو بۆ فراوانبوونی دیاردەی گەندەڵی بە هەموو جۆرە‌كانییەوە. فاكتەرەكانی دیكەی عێراق بریتی بوون لە لاوازی حكومەت كە هێزی لێپرسینەوەی نەبوو، هەروەها هێزی پارتەكانیش زاڵبوون بەسەر هێزەكانی دیكە و لەدەرئەنجامیشدا سیستەمی بەش بەشانێی تایفی و سیاسی پەیڕەوكرا بۆدابەشكردنی دەسەڵات.
نەبوونی سەركردە یاخود روانگەیەكی هاوبەش بۆ شۆڕشەكانیان، ئەگەری زیادبوونی رێژەی گەندەڵی و لاوازی دەوڵەتیش زیاد دەكات بۆ میسرییەكان و تونسییەكان.
لەعێراق و هەرێمی كوردستان، گەندەڵی دارایی و سیاسی نەخۆشییەكی شێرپەنچەییە كە بووەتە هۆی خواردنی لەشی دەوڵەت. هەر لەبەرئەمەشە كە خۆپیشاندەرەكانی ئەو وڵاتە هێشتا داوای گۆڕینی رژێم ناكەن. خۆپیشاندانەكان دژی گەندەڵی و بەرپرسی گەندەڵە.
ئەوان داوای خزمەتگوزارییە بنەڕەتی و مافە سەرەتاییەكانیان دەكەن.
ئەگەر داواكارییەكانیشیان جێبەجێنەكران، ئەوا ئەوانیش دەڵێن كە رژێمی گۆڕدراوی ئێستا ناتوانێ كارەكانیان بەجێبگەیێنێ و پێویستە بڕوات.
بەپێی ئەزموونی عێراق، سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكەی ئەو وڵاتانەی تازە دیموكراسیان لێبەدیدەكرێ، وەكو میسر و تونس بەم شێوەیە دەبێ:حكومەتێكی یەكبوونی نیشتمانی پێكدێت هەروەكو ئەو حكومەتەی ئێمە و سیستەمی بەش بەشانێی تایفەگەری و سیاسی پەیڕەودەكرێت بۆ دابەشكردنی دەسەڵات. ئەمەش رێگە خۆشدەكات بۆ دروستبوونی بەرپرسانێك كە لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەكرێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی گەندەڵی و كردنەوەی دەرگای دەستتێوەردانی دەرەكی، ئەمانەش هەموویان فاكتەرن بۆ لاوازكردنی دەوڵەتە نوێیەكە.
ئێستا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دووڕیانێكی نادیاردایە. پێشبڕكێی نێوان ئەو وڵاتانە لەسەر ئەوە دەبێ كە كامیان دەتوانن رێگەیەكی نوێ بۆ دیموكراسی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بدۆزنەوە.
عێراقی نوێ و هەرێمە كوردییەكەی مێژوویەكی پڕ لەشكستی هەیە بەرامبەر بەڕەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەكانی گەندەڵی، بەڵام هێشتا زۆر درەنگ نییە بۆ سوود وەرگرتن لەشكستی رابردوو و دەستكردن بە هەڵمەتێكی نوێی دژە گەندەڵی كە هەموو لایەك بگرێتەوە و خەڵكەكە پشتگیری بكات.
بەنەبوونی ئەم ئەگەرەش، خەڵكی میسر و تونس، بەمزوانە وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، ئەزموونەكەی عێراقیان لەبەردەمە تاوەكو پەندی لێوەربگرن و هەڵەكانی دووبارە نەكەنەوە.
ئەگینا لەچەند ساڵێكی داهاتوودا، لە وڵاتێكدا خۆیان دەبیننەوە كە سیاسەتەكەی ئیفلیجە، گەندەڵییەكی زۆری تێدایە، حكومەتەكەیان هەڵبژێردراوە، بەڵام نابەرپرسیارە و لەلایەن زۆرینەیەكی دۆگما و بیر تەسكی دەنگ بەرز بەڕێوە دەچێ و عەلمانییە میانڕەوەكانیش كەمینە دەبن كە داوای مافی بنەڕەتی و ئازادییەكانی تاك دەكەن لە ساحەی تەحریر.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق