لەوەتەی سەرۆكایەتی و حكوومەت و پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆنە نوێیەكەمان دەستی بەكاركردووە، خەڵكی كوردستان زۆربەی كاتەكان سەرقاڵی قەیران لەدوای قەیرانی نێوان ئەو دوو لایەنە بوون.
زۆربەی كاتەكان قەیرانەكە ئەوكاتە گەورەتر دەبێ كاتێك ئۆپۆزیسیۆن هێرشدەكات یاخود وا تەفسیر دەكرێت كە هێرش دەكاتە سەر “بەها بنەڕەتییەكانی” خەڵك و مێژووی كوردستان و لەبەرئەمەش هەڵوێستێكی تووندی حكومەت و پارتە دەسەڵاتدارەكانی لێدەكەوێتەوە.زۆربەی كات، هەڵوێستەكە لەدوای هەڵمەتێكی درێژی ئۆپۆزیسیۆن لەدژی دەسەڵات دێت، دەربارەی ئەو مەسەلانەی كە حكومەت ناتوانێ بەرگریان لێبكات كە ئەوانەش بریتین لە خراپی ئاستی خزمەتگوزاری گشتی، گەندەڵی، پاوەنخوازی و ریفۆرمی سیاسی.
هەموو كاتێك قەیرانێك دروستدەبێ، كردار و هەڵوێستی هەردوولا گەورەتر دەكرێت لەوەی لەڕاستیدا پێویستییەتی، شەخسیتر و تووندترە لەوەی پێویستە، دەرئەنجامەكەشی ئەوەیە كە زۆربەی كاتەكان ئەو بڕیارانەی دەدرێن دوورن لە واقیع، دوورن لە بڕیارێكی گونجاوی سیاسی یان هۆكارێكی پڕاكتیكی.
یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی ئەم پەیوەندییە ناتەندروستەی نێوان حكومەت و ئۆپۆزیسیۆن، ئەو پچڕانی پەیوەندییەی نێوان پارتە دەسەڵاتدارەكان و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكانە و ئەمەش لەدەرئەنجامی جیابوونەوەی ناوچەیی لایەنگرانی پارتە سیاسییەكان و ئۆپۆزیسیۆنەكانە.
لێكدابڕانی نێوان سەركردایەتییەكانی حكومەت و ئۆپۆزیسیۆن فاكتەرێكی گرنگە لەوەی كە كەشوهەواێكی لەبار دروستنەبووە لەنێوان لایەنەكاندا.
لەدەوڵەتی دیموكراسیدا یان لە ناوچەیەك كە تازە دیموكراسی سەریهەڵداوە، بەدەگمەن دەبیستین كە سەركردەی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن كۆنابنەوە، كاتێك باسەكە دەچێتە سەر مەسەلەكانی ئاسایشی نیشتمانی وەك هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حكومەت.
فاكتەرێكی دیكە لەم كێشەیەدا ئەو دابەشكردنە جۆگرافیەی دەسەڵاتە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن و پارتە دەسەڵاتدارەكان كە بەهیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی واقیعی سیاسی هەرێمی كوردستان ناكات.
پارتی كە هاوبەشی گەورە لە هاوپەیمانی دەسەڵاتدا، لە دوو پارێزگا زۆرینەیە و گۆڕانیش لە پارێزگای سێیەم زۆرینەیە. یەكێتیش كە لەهەڵبژاردنەكاندا لەشارەكانی هەولێر و سلێمانی دووەم بوو، سەرۆكایەتی حكومەت دەكات.
ئەم هاوكێشە سەیرە بۆشایی لەنێوان پارتە سیاسییەكان و لەنێوان لایەنگرەكانیشیان دروستكردووە.
پێكهاتەیەكیشی دروستكردووە كە لە دوو پارێزگا دەسەڵاتێكی بەهێز هەیە و لە پارێزگای سێیەمیش ئۆپۆزیسیۆنێكی دەنگ بەرز. كاتێك بەنێو شەقامەكانی سلێمانیدا پیاسە دەكەی، كەسێك ئەو هەستەی نییە كە پارتی كۆنتڕۆڵی هەرێمی كوردستان دەكات، لەهەمانكاتیشدا بوونێكی كەمی گۆڕانی ئۆپۆزسیۆن لە هەولێر و دهۆك دەبینی.
بارودۆخێكی بەم شێوەیە، ناكۆكییەكان گەورەتر دەكات و پارتەكان زیاتر لەیەك دووردەخاتەوە، ئەمەش بەڕوونی لە هەموو قەیرانێكدا كە سەرهەڵدەدات، بەدیدەكرێت.
هۆكارێكی گرنگی دیكە ئەوەیە كە حكومەتی باش، ئۆپۆزیسیۆنی باش بەرهەمدێنێ و بەپێچەوانەوەشەوە.
چەندین مەسەلەی گرنگ هەیە كە (سەرۆكایەتی و ئەنجوومەنی وەزیران) نەیانتوانیوە چارەسەری بكەن. رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاوەنخوازی، چاكسازی سیاسی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری گشتی، ئەم مەسەلانەش هەمووی هەتا ئێستا بەجیدی وەرنەگیراون، هەرچەندە زۆر قسەی لەسەر دەكرێت، بەڵام كاری كەمی بەپراكتیكی لەسەركراوە.
شتێكی سروشتییە كە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەكان رەخنە لە دەسەڵات بگرن لەسەر ئەم خاڵانە و تەنانەت ئەگەر هەنگاوی جیدی بهاویژرێن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، حكومەت دەتوانێ وەڵامی رەخنەكانی گۆڕان بەشێوەیەكی گونجاو بداتەوە. لەبەرامبەریشدا گۆڕان ناچاردەبێ زیاتر پەنا بۆ رەخنەی بنیاتنەر بەرێت.
ئەمەش رێگە خۆشدەكات بۆ دابەشكردنێكی گونجاوتری دەسەڵات وئۆپۆزیسیۆن و دروستبوونی دایالۆگێكی راستەقینە و بنیاتنەر لەنێوان هەردوولادا.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق