الاثنين، 7 فبراير 2011

دەسەڵاتی پێنجەم: فەیسبووكستان، تویتەرستان‌ و ویكیلیكستان

بۆ ئەوانەی نەیانزانی چی لە میسر و تونس روویدا، ئەمە چیرۆكەكەیە بە كورتی. حكوومەتێكیان هە‌بوو لەلایەن گرووپێكی پچووك بەڕێوەدەبرا كە زۆر دەوڵەمەندن و گەندەڵ و نا شەفاف و توندوتیژن و نوێنەرایەتی خەڵكەكەشیان ناكەن. لەبەرامبەریشدا هاووڵاتیان هەژار و كەمدەرامەت و لە مافە بنچینەییەكانیان بێبەشكراون و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانیان پێشكەش ناكرێت و لە هەمووشی گرنگتر بێ ئاگابوون لەوەی كە چی روودەدات لەدەووروبەریان و لە جیهاندا.
ئەم شێوازەش زۆر لەباربوو بۆ دەسەڵات، هەتا ئەوكاتەی توخمێكی نوێ سەریهەڵدا، ئەویش ئینتەرنێت بوو، بەمەش هاووڵاتیانی بە جیهانەوە بەستەوەو، وایكرد كە بەهاكانی حوكمڕانی و مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ببنە بەهای جیهانی كە سازشیان لەسەر ناكرێت.
ئەمڕۆ شتێك نییە بەناوی حكومەتێكی نیمچە گەندەڵ یاخود بەرپرسێكی نیمچە گەندەڵ. یان گەندەڵن یان گەندەڵ نین. شەفافن یان شەفاف نین.
لەدەرئەنجامیشدا، ئەو بۆشاییەی دابینكردنی زانیاری بۆ خەلك كە هەیە، زۆربەی كاتەكان لەلایەن حكومەتەكانەوە دروستدەكرێت، زەقتر دەبێتەوە و ئەگەر دەسەڵاتداران ئەو بۆشاییە پڕنەكەنەوە، ئەوا كەسانی دیكە هەن پڕیبكەنەوە.
ئەمەش لە كەناڵی وەك ئەلجەزیرەوە دەست پێدەكات كە مەرامی بەهێزی خۆی هەیە تاوەكو هاووڵاتییەكی ئاسایی كە زانیارییەكانی تەواو نین.
ئەم راستییەی ئێستا هاووڵاتیانی جیهان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و زەمینەیەكی زانیاری تازەی دروستكردووە، كە هاووڵاتییەكی جیهانگیری دروستكردووە. هاووڵاتیەك كە هوشیارە و دەزانێ چی پێویستە.
هاووڵاتییەك كە ناترسێ شەڕ بۆ مافی ژیان بەسەربەرزی و سەقامگیری و ئازادی بكات. هاووڵاتییەك كە لێبووردەیی نییە بەرامبەر حكومەتێكی خراپ.
ئەم رەوشەی ئێستا وامان لێدەكات كە هەموومان هەست بەوە بكەین كە لەیەك وڵاتدا دەژین. ئەو وڵاتەش ناوی فەیسبووكستانە، یان تویتەرستانە یاخود لەوەش باشتر ویكیلیكستان. ئەم وڵاتە نوێیە بەهاكانی حوكمڕانی و هاووڵاتیبوونی لەسەرانسەری جیهاندا یەكخستووە.
هاووڵاتیانی جیهانگیری ئەم وڵاتە ئێستاكە هەموویان یەك روانگەیان بەرامبەر حكومەت هەیە، هەمان شتی لێ چاوەڕواندەكەن و لەهەمانكاتیشدا هەموویان زانیاری دەربارەی پێشكەوتنی ژیانیان بەیەكتری دەدەن.
ئەم راستییەی ئێستای ژیان گوشارێكی زۆر دەخاتە سەر حكومەتەكان كە بەرزترین ستانداردی حوكمڕانی پێشكەش بكات، ئەو ستانداردەی لەلایەن هەموومانەوە لەڕێگەی فەیسبووك ، تویتەر و ویكیلیكس داڕێژراوە. ستانداردێكە كە بەهیچ شێوەیەك، كەموكورتی قبوڵ ناكات، لەبەرئەوەی چیتر‌ ناتوانرێ هیچ بشاردرێتەوە.
هاووڵاتیان ئەم راستییەی ئێستایان دروستكرد و كاتێكی باشیشیان لەبەردەمدا بوو بۆ تێگەیشتن و بەكارهێنانی. ئەو راستییەی ئێستا جیاوازی ئاواتی خەڵكی سەرانسەری جیهاندا كەمكردەوە. هەروەها ئەو جیاوازییەشی نەهێشت كە لەنێوان حكومەتەكان و لەنێوان ستانداردی حوكمڕانیان هەبوو.
ئەو ئەركەی ئێستاكەش لەبەردەم حكومەتەكاندایە ئەوەیە كە خۆی بگونجێنێ لەگەڵ ئەم رەوشە تازەیە كە پێویستی بە ئاستێكی تێگەیشتنی بەرز و هەڵسوكەوتكردنی بەرزتر هەیە لە دەسەڵاتدا. بەپێچەوانەی رابردووەوە، دەسەڵات چیتر ناتوانێ لەپشت مێژوو یان پاشماوەی شۆڕش و مەترسی دەرەكییەوە خۆی بشارێتەوە.
سوپاس بۆ ئینتەرنێت و ماڵپەڕەكانی فەیسبووك و تویتەر و ویكیلیكس، هاووڵاتیان بەئاگان لە مەترسییەكان و لەزۆربەی حاڵەتەكانیشدا دەتوانن بزانن چی مەترسیدارە وچی مەترسیدار نییە.
بەم پێوەرەش، بەرپرسی گەندەڵ، هەر گەندەڵە، جا ئەو بەرپرسە لە رابردوودا پاڵەوانی شەڕ بووبێت یان نا، شۆڕشگێڕ بووبێت یان نا‌، خەڵكەكە چاوەڕێی لێدەكات كە ئەو كارە بكات كە پێی سپێردراوە.
لەئەنجامدا، هەواڵە خۆشەكە بۆ هاووڵاتیان ئەوەیە كە چیتر گەڕانەوە بۆ رابردوو نییە‌. تا مۆبایل و كۆمپیوتەرەكان پەیوەندیان هەبێت ژیان بەرەو باشتر دەڕوات.
هەواڵە ناخۆشەكەش بۆ حكومەتی گەندەڵ ئەوەیە كە ژیان بۆ هەتا هەتایە گۆڕا. ئەوانەی كە پۆستی حكومەت بە هەنگاوێك دەبینن بۆ گەیشتن بە دەستكەوتی شەخسی، وردە وردە بۆیان دەردەكەوێت كە ئەوە ناهێنێ و پێویستە بەدوای كاری دیكەدا بگەڕێن.
بەها جیهانییەكەی حوكمڕانی باش ، شەفافیەت ، مافەكانی مرۆڤ و ئازادی بەمزووانە دەبێتە كۆدی كارپێكردنی هەموو حكومەتێك كە دەیەوێ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق