الأحد، 17 يوليو 2011

ئێران یان ئەمریكا

ئەو باسەی ئێستا سەبارەت بە داهاتووی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ئەو شێوازەی پێی بەڕێوەدەچێت، نموونەیەكی زەقە بەوەی كە بلۆكە سیاسییەكان چەند دوورن لە واقیع و چەند بێ توانان لە بینینی مەترسییەكان و هەڵسوكەوتكردن بەشێوەیەكی گونجاو لەبەرژەوەندی وڵاتەكەیاندا.
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بووەتە خاڵی ناكۆكی لەنێوان بلۆكە سیاسیەكانی عێراق و لەگەڵ ناكۆكییە نێوخۆییەكانی دیكە، ئێستاكە بووەتە مەسەلەیەكی دیكە بۆ خاڵگرتن لە یەكتری.

لەكاتێكدا كە رۆژ لەدوای رۆژ روونتر دەبێتەوە كە عێراق لە توانایدا نییە بەرگری لە سنوورەكانی خۆی بكات و بەرگری لە مەترسییە دەرەكی و نێوخۆییەكان بكات، كەچی بلۆكە سیاسییەكان هێشتا موناقەشەی ئەوە دەكەن كە ئاخۆ هێزەكانی ئەمریكا پێویستن یان نا.
دەیبینین كە لێكدابڕانێكی ئاشكرا هەیە لەنێوان واقیعی پێداویستی وڵاتەكە و چی بكرێت لەڕووی سیاسییەوە یان پڕۆفیشنەڵییەوە.
ئەگەر تەماشای ئاسایشی وڵاتەكە لە باكوورەوە هەتاوەكو باشوور بكەین، روون و ئاشكرایە كە عێراق زۆری ماوە تاوەكو بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ وەك وڵاتێكی بەهێز. سەرجەم دراوسێیەكانی هێشتا مەترسیدارن بۆ سەر وڵاتەكە.
هێشتا ئێران خەریكی تۆپبارانكردنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستانە، بوونێكی پتەوی لە نێوەڕاست و باشووری عێراق هەیە لە رێگەی دارودەستەكانیەوەو هێشتا یەكلاكەرەوەی زۆربەی بڕیارەكانی وڵاتەكەیە و چاوەڕێی ئەو رۆژە دەكات كە ئەمریكا دەكشێتەوە.
پێكدادانەكانی ئەمدوایەی نێوان PKK و توركیا، نموونەیەكی زیندووە كە بارودۆخی سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان چەند ناسكە و لە دەرئەنجامیشدا كاریگەری دەكاتە سەر بارودۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
هەروەها رووداوەكانی سووریا و نادیاری داهاتووی ئەو وڵاتەش، بووەتە سەرچاوەیەكی دیكەی ناسەقامگیری بۆ عێراق، بەتایبەتی لەوكاتەی زۆربەی خۆكوژەكان لەوێوە دێن و حیزبی بەعس لەوێوە خەریكی كارەكانییەتی دژی عێراق.
بە تەماشاكردنی نەخشەی جوگرافی و لێكدانەوەی مەترسییەكان، بە ئاسانی دەتوانی ئەوە ببینی كە عێراق پێویستی بە هاوكاریە و ئەوەندە ئەلتەرناتیڤیشی لەبەردەمدا نین.
بە بەلاوەنانی دروشم و لێدوانەكان، عێراق دوو رێگەی لەبەردەمدایە، ئەمریكا یان ئێران.
بەرژەوەندی ئێران لە عێراق زۆر روونن و لە رابردووشدا سەلمێنراون. هەروەها ئەوان توانیویانە كۆمەڵگەی عێراق بكەن بە سێ بەشەوە، هەندێك رقی لە ئێرانە، هەندێكی هیچ كێشەیان لەگەڵ نییە و هەندێكیشی لەگەڵیانن. هەروەها ئەگەر ئێران بۆشایی ئاسایشی عێراق پڕبكاتەوە، دەزگا هەواڵگری و ئاسایشەكەی ئەمڕۆكە كە خۆیان حەشارداوە، ئەوانیش دێن سواری شەپۆلەكە دەبن و كەسیش ناتوانێ رێگریان لێ بكات. دواتریش وڵاتەكە دەبێتە گۆڕەپانی شەڕی شیعە و سوننە لە ناوچەكەدا.
لەلایەكەی دیكەوە، ئەگەر ئەمریكا بمێنێتەوە، بە پرۆسەیەكی بەرچاو و شەفاف دەبێت. ئەو دەزگایانەی كە دەمێننەوە لەگەڵ سوپاكەدا بەرپرسیار دەبن، سەرەڕای ناخۆشیەكانی رابردوو، ئەوان دەڵێن كە ئامانجیان ئەوەیە یارمەتی وڵاتەكە بدەن تاوەكو بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ عێراقییەكان كە سوود لەو بەڵێنانە وەربگرن كە ئەمریكا دەیدات و ئەو هەوڵانە بقۆزێتەوە تاوەكو باسی پێداویستییەكانی عێراق بكات و وڵاتێك دروستبكەن كە ئازاد و ئارام و خۆشگوزەران بێت. ئەگینا بەبێ روانگەیەكی روون و یەكگرتوو، عێراق دەبێتە گۆڕەپانی شەڕی بێ كۆتایی ئەمریكا و ئێران.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق