الاثنين، 4 يوليو 2011

ئەگەر عێراق شكستی هێنا؟

لێدوانەكانی ئوسامە نوجێفی لەبارەی ئەگەری پێكهێنانی هەرێمێك لەناوچەكانی نێوەڕاستی عێراق، ئەو پرسیارەی ورووژاند كە هەمووان دەیانەوێ خۆیانی لێ لابدەن: ئەگەر عێراق شكستی هێنا چی؟ ئەمە پرسیارێكی راستەقینەیە كە پێناچێ كەس وەڵامی لەلابێ، بەڵام پێویستی بەبیرلێكردنەوەی جددیشە، چونكە هەموو ئاماژەكان وانیشاندەدەن كە عێراق بەرەو شكست ملدەنێ، بەتایبەتیش وەك دەوڵەتێك كە نەیارانی لێدوانەكەی نوجێفی وێنای دەكەن.
هۆكارە سەرەكییەكەش بۆ خۆبواردن لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، ئەو باوەڕە چەسپیوەیە لای عەرەبی شیعە كە حوكمڕانی لە عێراق بۆ هەتاهەتایە گۆڕا و ئەو باوەڕەشە لای عەرەبی سوننە كە پێیوایە ئەم دۆخە تا هەتایە درێژە ناكێشێ، بەڵام راستییەكە لەنێوانی ئەم دووەدایە.
لانیكەمیش، سیاسەت لەعێراقدا لەسەر بنەمای ئەم دوو باوەڕە بەڕێوەدەچێ و هەر لەم روانگەیەوە شەریكەكان مامەڵە لەگەڵ یەكدی دەكەن چ لە حوكمڕانی و چ لەپرۆسەی سیاسیدا.
ئەوەی لێرەدا سەرسوڕهێنەرە، ئەوەیە كە هەركە نوجێفی باسی ئەگەری پێكهێنانی هەرێمی كرد، واتە باسی ئەو تەرحە عەقڵانی و واقیعییە بۆ دۆخی ئێستا كە دواتر لێی پاشگەز بووەوە، پاش ئەوەی هەرایەكی گەورەی لەسەر دروستكرا و پەرۆشانی "یەكێتی خاكی عێراق" دەنگیان لێ بەرزكردەوە، وەك ئەوەی یەكێتی و سەلامەتی خاكی عێراق بووبێتە شتێكی گرنگتر لە ژیان و ئاسایش و سەلامەتی و كەرامەت و خۆشگوزەرانی دانیشتووانی.
لەوەش سەیرتر ئەوەبوو پەرۆشانی "یەكێتی و سەلامەتی خاكی عێراق" ئەو بەردی بناغەیەیان لەبیركرد كە گرەنتی یەكێتی و سەلامەتی دەكات. ئەو بەردە دەستوورە كە زۆرینەی عێراقییەكان دەنگیان بۆ داوەو دەبێ بەردی بناغە بێت بۆ رێكخستنی پەیوەندی عێراقییەكان بە نیشتمان و حوكمڕانەكانیانەوە. پەیوەندییەك كە بنچینەكەی گرەنتیكردنی ژیان و ئاسایش و سەلامەتی و كەرامەت و خۆشگوزەرانی تاكی عێراقییە. ئەم پەیوەندییە خاڵی جیاكەرەوەی عێراقی نوێیە لە عێراقی كۆن.
بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ عێراقییەكان دەیبینن جۆرێكە لە گەڕانەوە بۆ ئەو رابردووەی كە عێراق یەكەم و سەركردە دووەم و حیزب سێیەم و حكومەت چوارەم و و و و عێراقی دەیەم بوو. ئەو لێدوانە جۆراوجۆرانەی پاش پێشنیازە واقیعییەكەی بەڕێز نوجێفی دران، تاكی عێراقییان هەر بەتەواوی وەلانا كە گوایە عێراقی نوێی بۆ بنیات دەنرێ، كەچی ئێستا بەوشێوەیە جارێكی دەكرێتەوە قوربانی چەمكێكی جێی ناكۆكی، كە لەبنەڕەتەوە چەمكێكی كراوەیە و لەلایەن دەسەڵاتداری بەغداوە لێكدراوەتەوە و ناكۆكی لەسەرە.
بنچینەی ئەم ناكۆكییەش لەبارەی تێگەیشتن لە عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ دۆشدامانی پێكهاتەكانی كە ناچاركراون پێكەوەبژین، هەر ئەمەشە كە لە ئایندەدا دەگۆڕێ بۆ ترسێكی راستەقینە.
ئەوی شیعەیە ترسێكی راستەقینەی هەیە لە دووبارەبوونەوەی رابردوو، هەربۆیە هەوڵدەدات دەوڵەتێك دروستبكات لەژێر كۆنترۆڵی خۆی بێت و میكانیزمی ئەوتۆی بۆ دابنێ كە نەهێڵی رابردوو دووبارە ببێتەوە، رابردووی پەراوێزخستن و وەلانان و لەنێوبردنی. لەم روانگەیەشەوەو بۆئەوەی بتوانێ جڵەوی هەموو شتەكان لەدەستی خۆیدا رابگرێ، دەبێ لاسایی شێوازە كۆنەكان بكاتەوەو بەشێوەیەك كاربكات كە یەكەم عێراق، دووەم سەركردە، سێیەم حیزب و چوارەم حكومەت و.. و....و.. و عێراقیش دەیەم بێت.
هەرچی سوننەیە لە ئایندە تۆقیوەو هەوڵدەدات قەناعەت بەخۆی و ئەوانیدیكەش بێنێ كە ئەم دۆخەی ئێستا شتێكی كاتییەو رۆژێك هەر دەگەڕێتەوە بۆ حوكمڕانیكردنی وڵات لەسەر بنەمای حوكمڕانییەكی بەهێزی مەركەزی لە پایتەختەوە.
پێدەچێ كورد لەنێوان ئەمە و ئەویدیكەدا پانتاییەكی نوێی دەستووری بۆ ژیان لەگەڵ عێراقی نوێ دۆزیبێتەوە كە لەسەر بنەمای پەیوەندییەكی فیدراڵی ناجێگیر لەنێوان هەرێمی كوردستان و پایتەخت راوەستاوە، پایتەختێك كە رۆژ لەدوای رۆژ هۆكارەكانی بەردەوامبوونی وەك پایتەخت بەتێگەیشتنی تەقلیدی لەلاوازی دەدات و عێراقیش وردە وردە لەكۆتاییەكەی نزیكدەبێتەوەو دەبێتە دەوڵەتێك كە تەحەممولی پتر لەیەك پێكهاتە ناكات، بەمشێوەیەش ساتی شكستهێنانی هەروا نزیكتر دەبێتەوە، ئەوكات دەبێ هەمووان وەڵامی گونجاوی ئەم پرسیارەیان پێبێت: ئەی ئەگەر عێراق شكستی هێنا چی؟

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق