الأحد، 24 يوليو 2011

ئێمە و ئەوان!

تاوەكو رۆڵی میدیا لە وڵاتانی دیكە نەبینین، ئەوە لەبیر دەكەین كە تێگەیشتنمان بەرامبەر رۆڵی میدیا و چۆنیەتی كاركردنی لە كۆمەڵگەدا، چەند لە ئاستێكی سەرەتاییدایە.

هەڵسوكەوتی میدیا و دەوڵەت و خەڵك و، چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ یەكتری، هەمیشە چەندین تەحەددا بۆ هەر سێ لایەن دروستدەكات لەهەر وڵاتێك بێت، بەڵام چەند خاڵێكی سەرەتاییان هەیە كە لە زۆربەی سیستەمە دیموكراتییە تەندروستەكاندا لێكدەچن.
نموونەیەكی باش سكانداڵەكەی شاری لەندەنە، كە تایبەتە بە بڵاوكراوەیەكی رۆبەرت مەردۆخ كە گوێیان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی خەڵك گرتووە بۆ راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانیان.
بۆ ئەوانەی ئاگاداری ئەو سكانداڵە نین. رۆژنامەی (نیوز ئۆف زە وۆرڵد) گوێی لە چەندین پەیوەندی تەلەفۆنی هاووڵاتیان گرتووە، بەتایبەتی خەڵكی ناسراو، كاتێكیش ئاشكرابوون، رۆبەرت مەردۆخ راستەوخۆ رۆژنامەكەی داخست و چەندین دەست لەكاركێشانەوە روویاندا و لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی ئەنجامدرا تاوەكو زانیاریان دەستبكەوێ لەبارەی ئەگەری پەیوەندی هەبوون لەنێوان رۆژنامەنووسان و دەسەڵاتداران بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆك وەزیران و پۆلیسی بەریتانی.
ئەگەر تەماشای وردەكاری كەیسەكە بكەین، بەئاشكرا دەبینین كە ئێمە زۆرمان ماوە تاوەكو بگەینە سووچێكی ئەو كولتوورە. تێگەیشتن لە رۆڵی میدیا وەك خزمەتگوزارییەكی سەربەخۆ و بابەتییانە بۆ دابینكردنی زانیاری بۆ هاووڵاتیان، خاڵێكی گرنگە. ئەگەر لەم خاڵەشەوە دەستپێبكەین، ئەوە دەبینین كە پێویستە چوارچێوەیەكی یاسایی هەبێ، تاوەكو رێگە بە رۆژنامەنووسان بدات ئەو زانیاریانەیان دەستبكەوێ كە دەیانەوێت، ئەوانیش بیخەنە بەردەستی هاووڵاتیان.
خاڵێكی گرنگتر پەیوەندی ئاسایی نێوان رۆژنامەنووسان و دەسەڵاتدارانە، پەیوەندییەك لەسەر بنەمای پڕۆفیشناڵی هەردووكیان لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانە. ئەو كەیسە تەنانەت گەیشتە سەرۆك وەزیران كە ئەویش تۆمەتباركراوە بە پەیوەندی هەڵە لەگەڵ بەرپرسانی رۆژنامەكە، لەكاتی هاككردنی تەلەفۆنەكان.
یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین خاڵەكانی ئەو قەیرانە، ئەو شێوازەبوو كە رۆژنامەكانی مەردۆخ رووماڵیان دەكرد، سەرەڕای ئەوەی تایبەت بوو بەوان، كەچی رووماڵكردنەكەیان هەمیشە بابەتیانە و بێلایەنانە بوو.
پەیوەندی دەوڵەت و میدیا و رۆژنامەنووسان لەبارەی ئەو مەسەلەیە، لەچوارچێوەی دوو وشەی گرنگدا بوون، كە ئەوانیش: متمانە و باوەڕپێكراوی، بوون. ئەوەشی زیاتر سەلماند كە حكومەت، یاسا و میدیا بەبێ ئەو دوو چەمكە، ناتوانن لە هیچ شوێنێك كار بكەن.
ئەگەر تەماشای میدیا و حكومەتی خۆمان و پەیوەندی نێوانیان بكەین، بەڕوونی دەبینین، كە كەیسێكی وەك مەردۆخ، لێرە هیچ مانایەك نابەخشێت. ئێمە هیچ یاسایەكمان نییە كە بتوانێ چاودێری مەرجەكانی وەرگرتنی زانیاری بكات، ئێمە هیچ ستانداردێكی هاوبەشمان نییە سەبارەت بە كاری میدیایی. پەیوەندی نێوان حكومەت و میدیا، یان زۆر نزیكە یان یەك گرووپن و یان دژی یەكن. هەمووشی كاریگەری كردووەتە سەر زانیاری بابەتیانە بۆ هاووڵاتیان كە لە ئەنجامدا هەر لە تاریكیدا ماونەتەوە و لە دەرئەنجامیشدا بڕوایان بە زۆربەی ئەو بابەتانە نییە كە لە میدیاكان بڵاودەكرێنەوە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق