الأحد، 19 يونيو 2011

پارتی و گۆڕان؟

ئەو چەقبەستنەی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەت و ئۆپۆزیسیۆن لە بەرژەوەندی هیچ لایەك نییە. هەموو لایەك پێیوایە كە كات لە
بەرژەوەندی ئەواندایە، بەڵام لەڕاستیدا پێناچێ هیچیان لەو ركابەرییەدا سەركەوتن بەدیبێنن. لەكاتێكدا هەندێ هەنگاوی سەرەتایی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هاوێژراون بۆ چاكسازی، ئۆپۆزیسیۆن رەتیاندەكاتەوە و دەڵێ شتی بچووك و گرنگ نین. ئەمەش لەكاتێكدایە كە كۆبوونەوەكانی هەردوولا بەڕێوەدەچن و ئۆپۆزیسیۆن پێیوایە كە تەنیا تاكتیكی كات بەفیڕۆدانە لەلایەن پارتە دەسەڵاتدارەكانەوە و ئەوانیش لە بەرامبەردا بەهیچ شێوەیەك متمانەیان بە ئۆپۆزیسیۆن نییە. ئەمانەش هەموویان لەكاتێكدان كە ئۆپۆزیسیۆن ئاماژە بۆ ئەگەری گەڕانەوەی خەڵك بۆ بەردەركی سەرا دەكات و یەكێتیش دەڵێ ئەو ئەگەرە بۆ هەتا هەتایە كۆتایی هاتووە.
هەموو ئەمانە و فاكتەری دیكەش ئەو بێ متمانەیەیان قووڵتركردووەتەوە كە لەنێوان هەردوولا هەیە، ئەوەش ئەركی هەردوولای زەحمەتتر كردووە كە پەیوەندییەكی ئاسایی حكومەت و ئۆپۆزیسیۆنیان هەبێ، تاوەكو بتوانن پێكەوە كاربكەن، لەجیاتی ئەوەی دژایەتی یەكتری بكەن و هەموو كارێكی یەكتری رەتبكەنەوە.
ئەگەر تەماشای نەخشەی سیاسی هەرێمەكە بكەین، هەموو لایەك دەبینێ كە كلیلی دەربازبوون لەم چەقبەستنە، پەیوەندی نێوان پارتی و گۆڕانە. لەڕابردوودا، كلیلی چارەسەركردنی كێشەكان لە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕاندا بوو، بەڵام لەدوای 17ی شوباتەوە، ململانێیەكان بەرەو ئاقارێكی دیكە رۆیشتن. ململانێیەكان سلێمانی بەجێهێشت و گەیشتنە هەولێر ، بەوەی پارتی تێوەگلا.
لەگەڵ ئەوەی یەكێتی بەتەنیا كۆتایی بەخۆپیشاندانەكانی سلێمانی هێنا، بەڵام پێدەچێ هەموو چاودێرێك تەماشای پەیوەندییەكانی پارتی و گۆڕان بكات. ئەمەش هەردوولا دەخاتە بەردەم دووڕیانی سیاسی سەیر. لەلایەك پارتی بزووتنەوەی گۆڕان وەك گرووپێكی كەرتبووی نێو یەكێتی دەبینێ كە دژی "داشكاندەكانی" یەكێتییە بۆ پارتی، لەبەرئەمەش گۆڕان وەك گرووپێكی دژە پارتی تەماشا دەكرێن، هەربۆیە هەست بە دڵنیایی دەكەن لەگەڵ یەكێتییەكەی ئێستا. لە بەرامبەریشدا گۆڕان دەزانێ كە ئەگەر هەر شتێكی لەداهاتوو دەستبكەوێ، ئەوە پەیوەستە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی، بەڵام ئەوانیش لەناوخۆیان دەڵێن كە پارتی زیاتر لە یەكێتییەوە نزیكە و هەستدەكەن كە پارتی بەشێوەیەكی ناحەق متمانەیان پێناكات و هەمیشەش یەكێتی لەپێش ئەوانەوە دادەنێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە سەركردەكانی هەردوولا، پارتی و گۆڕان، هەمیشە باس لە پەیوەندی رابردوویان دەكەن و بەراووردی لەگەڵ دووری ئەمڕۆیان .
لەبارودۆخی ئەمڕۆدا، هاوپەیمانییەكانی پارتی و گۆڕان بوونەتە هۆی قورسی كردەوەكانیان بۆ چوونە پێشەوە. ئاڵوگۆڕكردنی تۆمەت و درێژەكێشانی ئەو كۆبوونەوانەی كە هیچ دەرئەنجامێكی پراكتیكیان نییە، دەكرێت بەردەوامبێ بۆ هەتا هەتایە ئەگەر هەنگاوی راستەقینە نەهاویژرێ بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و گۆڕان.
بۆ ئەوەی ئەمەش بێتەدی، پێویستە پارتی ئەوە پیشانبدات كە ئامادەیە چاو بە هاوپەیمانێتی و رێككەوتنەكانیدا بخشێنێتەوە و دەرگاشیان واڵایە بۆ بوونی پەیوەندییەكی راستەقینە لەگەڵ گۆڕان. لەبەرامبەریشدا دەبێ گۆڕان ئەوە بسەلمێنێ كە ئەوان گرووپێكی دژی پارتی یان بنەماڵەی بارزانی نین و ئەوە بسەلمێنن كە بەیەك چاو تەماشای پارتی و یەكێتی دەكەن. بێگومان هەردوولا دەبێت ئەوەش رەچاو بكەن كە پەیوەندییە راستەوخۆكەیان لەسەر حیسابی یەكێتی نییە.
 سەرەڕای چەقبەستنەكە، بارودۆخەكە لەبارە بۆ كردنەوەی گرێكوێرەكە، لەبەرئەوەی هیچ لایەنێك ناتوانێ بەمشێوەیەی ئێستای بەردەوامبێ، ئەگینا تەنها مەسەلەی كاتە بۆ ئەوەی قەیرانێكی دیكە رووبكاتەوە هەرێمەكە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق