الأحد، 26 يونيو 2011

دیسانەوە كورد و ئەگەرەكان

لێدوانەكەی ئەم دواییەی كۆسرەت رەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان: كە كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتیان هەبێ، ئەو ساتەی هێنایەوە بیر كە نە كورد، نە دۆست و نە دووژمنەكانی حەزدەكەن رووبەڕوویان ببێتەوە، هەمووشی لەم پرسیارەدا كۆكراوەتەوە: ئەگەر پرۆسەی عێراق سەرنەگرێت، دەبێ كورد چی بكات؟ كاك كۆسرەت ئاماژەی بەو رێگەیەدا كە زۆربەی كورد ئاواتی بۆدەخوازن، ئەویش دەوڵەتە.
لە رابردوودا و بەتایبەتی لەدوای ئازادكردنی عێراق، وتاری سیاسی كوردی سەبارەت بە داهاتووی وەك نەتەوە بە شەرمنی ماوەتەوە یان قسەی لەبارەوە نەكراوە یانیش زۆر دیپلۆماسیانە گوتراوە:"ئێمە مافی خۆمانە دەوڵەتمان هەبێ، بەڵام ئێستاكە گونجاو نییە"، یان "دەوڵەتی كئردی خەونە...".
لەناو دڵیشیاندا دەڵێن و زۆر كەمیش ئاشكرای دەكەن: "ئەگەر پێمان بكرێت، یەك و دووی لێناكەین".
لە بەرامبەریشدا، خەڵك دەڵێ "مافی خۆمانە دەوڵەتمان هەبێ و ئەگەر پێمان بكرێت، یەك و دووی لێناكەین"، بەڵام بەپێچەوانەی سەركردەكان، لەناو دڵیشیان دەڵێن "بەڵام ئێستاكە گونجاو نییە".
بەپێجەوانەی ساڵانی رابردوو، ئەم جیاوازییە لەنێوان خەڵك و سەركردایەتیدا لەلایەك و لەلایەكی دیكەش سەركردەكان لەنێو خۆیاندا كاتێك دەگەنە كاتی ئەو بڕیارانە سەبارەت بەداهاتووی كوردستان رەنگە ئەمجارەیان قەیران دورست بكات، بەتایبەتی كە ئێستا خەڵك پەنا دەباتە بەر شەقام.
ئەگەر دەوڵەتی عێراق تێكچوو، (ئەگەر بەوشێوەیەی كەئێستا دەڕوات، بەردەوامبێ تێكچوون تاكە چارەنووسە كە رووبەڕووی ئەم دەوڵەتە ببێتەوە)، ئەوكاتەش ئەگەرەكانی كورد لە دوو رێگەدا كۆدەبنەوە، یەكێكیان ئەوەیە دەوڵەتێكی سەربەخۆ رابگەیێنن، یاخود ببنە بەشێك لە دەوڵەتێكی دیكە. لەبارەی رێگەی یەكەمەوە، پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە كە كورد، بە سەركردایەتی و خەڵكەكەشییەوە دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن كە ئایا ئەوان دەتوانن وەك دەوڵەت سەركەوتووبن یان نا؟ ئایا ئەوان سەرچاوە مرۆیی، ئابووری و جیۆپۆلەتیكییەكانیان هەیە بۆ بەڕێوەبردن و بەرگریكردن لە دەوڵەت بەو ستانداردەی ئەمڕۆی حكومڕانی و ئازادی و دیموكراسی؟
ئەگەرەكەی دیكەی كورد ئەوەیە كە ببنە بەشێك لە دەوڵەتێكی دیكە، بەڵام بەمەرجی نوێ. ئەو مەرجانەش بریتین لە یەكسانی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی. ئەگەر تەماشای دراوسێیەكانمان بكەین، هەموو لایەك دەتوانێ بە ئاسانی سووریا و ئێران لەو ئەگەرە دەربێنێ. سووریا بۆ ماوەیەكی زۆر ئاڵۆزی تێدا دەبێ و كاتێك شۆڕشەكەی ئێستای سەركەوت، ئەوا پێویستی بە ماوەیەك دەبێ بۆ ئەوەی ببێتەوە بە وڵاتێكی ئارام و خەڵكەكەی یەكسان بژین و خۆش بگوزەرێن.
ئێرانیش، نە ئارامە و نە ئەندامێكی باشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، وەك هاووڵاتی پلە دووش مامەڵە لەگەڵ كورد و كەمینەكانی دیكەی وڵاتەكەی دەكات.
ئەمەش رێگەمان تەنیا لەگەڵ خزمە نوێیە/كۆنەكەمان دەهێڵێتەوە كە توركیایە. لەچاو هەموو دراوسێیەكانمان، توركیا گونجاوترین وڵاتە بۆ كوردستانی عێراق كە ببێتە هاوپەیمان یان شەریك لەگەڵی، بەمەرجێك كە كێشەی كوردی خۆی چارەسەر بكات كە پێدەچێ تاكە سەرچاوەی ناسەقامگیری و نائارامی توركیا بێ. ئەردۆغانی سەرۆك وەزیری بەهێزی توركیا، بەڵێنی زۆریداوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لەنێو توركیادا. ناوبراو چەندین هەنگاوی پۆزەتیڤی بێ هاوشێوەی لەمدیو سنوورەوە لە هەولێر هاویشتووە، ئەمانەش هەموو یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی توركیا خۆی لە فۆبیا كوردییەكەی رزگار بكات.
بەڵام دەبێ هەموو ئەم ئەگەرانە لە كوردستان باسبكرێن و پشتیوانی و تێگەیشتنێكی گشتی بۆ سەرجەم ئەگەرەكان هەبێ. ئەستۆی ئەمەش دەكەوێتە سەر سەركردایەتی سیاسی هەرێمەكە (حكومەت و ئۆپۆزیسیۆن). بەبێ كۆكبوونی خۆیان و لایەنگرانیان لەسەر ئەو ئەگەرانە، كورد هەروەك تەماشاكارێكی بیدەسەڵات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەمێنێتەوە.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق